کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرەو لووتكە

03:23 - 25 گەلاوێژ 2720

لە ڕۆژەژمێری ژینم تاكوو ئێستەیش
كە هەر پێشەنگە ئەستێرەی گەلاوێژ ئەوا بۆ ناشتنی تەرمی شەهیدێ لەگەڵ خۆر و هەیڤ كەوتوونە ڕاوێژ *** ئیتر من دڵنیام ڕێم هەتڵە نابێ كە دەستم گەیوەتە تیشكی هەتاوێ ئیتر چۆن پێم دەوەستێ دوژمنی دڕ كە هەنگاوم بەرەو خۆر خۆ دەهاوێ *** چلۆن ڕێگەی خەباتم گرتبا بەر هەتاوێكی وەكوو قازی نەبایە دەفەوتام و دەشێوا ناسنامەم كە مێژووم پڕ لە شانازیی نەبایە *** لە قاسملۆوە فێر بووم تا كوو مردن چەم و ڕووبار بم و قەت ڕانەوەستم كە قۆڵی هیممەتی لێ هەڵبماڵم بە كۆسپ و لەمپەر و مەرگیش دەوەستم *** كە شەودادێ لە نێو ئەنگوستەچاوا دەسی تیشكێ نەرم دێ ڕامدەكێشێ ئەوەش وانەی سەعیدێكە هەتا هەم بەرەو لووتكەی هەتاو دەمباتە پێشێ *** لە بەرما بەرگی پێشمەرگە و لەسەرما ئەوینی نیشتمان دڵداگرێكە كە هیچ لافاوێ بەرگەی ناگرێ و دێ بڵێسەی ئەشقی خاكە و ئاگرێكە *** بەچۆكدا دێن لە بەردەمیا پەت و دار ئەویش گاڵتەی بە دوژمن دێ و بەمردن دەزانێ هەرچی لەو رێیە شەهید بوون سەری مەرگیان بڕی، خۆیان نەمردن *** منیش بەرگی خەباتم كردە بەرم و لەگەڵ خوشك و برا پێشمەرگەكانم لە سامان جیا لە گیانم نیمە بەخوا ئەویش دامناوە بۆ ڕێی نیشتمانم *** دەڵێم ئەی نیشتمان تۆ لێم قەبووڵ كە بەبێ تۆ ژینی من بێ ناوەرۆكە ئەگەرچی سووكە گیانم بۆ دیاریت بەڵام دیاریی شوانە و ئاڵەكۆكە *** كە مردیشم لە مەیدانی خەباتا لە جێی گریان هەموو بیكەن بە جێژن بەڵام تۆخوا لەبیرتان بێ هەڤاڵان لە لای گۆڕی شەهیدێكم بنێژن