کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سماندنی دروشمە سواوەکەی خومەینی

05:22 - 4 گەلاوێژ 2720

“دەردێکی وای داومەتێ کافر حاڵم نەبینێ
دەڵێن لێرە نەماوە چۆتە چین ‌و ماچینێ گەلی دۆست و برادەران بۆم بگێڕن گەرمەشینێ” دارسمە لەو کاتەوە گوێی بۆ گفتگۆی بنیادەمی بن داران شل‌ کردوە، وازی لە دارسمین و گەڕان بە دوای بوونەوەری نێو کۆتەرەداران هێناوە. پشتی کردوەتە ڕسق و ڕۆزیی جووجەڵەکانی و ڕووی کردوەتە سیاسەت. ئەم دارسمەیەی لە خزمەتتان‌دایە، ئێستا وەک جاران نەماوە و لەم مرۆڤە سەرخڕ و نان‌ودۆبڕ و دووپێیی و قیت و ئەستوونییە فێری زۆر شتی سەیر و سەمەرە بووە. ئەرێ ئێوە تا ئێستا بیرتان لەمە کردوەتەوە مرۆڤ تەنیا بوونەوەرێکی زیندووی سەر گۆی زەوییە دەست و شان و پیلی بە خۆیەوە هەڵ‌دەواسێ و بە شێوەی ئەستوونی دێ و دەچێ؟ هەر بوونەوەرێک مار، مشک، کرم، “ئەسپێ” هەتا “ئەسپ”، وشتر، مێش، گامێش، جوانەگا، کەڵیچە، ڕێوی و دەڵەک، هەموویان بە شێوەی ئاسۆیی دێن‌ و دەچن. ئەم بوونەوارانە هەندێکیان خزۆکن و کاتی جووڵانەوەی ڕۆژانە و شەوانەیان بە زەوییدا دەخزن و بەشێکیشیان بەرزۆکن و بە پێوەن، بەڵام ئەوانیش بە شێوەی ئاسۆیی دێن و دەچن. باڵندەکانیش کاتێک لە زەویین و لە ئاسمانیش هەر بەشێوەی ئاسۆیین. ئەوەی جاروبار لاسایی مرۆڤ دەکاتەوە و هەندێک‌ جار بە شێوەی نیوە ئەستوونی هەنگاو دەنێ، مەیموونە. لە نێو مرۆڤەکانیش تەنیا “ئایەتوڵڵا ئەحمەدی جەننەتی” پێوەندیی نێوان مرۆڤ و مەیموونی پاراستوە. وەک مەیموون بەرەو پێش دادەنەوێ. ناتوانێ وەک مرۆڤی ئاسایی پشتی ڕاست‌ بکاتەوە و بە شێوەی تەواو ئەستوونی بێ و بچێ. منی دارسمە لەو کاتەوەی وازم لە سمینی دار هێناوە و وەک مرۆڤی خوالێ‌گۆڕیو سماندنی مێشکی خۆمم گرتوەتە بەر، بوومەتە ئەدیب و زمان‌زان و نووسەر و زۆر جاران فۆلکلۆر و سیاسەتیش بە یەکەوە دەلکێنم. هەر ئەم تێکەڵ‌کردنی سیاسەت و فۆلکلۆرە وای کردوە، لەم ماوەیەی دواییدا لەو کاتەوەی ئێران و چین پێچەوانەی ڕاسپاردەکەی خومەینی خەریکی بن‌پێ‌نانی دروشمی ” نە شەرقی‌ نە غەربی”ـین، منیش بەردەوام لە بەر خۆمەوە ئەم گۆرانییە بە گشتی و بە خاوی، بە هەوای سێ‌پێیی، گەڕیان، ڕۆینە، سوێچکەیی و شێخانی دەڵێمەوە و لەکاتی گوتنەوەیدا بە شێوازی جۆراوجۆر لەگەڵ بارودۆخی ئەم سەردەمە پێکی ‌دەگرم و وەک کوردی‌نەزانانی ئەم سەردەمە دەڵێن، “لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەم”. ئەم گۆرانییە تایبەتمەندییەکی دیکەشی هەیە. ئەگەر کاتی گوتنەوەی بیر لە لایەنە بەناو سیاسییەکەی نەکەیەوە، زۆریش ناخۆش نییە. پێم خۆشە خوێنەری هێژا وێڕای من لە بەر خۆیەوە بە گوتنەوەی کەمێک خەم و کەسەر