کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بووکی ئازادیم ئه‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست و پێی

21:24 - 16 جۆزەردان 2720

بووکی ئازادیم ئه‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست و پێی (لە پەنجاوپێنجەمین ساڵوەگەڕی مەرگی شاعیری چەوساوەکاندا)   ئەمساڵ پەنجاوپێنج ساڵ بەسەر مەرگی شاعیری شێعری بەرگری و بەگژداچوونەوە، شاعیری چەوساوەکان، شاعیری ناوداری گەلەکەمان مامۆستا "قانع"ـدا تێ‌دەپەڕێ، بەڵام هەست و بیری کوردانە و ڕێبازی تەژی لە کوردایەتیی قانع پاش ئەم هەمووە ساڵەش هەر لە بڕەو و هەڵکشان‌دایە. قانع لە ساڵی ١٨٩٨ـی زایینی لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە گوندی "دۆڵاش"ـی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوو. دوای چل ڕۆژ لە لەدایکبوونی، باوکی مرد و دواتر دایکیشی لەدەست دا. لەو کاتەوە قانع شوێنێکی دەست نەکەوت کە پشوویەکی تێدا بدا و لێرەوە ژیانی سەخت و دژواری دەستی پێکرد.  لەو کاتەوە ماڵ لەکۆڵ هەر ڕۆژە لە ماڵێک و لە شوێنێک ژیانی پڕ لە نەهامەتیی درێژە پێدا. قانع دوای مەرگی باوکی لای مامەکانی گەورە بوو و دواتر خزمێکی دیکەیان بردیە لای خۆی و ئەرکی بەخێوکردنی لە ئەستۆ گرت. هەر لەوێ  نێردرایە حوجرە و بە زانستی ئایینی پەروەردە کرا و دواتر بە شێخ محەممەدی کوڕی شێخ عەبدولقادر ناوی دەرکرد. قانع لە کات و دەورانێکدا گەورە دەبێ کە زوڵم و زۆری دەرەبەگایەتی لەوپەڕی خۆی‌دایە و هەموو ئەو زوڵم و زۆرەی دەربەگایەتی و دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی ئێران بە چاوی خۆی دەبینێ و هەر لەو کاتەدا هەستی بەرەنگاری و بەگژداچوونەوە لە دەروونیدا چەکەرە دەکا و خۆی و هەست و پێنووسەکەی بەگژ زۆرداراندا دەچنەوە. نووکی تیژی خامەکەی قانع بەگژ تاوانباراندا دەچێتەوە و تاوانەکانیان دەنووسێتەوە، لایەنی چەوساوەکان دەگرێ و بەگژ ناعەداڵەتییدا دەچێتەوە و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە بناغەی دەسەڵاتی دەرەبەگەکان بلەرزێنێ و ئەوانیش هەر ڕۆژە بە جۆرێک ڕادەستی ژاندەرمەیان دەکرد و، بەشێکی ژیانی قانع لە پێناو مافی هەژاراندا لە بەندیخانەکان و لەژێر چەکمەی یاساوڵەکاندا تێ‌پەڕی. قانع بە هەژاری گەورە بوو و تا لە ژیاندا بوو هەر شاعیری هەژارەکان بوو، لەژێر سێبەری دەسەڵاتی پاشایەتییدا دەژیا بەڵام بە هۆی هەستی بەرەنگاری و کوردانەی بەگژ دیکتاتۆرەکاندا چۆتەوە، کوڕە هەژار بوو، سێبەری دەربەگایەتی بەسەر ژیانی خەڵکدا زاڵ بوو بەڵام قانع بەخۆی و قەڵەمێکەوە لەوان ڕاپەڕیوە و دەردی هەژارەکانی بەرجەستە کردوە، شێخزادە بوو و لە حوجرە دەرسی خوێند بەڵام هەست و بیری کوردایەتی هەموو وجوودی داگرتبوو، لە سەردەمی سەرهەڵدانی سۆسیالیزمدا لایەنگری عەداڵەت و بەرابەری بوو بەڵام نەتەوەکەی خۆی لە هەموو نەتەوەیەک زیاتر خۆش دەویست و لە هەر دوو سەنگەری حوجرە و عیلمانییەتدا کوردایەتی شابەیتی شێعرەکانی بوو. قانع نە بۆ نانەزگ، بوو بە نۆکەری ئاغا و، نە بۆ پارە بوو بە شاعیری کۆشکی شاهان و نە هیچ داواکارییەکی شێخ و شا و دەربەگی قبووڵ کرد و هەر لەو کاتەشدا دژبە خائین و سیخوڕ و سیخوڕی بووە. ئەو سەردەم لە یەکێک لە شێعرەکانیدا دەڵێ: "نە بەرتیلخۆر بە نە دۆعانووس بە/ نە نۆکەر ئاغا