کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەباس ئەکرەمی، فەرماندەیەکی باوەڕمەند

03:31 - 18 پووشپەڕ 2720

ناوچەی هەوشار یەکێک لە سەنگەرە گرینگەکانی خەباتی ڕۆژهەڵاتە، خەڵکی خەباتگێڕ و دێموکرات‌پەروەری ئەم ناوچەیە هەمیشە بەدڵەوە لایەنگری دێموکرات بوون و باشترین و بەوەفاترین ڕۆڵەکانی خۆیان، ڕەوانەی ڕەوانەی گۆڕەپانی بەرخۆدان کردوە. دوژمن زۆر هەوڵی داوە خەڵکەکەی لە حیزبی دێموکرات و جووڵانەوەی ڕزگاری‌خوازی دابڕێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە. ڕۆڵە قارەمانەکانی هەوشار لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتدا ئازایەتیی کەم‌وێنەیان نواندوە کە هەتاهەتایە لە مێژووی خەبات و بەربەرەکانیی گەلەکەماندا جێگایەکی تایبەتی هەیە. «عەباس ئەکرەمی» یەکێک لەو ڕۆڵانە بوو کە بە سەخاوەتەوە گیانی لە پێناو نزیک‌کردنەوەی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەی بەخشی. شەهید عەباسی ئەکرەمی ساڵی ١٣٣٩ لە ئاوایی «داشبڵاغ»ـی ناوچەی هەوشار لەدایک بوو. هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ زەحمەت و کوێرەوەری ئاشنا بوو. بە هۆی دەستکورتی و نەبوونی قوتابخانەش لە ئاواییەکەیان، نەیتوانی دەرس بخوێنێ؛ بۆیە هەر لە منداڵییەوە لەشی شلکی دایە بەر کار و لە مەزراکاندا دەستی بە کار کرد. تازە پێی نابووە تەمەنی ١٢ ساڵان کە باوکی خۆشەویستی کۆچی دوایی کرد. عەباس کە بەرە بەرە گەورە دەبوو بۆ کار کردن ڕووی لە شارەکانی دیکەی ئێران کرد. لەوێ بوو کە بۆی دەرکەوت نەتەوەی کورد لە ماف و ئازادییەکانی بێ‌بەش کراوە. پاییزی ساڵی ١٣٥٨ وەک سەرباز ڕەوانەی پادگانی ئەردەبیل کرا. لەو سەردەمەدا بوو عەباس زۆر بە باشی نێوەرۆکی ڕێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتووی ناسی و بۆی دەرکەوت کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕێژیمی پێشوو نییە. هەر بۆیە پاش ٣ مانگ زیاتر لەگەڵ ٤٠ کەس لە سەربازە کوردەکان ڕایان کرد و خۆی گەیاندە ئاوایی خۆیان. لەو سەر و بەندەدا تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات هەموو کوردستانی داگرتبوو. عەباس بە ناسینێک کە لەسەر ڕابردووی حیزبی دێموکرات هەیبوو، پێوەندیی بە ڕیزەکانی حیزبەوە گرت و لە ڕەشەمەی ساڵی ١٣٥٨ بەرگی پیرۆزی پێشمەرگایەتیی پۆشی. وەک پێشمەرگەی نموونە، وێڕای هاوسەنگەرانی هەمیشە لە سەنگەری پێشەوەدا بوو. بەرەبەرە لە شەڕەکاندا خۆی نیشان دا، ئازا و بە دیسیپلین بوو؛ هەر بۆیە ساڵی ١٣٦٠ بە فەرماندەری پەل دیاری کرا. شەهید عەباس بە بۆنەی تایبەتمەندییەکانی جێگای متمانەی هاوسەنگەرانی بوو. ساڵی ١٣٦٢ کاتێک دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی هەوشار بۆ مەئموورییەت بەرەو ناوچەی سەردەشت و پیرانشار وەڕێ کەوتن عەباس یەکێک لەو پێشمەرگە قارەمانانە بوو کە ڕۆڵی بەرچاوی لەو مەئموورییەتەدا گێڕا و لەوێ بۆ سێیەمین جار بریندار بوو. بەڵام ئەو جارەش دوای ساڕێژبوونەوەی برینەکانی گەڕایەوە سەنگەری خەبات و بەربەرەکانی. لێ‌هاتوویی عەباس بوو بە هۆی ئەوە کە وەک فەرماندەری لکی ٣ـی شەهیدانی هەوشار دیاری بکرێ. بە هۆی نەترسی و ئازایەتی و لێ‌وەشاوەیی لەو بەرپرسایەتییەش