کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی جێژنەی قوربان

18:34 - 9 گەلاوێژ 2720

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی هاتنی جێژنی قوربان، جێژنی هەرە گەورەی موسوڵمانەکان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە. دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە: بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی پیرۆزی قوربانەوە بە ناوی خۆم و هاوڕێیانم لە حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزبایی بە هەموو موسڵمانان، بە تایبەتی موسڵمانانی کوردستان و لەنێو ئەوانیشدا تایبەتتر بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دەڵێم و، هیوادارم ڕۆژەکانی جێژنیان بە خێروخۆشی بەسەر بەرن. خەڵکی کوردستان لە کاتێکدا بەرەوپیلی جێژنی قوربان دەچن کە سەرەڕای زەوتکرانی مافە سیاسی و نەتەوایەتییەکانیان لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، پەتای “کۆڕۆنا”ش وەک دەردی سەرباری دەردان سێبەری خستۆتە سەر ژیانی خەڵک. هەر لە سۆنگەی ئەو پەتایە و بەهۆی خەمساردی ڕێژیم و ناکارمەیی لە مودیرییەتی ئەو قەیرانەدا، بێکاری، گرانی، نەبوونی و هەژاری زیاتر لە جاران بەربینگی بە خەڵک گرتوە و بەداخەوە کەم نین ئەو بنەماڵانەی ناتوانن تەنانەت پێداویستیەکانی ڕۆژانی جێژنەشیان دابین بکەن. بێ‌گومان بەرپرسایەتیی ئەو دۆخە نالەبارەش کە بەرۆکی کۆمەڵگەی ئێران و لەو نێوەدا چەندقات زیاتر کوردستانی گرتۆتەوە، لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامییە کە بەهۆی سیاسەتی نابەرپرسانەی لە هاوکێشە جیهانییەکان و ناکارامەیی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا ئەم دۆخەی خوڵقاندوە. دەرباز بوون لەو بارودۆخەش لەگرەوی پەرەسەندن و بەردەوامیی خەبات لەدژی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕزگاری و وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانە. هیوادارم خەڵکی ئێمه‌ش لە کوردستان به‌ هه‌وڵ و تێکۆشانی بێوچان و، بە ته‌بایی ‌و یه‌کڕیزیی نێوماڵی خۆمان شێلگیرانەتر لە جاران لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکانماندا تێ بکۆشین. لە کۆتاییدا هیوادارم ئەم جێژنە، ڕۆژانی خۆش و هیوابەخشی بەدوادا بێ و یەکدڵی و خۆشەویستیی زیاتر لەگەڵ خۆی بەدیاری بێنێ. خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان 9ی گەلاوێژی 1399