نەنانەخووس بە/ نە شێتی کچان نە شەیدای لووس بە/ دوژمن بە گیانی جەستەی جاسووس بە". لەو کاتەدا کە شاعیرانی بێگانە لە دەوروبەر ببوونە شاعیری دەربار و بە بەژن و باڵای "شا"کانیان هەڵدەگوت و ئەفسانەیان لێ دروست دەکردن، قانع بە زگی برسییەوە لەگژ زوڵم و زۆری زۆردار ڕادەچۆوە. لە شێعرێکدا لەم بارەوە دەڵێ: "ئەوەی نامووسی بێ نابێ بە نۆکەر/ ئەوەی ئینسافی بێ ناچێتە دیوان/ ئەوەی ویژدانی بێ ناچیتە لای میر/ ئەوەی ڕحمی ببێ ناچێتە لای خان/ چ خۆشە زگ بە برسی پێ بەبێ کەوش/ بە مەرجێ ڕوو نەکاتە شێخ و قوربان/ گەدا بی یاخود پاشا بی هەر ئەمری/ ئیتر کلکەلەقێ بۆچی لە دیوان؟" قانعی شاعیری خاوەن هەست زۆر جاران بە تاوانی قەڵەمە نەترسەکەی و بە تاوانی سەردانەنواندن سەربەرزانە دەچووە بەردەمی دادگا و کونجی زیندانی دەکردە قوتابیخانە و لەوێشدا وانەی خۆڕاگری دەگوتەوە. لە یەکێک لە شێعرەکانیدا کە ئه‌و کاته‌ له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی ده‌گیرێن و پاش چه‌رمه‌سه‌رییه‌کی زۆر ده‌یبه‌ن بۆ تاران و له‌ زیندانی "قه‌‌سر" که‌ یه‌کێک له‌ زیندانه‌ پڕ له‌ تاوانکارییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌وکات و ئێستای حکوومه‌تی ئێرانه‌ زیندانی دەکەن، لەوێ لە بەشێکی شێعرە بە ناوبانگەکەیدا دەنووسێ: " ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی به‌ندیخانه‌یه‌ ئه‌م که‌له‌بچه‌ مه‌رهه‌می زامی دڵی دێوانه‌یه‌ بووکی ئازادیم ئه‌وێ خوێنم خه‌نه‌س بۆ ده‌ست و پێی ئه‌ڵقه ‌ئه‌ڵقه‌ی پێوه‌نم وه‌ک پڵپڵه‌ و له‌رزانه‌یه‌ گه‌رچی دوژمن وا ئه‌زانێ من به‌ دیلی لاڵ ئه‌بم باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانه‌یه‌" قانع لەو کات و سەردەمەدا بایەخی زۆری بە ژینگە داوە و لە لایەکی دیکەشەوە کێشە کۆمەڵایەتییەکانی بە زەقی خستۆتە بەر چاوی کۆمەڵگە و لەو بوارەشدا خاوەنی چەند بەرهەمێکی وەک: "کۆتر و ڕاوچی‌"ـیه‌ که‌ شێعرێکی دوور و درێژ و پڕ هه‌ست و به‌ نێوه‌رۆکه‌. له‌ باره‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه‌، شێعره‌کانی "فێڵبازیی ڕێوی"  و "مشک و پشیله" که‌ ته‌نزن‌ له‌سه‌ر گیانداران که‌ به‌ زمانێکی ساکار له‌ کۆمه‌ڵگه‌ و ده‌سه‌ڵات و دین و پێوه‌ندییە کۆمه‌ڵایه‌تییەکان دواوه‌ و "چۆنیه‌تیی ماڵ به‌شکردنمان"، ته‌نزێکه‌ له‌سه‌ر ته‌ماحی ماڵی دنیا که‌ برا ده‌خاته‌ گیانی یه‌کتر. له‌ "چۆنیه‌تیی باوک مردنمان"ـدا باسی دابونه‌ریتی دواکه‌وتووانه‌ ده‌کا. "مازووچنینی لادێ" که‌ کۆمه‌ڵه‌ شێعرێکه‌ له‌ فولکلۆر، دڵداری و دابونه‌ریتی به‌شێک له‌ خه‌ڵکی ناوچه‌که‌. هه‌رکام له‌و شێعرانه‌ له‌ سه‌رده‌می خۆیدا ده‌م به‌ ده‌م له‌ نێو  خه‌ڵکدا ده‌گه‌ڕان و له‌ په‌روه‌رده‌کردنی لاوان و بەهێزکردنی زمان و ئەدەبیاتی کوردییدا ده‌وری کاریگه‌ریان هەبووە. مامۆستا قانع بێجگە لە هەستی بەرەنگاری کە بەگژ زۆردار و دوژمنانی کورددا چۆتەوە، لە هەمان کاتدا بە شێعر و نووسینەکانی بەرەنگاری خۆسەپێنیی زمان و فەرهەنگی بێگانە بۆتەوە و بۆتە پارێزەر و قەڵغانێکی بەهێز بۆ پاراستنی زمانی کوردی. شێعر و تەنز و نووسینەکانی سینە بە سینە لە نێو خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەڕاون و تام و چێژی شێعرەکانی و هەست و سۆزی کوردانەی بوونەتە هۆی پاراستنی زمانی