کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕوانینی د. قاسملوو بۆ زمان و پەروەردە

05:24 - 4 گەلاوێژ 2720

شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بووە هۆی کۆمەڵە گۆڕانکارییەکی بنچینەیی لە ئێراندا کە کوردستانیشی گرتەوە. بووژانەوەی فەرھەنگی بە تایبەتی لە بواری زمانەوانییدا لەسەر دەستی دەسەڵاتی حیزبی دێموکرات یەک لەو بابەتانەیە. گەلی کورد لەمێژ ساڵ بوو چاوەڕوانی دەرفەتێکی لەم شێوەیە بوو کە چیی‌تر زمانەکەی لە ڕیزبەندی دووھەمدا دانەندرێ، بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ھەست‌کردن بە بەرپرسایەتیی مێژوویی خۆی بوو، پێشەنگایەتیی ئەو ڕیسالەتەی گرتە ئەستۆ. لە ماوەیەکی کورتدا توانرا فێرگەی زمانی کوردی دابمەزرێن، بۆوەی منداڵە بێ‌نازەکانی کوردستان ئاشنای فۆنەتیکی وشەی جوانی کوردی بن. دیارە ئەم خولیا و ھەوڵە دەگەڕایەوە بۆ سەردەمێکی زۆر لەمێژینە، بە تایبەت تێکەڵاویی ئەدەبی لەگەڵ باشووری کوردستان کە ئەمە بە ھەر شێوەیەکی مومکینی سەردەمی خۆی وای کردبوو بووژانەوەی زمانەوانی، زۆر بە زوویی پێشکەوتن بە خۆیەوە ببینێ و ڕێبەرایەتیی شۆڕش بە پەرۆشترەوە ھەنگاوی پێویستی بۆ ھەڵ‌بگرێ. نەخشی د. قاسملووی ڕێبەر وەک کەسێکی ئاکادیمی لەو پرۆسەیەدا بەرچاوە، ئەو زۆر زوو ھەستی بەم زەروورەتە کرد و لەم بوارەدا لە ھیچ چەشنە ھەوڵدانێک درێغی نەکرد. یەکێک لە سیفەتە تایبەتییەکانی د. قاسملوو ئەوە بوو کە لە بارودۆخ و هەلومەرجە هەرە دژوارەکانیشدا گرینگی و بایەخێکی زۆری بە بواری پەروەردە و فێرکردن دەدا. د. قاسملوو زۆر باش دەیزانی کە کۆمەڵگەی پێشکەوتووی بەرەو شارستانییەت بە خوێندن و پەروەردەکردن دێتە دی. ئەو دەیزانی ئەم پرۆسەیە زانا و پسپۆڕی چەلەنگ و چالاکی گەرەکە، بۆیە پێش هەموو کەس بۆ خۆی قۆڵی لێ هەڵ‌ماڵی و سەرباری هەموو پڕکارییەکانی بەڵام بۆ ئەو مەبەستە شەو و ڕۆژی دەخستەوە سەر یەک. د. قاسملوو بە تەنیا گرینگیی نەدەدا بە پێگەیاندنی کادر و ڕێبەرایەتیی بە ئەزموون و قاڵ‌بووی نێو کوورەی تێکۆشان و خەبات، بەڵکوو هەمیشە لە بیری ئەوەدا بوو کە کام دەڤەر و مەڵبەندی نیشتمانەکەی پێویستیی بە قوتابخانە و پەرتووک و مامۆستا هەیە. ئەزموونەکانی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ناوچە ئازادکراوەکان دەری‌خست کە هەرچەند ڕێبەرایەتیی حیزب تا ئەوکات لە تاراوگە و دوورەوڵاتییدا کوورەی خەباتی بەتین ڕاگرت‌بوو، بەڵام بە چەکی قەڵەم و پەروەردەوە خۆی بۆ مەیدانی نەبەرد تەیار کردوە. بۆیەش لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵات لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سەدان قوتابخانە داندران و پەرتووکی کوردی چاپ کران و مامۆستایانی شۆڕش یەکەم ئەلف و بێی کوردییان بە گوێی منداڵان و فێرخوازانی تامەزرۆی وشە و زمانی زگماکدا چرپاند. خەرمانی پڕ بەرەکەتی وشە و زمانی کوردی سووڕی تێکەوت و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لە بڕەودا بوو. منداڵان و بەش‌مەینەتانی نیشتمانمان فرچکیان بە وشەی زمانی شیرینی کوردییەوە گرت. خوێندن و نووسینی کوردی بوو بە خەون و خولیای شەو و ڕۆژیان، مامۆستایانی شۆڕشیش زۆر بە دڵگەرمی و دڵسۆزییەوە قۆڵی هیممەتیان لێ هەڵ‌ماڵی و بوێرانە هاتنە مەیدان. سروودی «ئەی ڕەقیب» بوو بە وێردی سەر زمانی گەورە و بچووک و ئاوڕشێنی دڵی تینووی ئەویندارانی ئازادیی دەکرد. گۆرانی و سروودی شۆڕشگێڕیی کوردی سەر لە نوێ لەدایک بوون و گەشانەوە و خەڵک توانییان پڕ بە سییەکانیان هەناسەی ئازاد و ئازادی هەڵمژن. کارکردی حیزب لەو ماوەیەدا لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی، بوو بە بناغەیەکی قایم بۆ داهاتووش. ئەوە بوو کە شەیدایانی ھۆنینەوەی وشەی جوانی کوردی بە ئیلهام‌وەرگرتن لە ھەستی نیشتیمان‌پەروەریی مامۆستا ھێمن و مامۆستا ھەژار و ڕووناکبیرانی دیوی گەرمێن، توانییان لەم ماوە کورتەدا شۆڕشێکی گەورە لە زماندا بێننە ئاراوە، کە ڕەنگدانەوەیەکی باشی لە دوای خۆی بەجێ ھێشت؛ لە ڕاستییدا دەکرێ بگوترێ زمان لە مردن و لە نێو چوون بەرەو بووژانەوە گەڕایەوە. وەک پێشتریش باس کرا ئەوەی لەم نێوەدا گرینگ و پڕ بایەخە، ڕۆڵی بەرچاوی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ھەست بە بەرپرسیاریەتی‌ کردنیان، بە تایبەت شەخسی د. قاسملوو لەم ھەلومەرجە تایبەتییەدا بوو کە بۆ گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات خولقابوو. ئەمەگ و وەفا بۆ د. قاسملووی هەمیشە زیندوو کە حیزبەکەی بە ئیلهام‌وەرگرتن لە بنەما فیکرییەکانی وی وێڕای گرتنەبەری ھەمە جۆرە خەباتێکی سیاسی و جیڤاکی و پێشمەرگانە، گرینگییەکی زۆر تایبەتیشی دا بە کۆڵەکە و بڕبڕەی کۆمەڵگە، کە ئەویش خۆی لە زمان و فەرھەنگ و کولتووردا دەبینییەوە.