کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەمنەمایەک بۆ جەلیل گادانی

22:13 - 17 گەلاوێژ 2720

مامۆستای پایەبەرز، کاتێک ئەم خەمنامەیەت بۆ دەنووسم ترس و لەرزێکی قوڵ دایگرتووم، ئاخر نووسینی خەمنامە بۆ تۆیەکی سەرکردە و خەباتگێڕ، بۆ تۆیەکی نووسەر و زمانزان و ماندوونەناس جورئەت و بوێری و ئازایەتییەکی گەورەی دەوێ.
مامۆستای ڕۆح شیرین و لەبەر دڵان، کە دەستم دایە پێنووس بۆ نوسینی ئەو خەمنامەیە یەکسەر ئەو نووسینەی مامۆستا “محەمەدی مەلا کەریم”ـم بیر کەوتەوە کاتێک ویستبووی لە بارەی هێمنی پایەبەرز بنووسێ، گوتبووی قەڵەمەکەم پێی گووتم وریابە و ئاگاداربە حەمە، ئەوەی تۆ لە بارەی دەنووسی هێمنی شاعیرە، ئەو هێمنەی زۆر قورسە و کارێکی نەکردەیە بچێتە چوارچێوەی فۆرمی هیچ پێناسەیەک، چونکە خەمنامەیەک بۆ تۆ بێ، دەبێ غوربەتی نامەکەی نالی بۆ سالمی لێ بچۆڕێتەوە، خەمنامەیەک دەبێ نەخشی دەستی فەرهاد  بێ بە سەر تەوێڵی بێستوونەوە و بۆن و بەرامەی ناڵەی جودایی بێ لە جیهانی هەزار ڕەنگی شیعری هێمن، خەمنامەیەک غەریبتر بێ لە ئاوارەیی حاجی قادر و کاغەزێک بێ ماملێ بە دڵێکی پڕ لە خوێنەوە بۆ لەیلای ڕۆحی نووسیبێ، بەڵام هەیهات هەیهات قەڵەمی من کوا توانا و وزە و هێزی نووسینی خەمنامەیەکی لەو شێوەیەی هەیە، بۆیە ناوم نەنا نامە بەڵکوو کردمە خەمنامە. مامۆستای ‌هێژا جەلیل گادانی، ماڵئاوا، ئاوەدانی ماڵی شیعر و نیشتیمان و جوانی، ماڵئاوا گەڕیدەکەی گەرمیان و کوێستان و پاڵەوانی زیندان و سەرقافڵەی کاروانی ڕوەو ئاسۆ. ماڵئاوا چرای ماڵی زمان، تۆ بەم بەرە بەری پاییزە بەم کۆچەت پاییزت لە نیشتیمانێک داهێنا، دەشزانم تۆ ئەو مرۆڤەی کە مردن دەرەقەتی ونکردنی ڕووخساری تۆ نایێ، چونکە تۆ نیشتەجێی هەمیشەیی ماڵی دڵانی، بەڵام ئەوەی مردنیش لە شەشی ئاب کردی کارەساتێکە و لەبیر ناکرێ. مامۆستام، ماوەیەک پێش ئێستا تەلەفۆنت بۆ کردم و پێت گوتم “زیرەک کەمال” زۆرم پێخۆشە سیاحەتنامەی ئەولیای چەلەبی کە چل ساڵ پێش ئیستا مامۆستا سەعید ناکام کردبووی بە کوردی چاپ بکریتەوە، چونکە کتێبێکە نرخ و بەهایەکی میژوویی زۆری هەیە، بۆیە مامۆستام داواکاریەکەت دەخەمە سەر چاو و ڕۆحم. جەلیل گادانی، چلچرای بەر کۆژەی نیشتمان تۆ کە “کۆیە”ی مەڵبەندی ڕووناکبیریت کردە دواماڵ و وێستەگەی هەمیشەییت لەبەر ئەوەت بوو چونکە زیاتر لە سەد ساڵ پێش ئێستا “نالی” مەزن گووتبووی: چۆن بۆ سوورمەی چاو ناشێ خاکی شارێ کە حاجی پێی لەسەر دانابێ جارێ   تێبینی: جەلیل گادانی خەباتگێڕێکی مەزنی ڕۆژهەڵات بوو، شەشی ئابی ٢٠٢٠ بە پەتای کۆڕۆنا کۆچی دوایی کرد.