کوردی لەو کات و سەردەمدا کە خوێندن بە زمانی کوردی نەبووە و شاعیر و نووسەر و ڕۆشنبیری قانع ئاسا کەم و دەگمەن بوون. "قانع"ـی سەوداسەری ئازادی هەر کە ده‌بیسێ‌ له‌ مه‌هاباد به‌ ڕێبه‌ریی پێشەوا قازی محه‌ممه‌د جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازانه‌ سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ده‌سبه‌جێ به‌ پێی پیاده‌ به‌رەو‌ مه‌هاباد وەڕێ دەکەوێ و ڕۆژێک پێش ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ٢ی ڕێبه‌ندانی ١٣٢٤ی هەتاوییدا، خۆی ده‌گه‌یه‌نێته‌ مه‌هاباد. قانع هه‌تا ڕووخانی کۆمار له‌ مه‌هاباد ده‌مێنێته‌وه‌ و به‌ ته‌واوی تواناوه‌ خزمه‌تی کۆمار ده‌کات. قانعی نیشتمانپەروەر کە ترووسکاییەک لە بیری چەپ و سۆسیالیستییدا دەبینێ، بەرەو پیری دەچێ بەڵام هەست و بیری کوردانەی بەسەر هەموو ئایدۆلۆژییەکاندا زاڵ دەبێ و ناچێتە ژێر باری هیچ ئایدۆلۆژییەک کە کورد و نیشتمانی کوردانی لە بیر بەرێتەوە و لە پێناو مافەکانیاندا ڕاپێچی بەندیخانە دەکرا. ئەو کە بۆ خزمەت بە نەتەوەکەی عەبای مەلایەتی دانا لە هەمان کاتیشدا نەچووە ژێر ئاڵایەک کە لەژێر سێبەری ئەودا نەتەوەکەی خۆی فەرامۆش بکا. لە کاتی سەرهەڵدانی بیری چەپدا و فراوان بوونی ئەو ڕێبازە لە ناوچەکەدا، لە شێعرێکدا بۆ هاندانی چەوساوە و هەژارەکان دەنووسێ: "با هەموو جووتیار و پاڵە و ڕەنجدەران/ یەکگرن تا دەبنە هێز و پشتیوان"، هەر لەم کاتەشدا نیشتمانەکەی لە بیر ناکا و لە کۆتایی شێعرەکەیدا  دەنووسێ: "تاکوو بێنە ڕیزی پێشکەوتووی جیهان/ ئەو دەمەش ڕۆڵەی پرۆلیتاریای کورد/ دەبنە ڕابەر بۆ وڵاتی کوردستان/ کاشکێ یاسایەکی تازەم من ئەدی/ پڕ لە سوود بێ بۆ گەل و بۆ نیشتمان/ چارەنووست خۆت ئەبێ دیاریی بکەی/ نەک تەمایەر بی کە بۆت کەن هەندەران/ قانعا ساتۆش لەگەڵ لاوانی کورد/ ڕووکەنە مەیدان وەکوو شێری ژیان". مامۆستا قانع لەگەڵ ئەوەی کە پیاوێکی ئایینی بوو و لە حوجرە و مزگەوتدا پێگەیشتبوو بەڵام نیشتمان و نەتەوەکەی بەلایەوە گرینگییەکی تایبەتی هەبوو و بیر و هەستی شاعیرانەی و باوەڕەکانی لەخزمەت کورد و کوردستاندا بوون و وەک هێندێک کەسی تر لە پێناو سامان و بەرژەوەندییە شەخسییەکانی نەچووە ژێر کاریگەریی خەلافەتی عوسمانی و لە لایەکی دیکەشەوە نەچووە ژێر باری داواکارییەکانی پاشاکانی ئێران و زیندان و هەڕەشەی جەلادەکان و گەفی دەربەگیش بەچۆکیدا نەهێنا. با ژیان و ئەزموون و  بیر و هەست هۆنراوەکانی مامۆستا قانعی نەمر ببنە دەرسێک بۆ ئەو قەڵەم بەدەستانەی کە ئەمڕۆ لە کوردستانی ژێردەسەڵاتی داگیرکەردا لەژێر سێبەری ئایین و بە بیانووی خزمەت بە دین بە شان و باهۆی حاکمان و زاڵمان هەڵدەڵێن و خەریکی خۆشخزمەتی بە دوژمنانی کوردن و لەو ڕێگەیەدا دەیانهەوێ نان و سامانێک وەدەست بێنن. کەسانی قانع ئاسا وەک ئەحمەدی خانی و پیرەمێرد و گۆران و حاجی قادر و دڵدار و جگەر خوێن و هێمن و هەژار و بێکەس و پەشێو و زۆر شاعیری دیکە لەوانەن کە ناویان بە گەورەیی و پاکی چووەتە مێژووی کوردەوە و هەست و هەڵبەست و هۆنراوەکانیان هێز و وزەی خەبات و بەربەرەکانی و بەرەنگارین و نەوە لە دوای نەوە شانازی بەم کەسانەوە دەکەن و بیروهزری ئەوان دەکەنە توێشووی ڕێی تێکۆشان و چەکی بەرەنگاری و بەگژداچوونەوە و پاراستنی زمان و کولتوور و نیشتمانی کورد.