سەرکەوتوو هاتەدەر. تێ‌دەکۆشا نەزم و ئینزباتی شۆڕشگێڕانە لە نێو پێشمەرگەکاندا جێگیر بکا. لەو ئەرکەدا ئەوپەڕی دڵسۆزیی لە خۆی نیشان دا، عەباس بە تەواوی گوڵی کردبوو ببوو بە خۆشەویستی هاوسەنگەرانی؛ لە هەمان کاتدا توانی‌بووی پێوەندییەکی نزیک و قووڵ لەگەڵ پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەدا دروست بکا. بەم جۆرە عەباس بوو بە سیمایەکی تێکۆشەر، پوختە و بە ئەزموونی نێو تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان. هەر بۆیە بەهاری ساڵی ١٣٦٤ لە لەیەن تەشکیلاتی حیزبەوە بە فەرماندەریی پێشمەرگەکانی ناوچەی هەوشار دیاری کرا. بە وەئەستۆ گرتنی ئەو بەرپرسیارەتییە شایی لە دڵ دەگەڕا و بە دەیان عەمەلیاتی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەڕێوە برد. شەڕەکانی تیکاب، شەڕەکانی ناوچەی هەوشار، نێو شاری تیکاب، نێو شاری سایەنقەڵا، جادەی سەقز-دیواندەرە، گرتنی پێگەکانی «ئاوبارە» و «قەرەداغ»، شەڕی «ئەسکەندەری میانە»، چەک‌ کردنی جاشەکانی «ئینچە» و شەڕەکانی ناوچەی «سەرشیو» و «تیلەکۆ» و «خوڕخوڕە» و «فەیزوڵڵابەگی»ـی سەقز و دەیان عەمەلیاتی گەورە و بچووکی دیکە بەشی هەرە زۆریان بە فەرماندەریی عەباس ئەکرەمی؛ بەڕێوە چوون. عەباس جیا لەوە کە فەرماندەیەکی شایستە بوو، هەمیشە وەک کادرێکی لێ‌هاتوو سیاسەتەکانی حیزبی بۆ خەڵک شی دەکردەوە. لە نێو خەڵکدا خۆشەویست بوو پێوەندییەکی قووڵی لەگەڵ خەڵکی ناوچەدا بوو. لە بەرانبەر دوژمنانی نەتەوەکەیدا قورس و قایم ڕاوەستابوو، بۆ ساتێکیش لە سزاگەیاندنی خۆفرۆشان و بەکرێ‌گیراوان کەمتەرخەمیی نەدەکرد. دوژمن باش لە پێگە و ئاستی کاریگەریی عەباس تێ‌گەیشتبوو، بۆیە لە هەوڵی لە نێو بردنیدا بوو. پاییزی ساڵی ١٣٦٤ فەرماندە عەباس دوای بەڕێوەبردنی چەند عەمەلیاتی قارەمانانە و وەشاندنی زەبری گورچکبڕ لە هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی خوارووی کوردستان، لەگەڵ دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بەرەو ناوچەی هەوشار گەڕانەوە. هێزەکانی دوژمن ڕۆژی ٢٢ی بەفرانباری ١٣٦٤ هێرشیان کردە سەر ئاوایی”تورکان‌بڵا‌غ”، ئەو شوێنەی فەرماندە عەباس و هاوڕێیانی لێ مابوونەوە. فەرماندەری قارەمان ئەم جارەش وەک هەمیشە پێشمەرگەکانی سازمان دا. لە نێو ئاواییدا شەڕێکی توند دەستی پێ‌کرد. هێزی سەرکوتکەر کە ورەی هاتنە پێشەوەی نەبوو، ئاوایی وەبەر تۆپ و خومپارە دا، عەباس لەبەر پاراستنی گیانی خەڵك بڕیاری چوونەدەر لە ئاوایی دا و بەرەو بەرزایی «ئەوڕەزاق» هەڵ‌کشان، بێ‌ئاگا لەوەی کە هێزی دوژمن پێشتر چیای ئەوڕەزاقی گرتبوو؛ بۆیە شەڕێکی قورس و نابەرامبەر لەو بەرزاییە دەستی پێ‌کرد. لەو شەڕە خوێناوییەدا بەداخەوە عەباس ئەکرەمی کەوتە بەر گوللەی داگیرکەران و دڵی پڕ لە هیوا و تاسەی لە لێدان کەوت و ماڵاوایی لە خەڵکی بەئەمەگی ناوچەی هەوشار و حیزبە خۆشەویستەکەی کرد و درێژەی ڕێگای پڕ کەند و لەندی خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد. لە یاد و بیرەوەریی ٣٥ ساڵەی شەهیدبوونی هاوڕێ «عەباس ئەکرەمی»‌ـیدا جوانترین سڵاوی وەفا و خەبات و خۆڕاگری دەنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی نەتەوەکەمان.