کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ دەباغی چیای ورە و ڕەمزی خۆڕاگری

22:24 - 17 گەلاوێژ 2720

ئاسان نییە نووسین لەسەر ژیان و بەسەرهاتی ئەو کەسانەی لە سیاچاڵەکانی ڕێژیم‌دا وانەی خۆڕاگرییان فێری نەتەوەکەیان کرد و هاوکات دەسەڵاتیان بە هەموو هێز و توانای نیزامییان بەچۆک داهێنا. شەهید کەماڵ دەباغی یەک لەو شۆرەسوارانەیە.
شەهید کەماڵ دەباغی ساڵی ١٣٢٤  لە شاری مەهاباد لەدایک بوو. کاتێک تەمەنی گەیشتە قوتابخانە کتێبی بن پیلی ‌دا و ڕووی لە قوتابخانە کرد. قۆناغ بە قۆناغ هەتا وەرگرتنی بڕوانامەی فەوقە دیپڵۆم درێژەی بەخوێندن دا. کاری سیاسی وتیکۆشانی لەنێو حیزبی دیموکرات دەگەرێتەوە بۆ سالی ١٣٤٦ کە ڕۆڵە قارەمانەکانی حیزبی دیموکرات، دووڕگە ئارامەکەی پاشایەتی‌یان! شلەقاند. لەو کاتەوە وەک لایەنگری حیزب دەستی بەکاری سیاسی کرد و دژی ڕێژیمی شا بیروباوەری کوردایەتیی لەنێو مامۆستایان و قوتابیان‌دا بڵاو دەکردەوە. پاشان لە خۆپێشاندانەکانی دژی ڕێژیم و لە سازماندانی خەڵك‌دا‌ ڕۆڵی بەرچاوی گێرا، پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ بەڕەسمی هاتە ڕیزی حیزبی دیموکراتی کوردستان و بوو بە ئەندامی شورای شۆڕشگێریی شاری مەهاباد و بۆ هەڵسووڕاندنی کاری نێو شار و پاراستنی ئەمنییەت و ئاسایشی خەڵک خۆی هەوڵی زۆری دا. شەهید کەماڵ دەباغی لە شەری ٣ مانگە‌دا لەنێو شاری مەهاباد مایەوە و تەشکیلاتی حیزبی  و کاری سیاسی و نیزامیی لەنێو شار‌دا بەڕێوە دەبرد. پاشان کە شاری مەهاباد کەوتەوە دەست پێشمەرگە، لە کۆنگرەی چواری حیزب‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و بەرپرسایەتیی کۆمیتەی کرماشان و ئیلامی پێ‌سپێردرا، کە لەو مەسئولییەتەدا زۆر ڕووسوورو سەربلیند هاتەدەر. دواتر وەک بەرپرسی کۆمیتەی شارستانی سەقز دیاری کرا . لە کۆنگرەی ٥ی حیزب‌دا بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرایەوە و وەک بەرپرسی ناوەندی ئاژوان دیاری کرا و هاوکات بەرپرسایەتیی ڕاستەوخۆی کاروباری شاری کرماشانیشی وەئەستۆ گرت. مانگی بانەمەری ساڵی ١٣٦١ لە کاتێکدا بۆ مەئموورییەتێدا سەردانی نێوشاری کرماشانی کردبوو، گیرا. شەهید کەماڵ دەباغی لە ماوەی تێکۆشانی حیزبی کورێکی ئامادە بەخزمەت، سیاسی، خەڵکی و خاکی، ئازا و نەترس و ئیمانێکی قوڵی بە ڕێبازی حیزبەکەی هەبوو. چوار ساڵ بەندکرانی لە سنە، کرماشان، تاران ‌و ورمێ نەک هەر ورەی پۆڵایینی ئەم ڕۆڵە قارەمانەی تێک نەشکاند و نەک بەرامبەر جەلادانی کۆنەپەرەستی سەری دانەنواند، بەڵکوو ناچاری کردن لە بەرامبەر ورەی دوژمن‌شکێنی‌دا پاشەکشە بکەن و لە دەستەوەستانی‌ڕا پەنا بۆ ئێعدامکردنی ببەن. بەمجۆرە شەهید کەماڵ دەباغی ڕۆژی ٣ی سەرماوەز لە شاری کرماشان ئێعدام کرا.   با لە زمان هاوبەندییەکی شەهید کەماڵەوە باسێک لە تایبەتمەندییەکانی بکەین: “دوانیوەڕۆیەکی یەکەم ڕۆژەکانی پاییز بوو کە لە ناکاو دەرگا کرایەوە. هەمو چاومان بڕیبووە یاساوڵەکە و چاوەڕوانی کردار و هەواڵێکی چاوەڕوان‌نەکراو بووین .بەندییەکی تازەیان لە بەندی تاکەکەسی ٦٤وە گواستەوە بۆ بەندی ئێمە کە بەندی گشتی بوو. منیش وەک هەمووان پەیجوری کەسی تازەهاتوو بووم و بە ڕاکشاوی لە سەر جێگای خەوتنەکەم سەرنجم دایە. پیاوێکی سپی‌کەڵەی تاو نەدیتوو، تەمەن ٤٠ تا ٤٥ ساڵ بوو. ڕوخساری نیشانەی ئازار و ئەشکەنجەی چەندین مانگی پێوە دیار بوو. کەمێکیش دەشەلی .