کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٩ گوڵـــی ژاکاوی نیشتیمان

02:09 - 12 جۆزەردان 2720

ئەم بەیانییە خەونم بینی، گەڕابوومەوە بۆ سەردەمی ڕووتەڵەیی و مێرمنداڵی خۆم، جاڕچی جاڕییان دەدا، شار خرۆشابوو، دار و بەرد و بوونەوەر و مرۆڤ دەگریان، شەقام و بن دیوارەکان بۆنی خوێنی لاوانی کوردیان لێ دەھات . خەونی ئەم بەیانییەم بۆ بەر لە ٣٨ ساڵ لە ناو خۆیدا نغرۆی کردم، بۆ ٥٩ لاوی شارەکەی حەزرەتی پێشەوا دەریای فرمێسکم ھەڵدەڕشتن، ئەوکات نەمدەزانی سێدارە و گوللەباران چین، منیش وێڕای خەڵکی دەگریام و ئاخم ھەڵدەکێشان ! ئەم بەیانییە لە زیندە خەوی خەونی ٣٨ ساڵ لەمەوبەردا بووم، کە جاڕچی سەڵای شەھید بوونی ٥٩ لاوی سابڵاغی یەکەم پێتەختی کۆماریان دەدا ! ٥٩ گوڵ ژاکان، خوێنیان تێکەڵ بە خاکی نیشتیمان کرا، بەڵام بەری داری خوێنی ئەو بەو ٥٩ لاوە شەھیدە، بوو بە بورکانی گڕ و تۆڵە ... لەھێزی بێستووندا بە تۆڵەی ٥٩ گوڵی ھەڵوەریوی شاری پێشەوا، ٥٩ عەمەلیاتی دوژمن تۆقێن ئەنجام درا، ھەر ڕۆژە و ھەواڵی تۆڵەی خوێنی لاوێکی مەھابادیمان دەبیست، ٥٩ چالاکی پێشمەرگانە، تۆڵە بوو بۆ خوێنی ڕژاوی ئەو پەنجا و نۆ لاوەی ئەم نیشتیمانە ! ھەموو ساڵێ لە مانگی جۆزەرداندا خەمی  وەرزی خەزەڵوەری ٥٩ گوڵی ژاکاوی شاری پێشەوا دەمانھەژێنێ، کانیاوی فرمێسکەکانمان دەژینەوە، لە ناخماندا پەیمانی ئەمەگ و وەفاداری بۆ ڕێبازیان  بە ڕواندنی گوڵە شلێرەیەکی  سووری جوانی نیشتمان لە سەر گڵکۆیان نوێ دەکەینەوە .