کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆڕی ھونەری، دەنگ‌وڕەنگی ڕاستەقینەی پێشمەرگە

22:28 - 17 گەلاوێژ 2720

لەگەڵ سەرھەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی ڕەوای گەلی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، حیزبی دێموکرات بەپێی ھەلومەرجی گونجاوی ئەو سەردەم کەوتەوە خۆڕێک‌خستنەوە و گرێدانی خەباتی شاخ بە شارەکانەوە. لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان و ھەتا گوندەکانیش شۆڕش تێکۆشانێکی بەربەرینی جەماوەریی دەست پێکرد و لە زۆربەی ناوچەکاندا لاوان بە پێک‌هێنانی گرووپی ھونەری، شانۆ و سروود خۆیان لەگەڵ جموجۆڵە هونەرییەکانی ئەوکاتی کۆمەڵگەی کوردستاندا گونجاند، و لەم ڕێگایەوە بزاڤی ڕووناکبیری بە تایبەت لە بارەگاکانی ئەوکاتی یەکیەتیی لاوندا گەشەی سەند.
لەگەڵ جێگیر بوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی و داگیرکردنی کوردستان، ڕێژیم هەم شەڕێکی قورس و گەورەی بەسەر کوردستاندا سەپاند و هەم شەڕێکی نەرمی درێژخایەنی لەدژی جووڵانەوەی کورد خستە دستووری کاریەوە. دیارە گەلی کورد ھەر وەک لە مێژوودا نیشانی داوە لە بەرامبەر ھیچ زوڵم و زۆرێکدا دەستەوەستان نامێنێەوە و بە چۆکدا نایە. بۆیە بە شانازی و ئازایەتییەوە ڕێگای خەبات و بەرگری لە کوردستانی ھەڵبژارد. خەڵک و پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریدا خۆیان دیتەوە و بەشدارییان لەو شەڕە داسەپاو و نابەرامبەرەدا کرد. لەو بارودۆخەدا حیزب بۆ پاراستنی گیانی خەڵک بنکەکانی بردنە دەرەوەی شار و شارۆچکەکان. وردە وردە شەڕ لە قۆناغی جەبهەییەوە دەگۆڕا بۆ شێوەی پارتیزانی، بەڵام خەبات و بەربەرەکانی بۆ پاراستی خاکی کوردستان لەو پەڕی خۆیدا بەردەوام بوو. بەپێی قۆناغی نوێی شۆڕش خەباتیش ئاڵوگۆڕی بەسەردا ھات، شار و شارۆچکەکان بۆ سەلامەتیی خەڵکەکەی بنکە و بارەگای ڕێکخراوەکانی تێدا نەمان و ڕوو لە کەژ و کێو و گوندەکانی کوردستان کرا، لە ھەموو کۆمیتە شارستانەکانی ھێزەکاندا بەشێکی بەرچاو لە لاوان خەریکی کاری ڕێکخراوەیی و تەبلیغاتیی خۆیان بوون. بەتایبەت ئەوکات دەکرێ بگوترێ ھەر ھێزەی بەشێکی تایبەتی بە ئینتیشارات و بەشی ھونەریی خۆی ھەبوو. لەگەڵ بەرتەسک بوونەوەی مەیدانی خەبات و ھێرشی ھێزەکانی کۆماری ئیسلامی وردە وردە بنکە و بارەگانی ھێز و ڕێکخراوەکانیش بەرەو سنوورەکان گوێزرانەوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوام بوونی خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەش بەشی ھونەری بەردەوام بوو لە کاروچالاکیی خۆی. لەوانەیە لە ھەندێک کاتدا بەپێی ھەلومەرجی جوغرافیایی و شەڕ ئەویش کەوتبێتە دۆخی کەوتن و ھەڵستانەوە، بەڵام پاشان حیزب بۆ ئەوەی ئەو ھێز و پوتانسێلە بە فیڕۆ نەچێ، بڕیاری دروستکردنی کۆڕی هونەری درا.  هەڵبەت پێشتر کۆڕی هونەری لە فێرگەی سیاسی-نیزامی بوو، بەڵام پاشان لەو بەشە جودا کرایەوە و بوو بە بەشێک لە ئۆرگانەکانی تری حیزب . لەگەڵ ئاودیو بوون بۆ بەری کوردستانی باشوور بەتایبەتی لە ناوچەکانی شارباژێڕ، گەڵاڵە، گەورەدێ، کۆڕی ھونەریی ئەوکات بوو بە مەکۆی کۆکردنەوەی چەندین شاعیری شۆڕشگێڕ و خاوەن بەھرەی شۆڕشگێڕی. لە ھەمان کاتیدا چەند فیلمێکیش لەو سەردەمدا کە زۆرترین گرتەکانی لە ناوچەکانی کوردستان ھەڵگیرابوونەوە بەرهەم هێنران کە دەکرێ ئاماژە بە “نان و ئازادی”، “ژیان و خەبات” و بەرهەمهێنانی دەیان شانۆ بکەین. وەک ئاماژەی پێ‌کرا، کۆڕی ھونەری ئەوجار بوو بە ناوەندێکی ڕووناکبیری و مەڵبەندێک بۆ شێعر، شانۆ، سروود، گۆرانی و، ھەندێک کاتیش نیشاندانی بەھرەی نیگارکێشی. لەم ناوەندەدا شاعیرانی شۆڕشگێر ھۆنراوەی شۆڕشگێڕییان تێکەڵ بە خەبات کرد، دەنگە ڕەسەنەکان سروودی نیشتیمانییان چڕی، شانۆی شۆڕشگێڕی پێشکەش کران، فڵچەوڕەنگی پێشمەرگە وێنەی نیشتیمان و پێشمەرگەیان وێنا کرد . بەشێوەیەکی گشتی کۆڕی ھونەری جگە لە خەباتی پێشمەرگانە، لە بواری کۆمەڵایەتیشدا دەیان خزمەتی بەرچاو و گەورەی وەکوو خەباتی پێشمەرگانە بە گەل و نیشتیمانەکەی کرد. ئەم کاروانی تێکۆشانە تاکوو ئێستاش بە گوڕ و تینی جارانەوە بەردەوامە و بەرھەمی جوان جوان بۆ کوردکاناڵ و سۆسیال میدیای حیزب لە بیروھزری ھونەری پێشمەرگانەیاندا دەخوڵقێنن .