ئێمە عادەتمان کردبوو بەم شێوە شەلێنە نائاساییە و هەمومان ئەم شێوە ڕێگا ڕۆیشتنەمان ئەزموون کردبوو… بەندیەکە زۆر کەم قسە بەڵام کەسێکی دڵ‌گەورە بوو، دەمزانی کۆمەڵێک نهێنیی لە ناخیدا شاردووەتەوە .ڕۆژەکان یەک بەدوای یەک‌دا تێ‌دەپەڕێن، پەپوولە پاییزیە سپییەکانیش زیاتر کەوتبوونە سەما و لە دواجاردا بە ناچاری دیسان لە بن میچەکاندا کەڵەکە دەبوونە سەر یەک. بارانی پاییزی دەستی پێ‌کردبوو، دەنگی تکە تکی باران لە سەر تەنەکەی سەربانی بەندیخانە زیاتر هەست پێ‌دەکرا و خرمە خرمی بارانی سەربان، نوتی موسیقایەکی دڵگیری بە گویماندا دەچرپاند. هەر ڕۆژێک کە تێ‌دەپەڕی زیاتر هەستێکی دۆستایەتی و نزیکایەتی لە نێوان من و ئەودا دروست دەبوو. تا ڕادەیەک دەمناسی، دەمزانی لە ڕێگا پڕ تەنگ و چەڵەمەکانی شاخەوە هاتوە. کەم کەم هاتە قسە، ئەو کەسێک بوو کە تەنانەت لە پڕمەترسیترین ساتەوەختەکانی  ئەشکەنجە و ئازاری تاقەت پڕوکێن‌دا هیچی نەدرکاندبوو، تەنانەت ناوی خۆیشی نەدابوو بە ئەشکەنجەکەرەکانی .نیشانەکانی ئەشکەنجەی سەرجەستەی سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو…. ئێستا دوا کاتە و دوابڕیار، بەندیی بەندبەزێن قورسترین سزای بۆ بڕاوەتەوە، بۆیە لەگەل دۆستانی شاخ کە تا ئەوکات خۆی لێ نەبان کردبوون دەستە ملان بوون و لە تێک‌ئاڵقانی نیگاکانیان‌دا هەموو ڕاز و ڕەمزەکانی خۆیان پێکەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن . خەلیل زەر (خەلیل خەلەبان) هاوڕێی ڕۆژانی شاخ زیاتر لە هەمووان لە ئامێزی دەگرێ، وا دیارە لە چرکەیەکدا هەموو نهێنییەکانیان پێکەوە ئاڵوگۆڕ دەکەن .دواجار بە چاوی پڕ فرمێسکەوە بەتوندی لە ئامێزم گرت، برین و دمەڵەکانی جەستەم هەست پێ‌دەکرد، پێم خۆش بوو پێی بڵێم هاوڕێم ڕوخسەتم بدە بۆ دواجار مەڵهەمێک لە برینەکانت بماڵم، بەڵام بەداخەوە کات نییە و بەندی بەندبەزێن دەبێ بچێتە ڕیزی کاروانی نەمران… چەند هەنگاوێک دواتر کاک کەمال بە جەستە بۆ هەمیشە لە ئێمە نەدیو بو، بەڵام ئەو چەند هەنگاوەی دوا ساتەکانی ژیانی بۆ هەموو هاوبەندیەکانی و بە تایبەت بۆ من دەیان ڕاز و ڕەمزی خۆراگری، بەپێوە مردن، وەفاداری بە بەڵێنەکان لە پێناو سەربەرزیی گەل و نیشتمان، درێژەدانی ڕێگای شەهیدان، ژیانی هەڵۆ ئاسای کردە وانەی ژیانی سەربەرزانە و بۆ ئێمەی بەجێ هێشت. لە نێو ئەو ماتەمینی و بێدەنگییە ترسناکە سەپێندراوەدا خەلیل خەلەبان زیاتر لە هەمووان تاساو و پەشۆکاوتر دەبینرا، وەک پەیکەرێکی بێ‌ڕۆ‌‌‌ح چاوی بریبووە موزایکەکەی بەرپێی و بە قووڵی چوبووە نێو بیرکردنەوە. لە ڕوخساری‌دا هەستم بە ئاڵۆزیی خەیاڵەکانی دەکرد، نەخشەی کوردستان لە ماکۆوە بۆ داڵاهۆ لە سەر موزاییکەکە نەخشی بەستبوو، بەدوای شوێنی گونجاودا دەگەرا بۆ دەرپەراندن و ڕاونانی داگیرکەر، لە هەموو هێرش و پەلامارەکانیدا نەیاری زەلیل کردوە و دەیان جار هاوسەنگەرانی لە مردن و گەمارۆ نجات داوە کە چی ئێستا بێ‌دەسەڵات هاوسەنگەر بەرەو سێدارە بەرێی دەکا. باران بەتوندی بەردەوامە و بە لێزمە دەرژێتە سەربانی بەندیخانەکە، وەک ئەوەی کۆڕگێڕی ئەم شیوەنەی ئێمە بێت…”