کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەندامانی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات

20:08 - 9 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەمە ٨ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای ئانلاین کۆبوونەوەیەکی بۆ بەڕێزان “خالید عەزیزی”، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات و “پێشەوا عەلی پوور”، سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هێنا.
سەرەتای کۆبوونەوەکە خاتوو “ئاگرین محەممەدی”، پێشکەشکاری بەرنامەکە وێڕای باسکردن لە شێوازی کار و گرینگی کۆبوونەوەکە لەو دۆخەدا، پانێلەکانی کۆبوونەوەی بەم شێوە هێنا گۆڕێ کە سەرەتا پێشەوا عەلی پوور ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کار و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی بە بەشداریی یەکیەتیی لاوان لە کۆڕ و کۆنفڕانسە نێونەتەوەییەکاندا کرد. پێشەوا عەلی پوور هەروەها لە قسەکانیدا ئاماژەی بە پەیداکردنی دۆست و هاوپەیمان بۆ لاوانی دێموکرات کرد و لە ناویاندا دۆستایەتی و نزیکایەتی لەگەڵ لاوانی سوسیال دێموکراتی سوئێد و لاوانی ئەربیدە پارتی نۆروێژ و سوسیال دێموکراتەکانی ئۆتریش و ئاڵمان و دانمارکی بە نموونە هێنایەوە و، هەروەها بەشداری لە کۆنگرەی داهاتووی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لە پانامای بە قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشانی لاوانی دێموکرات ناوهێنا کە لەو کۆنگرەیەدا لەسەر بنەمای واقیعی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات و تێکۆشانی لاوانی ڕۆژهەڵات، قەتعنامەیەک ئامادە کراوە بۆ پشتیوانی لە خەباتی لاوانی ڕۆژهەڵات لە سەر شەقام و لە چیاکان. پێشەوا عەلی پوور لە کۆتایی باسەکەیدا ڕێکخستن و سازماندانی لاوانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵاتی بە ئەرکی سەرەکی یەکیەتیی لاوانی دێموکرات زانی کە پێویستە چالاکانەتر کۆمیتەکانی یەکیەتیی لاوان تێبکۆشن و لە سازماندانی لاوان غافڵ نەبن.
دوای ڕاپۆرتی سکرتێری یەکیەتیی لاوان، بەڕێز “خالید عەزیزی”، ڕاوبۆچوونی خۆی سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی سیاسی و لاوان و تێکۆشانی یەکیەتیی لاوان هێنایە گۆڕێ و گوتی: “ئێمە وەک حیزبێکی نەتەوەیی بۆیە سیاسەتمان تێکەڵ بە ژیان کردوە تاکوو لە واقیعی کۆمەڵگە دوور نەکەوینەوە و لە داهاتووی کوردستاندا بەرنامەیەکی گونجاومان هەبێ بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک و خەڵک نیگەران نەبن کە دوای ڕزگاری نەتەوەیی دۆخی ژیان و گوزەرانیان چی بەسەر دێت.” سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەبارەت بە چارەسەری پرسە سیاسییەکانی ئەمڕۆ ئاماژەی بە چالاکانی مەجازیدا و گوتی” لە دنیای ئەمڕۆدا دەست ئاوەڵەیی لە دنیای مەجازی وای کردوە کە تاکەکانی کۆمەڵگە ڕاو بۆچوونی سیاسیی خۆیان بهێننە گۆڕێ و چەشنێک بەربڵاوی ئاخاوتن هەبێ، بەڵام نابێ لە بیری بکەین کە ئەوە حیزبەکانن دەتوانن ڕێگا چارەسەر بدۆزنەوە و گوتاری سیاسی دروست بکەن” .
خالید عەزیزی لە درێژەی وتەکانیدا باسی لە ئەرک و دەوری لاوانی دێموکرات کرد لە یەکیەتیی لاواندا و گوتی:”لاوانی دێموکرات لە جەریانی خەباتی خۆیدا پێویستە لاوان لە سێ مێحوەری نێوخۆ، دەروەی وڵات و لاوانی ڕۆژهەڵاتی نێشتەجێ لە هەرێمی کوردستان سازمان بدەن و پشتیوانییان لێ بکەن، وەک چۆن چاوەڕوانی لە حیزبی دێموکرات هەیە، ئاواش چاوەڕوانی لە یەکیەتیی لاوانی حیزبی دێموکرات هەیە کە تێ‌بکۆشن و پشتیوانیی لاوانی کورد بن. بەڕێزیان سەبارەت بە ئاوێتە کردنی هەستی نەتەوەیی لاوان لە گەڵ واقع بینی سیاسی گوتی کە :”یەکیەتیی لاوان لە پەرەدان بە تێکۆشانی نەتەوەیی و هاوسۆزی نەتەوەیی بۆ پارچەکانی تری کوردستان نابێ بێ تەفاوت بێ و پێویستە هاوسۆزی پارچەکانی تری کوردستان بن، لە تەنیشت ئەمەش خەباتی لاوان لە مەیدانی ئەسڵی خۆیان کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە مودیریەت بکەن و ببنە سەرچاوەیەکی باشی گوفتمان سازی و نەتەوەسازی، هەر لەم پێوەندییەدا کار و چالاکییەکانی لاوانی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجومەنە ژینگەیی و فەرهەنگی و مەدەنییەکان بەرز نرخاند.”
لە کۆتاییدا بەشداربووان ڕاو سەرنجی خۆیان هێنایە بەر باس و وڵامی پرسیار و پێشنیارەکانیان درایەوە.