لە دڵ دەربکا. ڕەنگە بەشی هەرە زۆری خوێنەرانی ئەم بابەتە لەسەر موبایل و کامپیۆتێر سەریری ئەم دێڕانە بکەن و خوشکان و برایانی لەبەرگرتنەوە و دابەزاندنەوە واتە “کۆپی و پەیست” بن. بۆیە بە پێویستم زانی بۆئەوەی کوێرەوەریی سووڕاندنی سکرۆڵی ماوس و ماڵینەوەی ڕووبەری موبایلەکەیان لە کۆڵ بکەمەوە، هەر لە خوارووی ئەم دێڕە گۆرانییەکە دابنێمەوە: “دەردێکی وای داومەتێ کافر حاڵم نەبینێ دەڵێن لێرە نەماوە چۆتە چین و ماچینێ گەلی دۆست و برادەران بۆم بگێڕن گەرمەشینێ” جا دوای ئەوەی چێژی فۆلکلۆری و دڵداری و نۆستالژی و ئەو شتانەتان لە گۆرانییەکە وەرگرت، تکاتان لێ‌دەکەم لەگەڵ من بۆ ساتێک خۆتان لە جێگەی دەسەڵاتدارانی لێ‌قەوماوی کۆماری ئیسلامی دابنێن و لەم ڕوانگەیەوە بڕواننە دەقی گۆرانییەکە: دێڕی یەکەم: کافر لێرە دا مەبەست لە غەیرەدین واتە دوژمنە. ئەوکەسەی دەردێکی وای داوە بە دەسەڵات، زۆر کەس وا دەزانن ئەمریکایە و بە گوشارە ئابووری و سەربازی و سایبێرییەکانی و ئاگرخستنەوە لە قەراغ و بیجاغی تاران و شوێنە گرینگەکان و شتی دیکە وای کردوە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، تووشی دەردێکی کوشندە بێ. “عەلییە گۆج” و “حەمەجەواد” و “حەسەن بەفڕوفیشاڵ” بە سەرشۆڕییەوە لە دروشمەکەی سەر دەرگای وەزارەتی دەرەوە بڕوانن. خۆ بەوە نییە ئەم خەڵکە بە شێوەی ئەستوونی دەڕۆن، هەر فڕیان بەسەر زانستی سیاسییەوە نییە. چونکە نازانن دوژمنی سەرەکیی دەسەڵات پێیان لە چوارچێوەی نەخشە شێوە پشیلەکە ناچێتە دەرەوە. دێڕی دووهەم: ئەوە بەرژەوەندیی دەسەڵادارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە تەواوی دنیا باری کردوە و تەنیا ئەوەیان بۆ ماوەتەوە لە چین خۆیان تاقی بکەنەوە. وەک دەڵێن بڕیار وایە پێی پشیلەکە واتە دوڕگەکانی دامێنی ئێران بدرێنە چین و بە مانەوەی چین ڕێگەی دووری “مسئولین محترم جمهوری اسلامی” تەنیا مەودای نێوان بەندەر عەباس و دوڕگەی کیش بێ و لە جیاتی هاتوچۆی فڕۆکەی ماهان، خۆیان هەر لەوێ کرۆناکەش وەربگرن بەسەر ملیۆنان دوژمنی نێوخۆدا بڵاوی بکەنەوە. دێڕێ سێهەم: “حەسەن نەسروڵڵا”، کەسوکاری زاوا تازەکەی قاسم سولەیمانی، “بەشارە درێژ”، “قاسم خەزەڵی”، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق و “میرزا عەبدولمالیک بەدرەدینی”، سەرۆکی حووسییەکانی یەمەن و کۆمەڵێکی دیکەی ئەم دەروهەیوانە، گەلی دۆست و برادەرانی کۆماری ئیسلامیین. گەلی دۆست و برادەران دوای ئەوەی زانییان بابەگەورەیان فلس و عانە و دینار و لیرەی پێ ‌نەماوە و تمەن بووەتە تۆزی بانان و چین خەریکە خاکی دوڕگەی کیش بە توورئەسپان ببات، ئەوانیش تەنیا دەتوانن “بۆی بگێڕن گەرمەشینێ”.