کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتاری ٢٥ی گەلاوێژی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکراتی کوردستان

11:26 - 1 خەرمانان 2720

خالید عەزیزی: بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە لە سەنگەری خەبات بۆ دەستەبەری مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورددا درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین  (وتاری ٢٥ی گەلاوێژی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی یوبیلی ئەڵماسی حیزبی دێموکراتی کوردستان) خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! خوشک و برایانی ئازیز! بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان! بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی، کادر و ئەندامان و پێشمەرگەکان! دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان! بە بۆنەی یادی 75 ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبەکەی خۆتان پڕ بەدڵ پیرۆزباییتان لێ دەکەم و، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوو هەموومان بە یەکەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو جێگایەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی لێ دامەزرا یادی حیزبی دێموکراتی کوردستان و یادی دامەزرێنەری ئەو حیزبە، پێشەوا قازی محەممەد بکەین. هەروەها لێرەوە ڕێز و پێزانینی خۆمان و سەری کڕنۆش دادەنوێنین بۆ دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد و هەروەها دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی. هەر لەو ڕۆژەدا دیسانەکانە ڕێز لە یادی هەزاران پێشمەرگە، کادر و ئەندامانی ڕێبەریی ئەم حیزبە کە گیانی خۆیان لە پێناو حیزبی دێموکراتدا قوربانی کردوە، دەگرین. فەلسەفەی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاستییدا ئیدارەی وڵات بوو، بەڵام پێش دامەزراندنەکەی پرۆسەیەکی مەنتیقی بوو. خەباتی حیزنی دێموکرات پرۆسە بوو بەڵام دامەزراندنی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان پڕۆژە بوو، پرۆسەکە ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بە تەبیعەتی دەوڵەمەندیی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکرات پڕۆژەکانیشی جۆراوجۆر بوو. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەما و بناغەی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزرا، واتا پرۆسەکە لەوێ‌ڕا دەستی پێ‌کرد. ئەو کات کۆمەڵێک تێکۆشەر و ڕووناکبیری کورد، هەوڵیان دەدا و دەگەڕان بە دوای شوناسی خۆیاندا و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەم کۆمەڵەیەدا ناسیۆنالیزمی کورد و کوردایەتییان تاوتوێ دەکرد. لە ڕاستییدا سەرەتاکەیان دامەزراند، بەڵام بە تەبیعەتی وەزعی تایبەتیی ئێران لە سەردەمی شەڕی دووی جیهانییدا قۆناغێک دێتە پێش، بۆیە پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو دەرفەتەی زۆر بە باشی قۆستەوە. لە ماوەیەکی کورتدا بەوە گەیشت کە دەبێ حیزب دامەزرێنێ، سیاسەت بکا، بچێتە مەیدانی عەمەل و وڵامی کۆمەڵێک پرسیار بداتەوە؛ بۆیە بە ئیرادەی قایمی خۆی، بە هیممەتی خۆی، بە ڕێبەریی خۆی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی لە 25ـی گەلاوێژی ساڵی 1324دا دامەزراند. دامەزرانی حیزب، ڕووداوێکی مێژوویی بوو و، لە ماوەیەکی کورتی پێنج-شەش مانگەدا لەبەر ئەوەی کە قازی محەممەد لە سەر مێکانیزمی ئیدارەی وڵاتیش خوێندنەوەی هەبوو، دوای حیزبی دێموکراتی کوردستان، کۆماری کوردستانی دامەزراند. قازی محەممەد دەمێک بوو لە مێشکی خۆیدا دەیزانی چ دەکا و یەک بە دوای یەک پڕۆژەکانی خۆی جێ‌بەجێ دەکرد، بۆیە لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد حیزبی دێموکراتی کوردستان ئەو شانازییەی پێ بڕا یەکەم کۆماری کوردستان‌ دابمەزرێنێ و بەپێی ئەوەی حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمایەکی نەتەوەیی بۆ جێبەجێ کردنی ویست و داخوازەکانی نەتەوەی کورد دامەزرابوو، هەوڵی‌ دا هێما و شوناسی نەتەوەییش بە هەموو دامەزراوەکانیەوە دیار بێ؛ لە کۆماری کوردستانەوە بگرە تا دواتر ئاڵای کوردستان، سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب، دواتر ناوی پێشمەرگە، هەمووی ئەو دامەزراوانە ئێستاش بە گشتی لە لایەن زۆرینەی گەلی کوردەوە بە شانازییەوە چاوی لێ دەکرێ. حیزبی ئێمە ئەو پرۆسەیەی کە دەستی پێ کرد و دوایە کردی بە پڕۆژە، توانی لە دەورانێکی زۆر حەساسدا بنەماکانی هۆوییەتی نەتەوایەتیی کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابمەزرێنێ. قازی محەممەد وەک ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە هەموو کێشەکان تێ‌گەیشتبوو، بۆیە سیاسەتێکی فرە ڕەهەندی گرتە بەر. لە لایەک دروست‌کردنی حیزب، دروست‌کردنی دامەزراوە حیزبییەکان، بە جۆرێک حیزبی دێموکراتی سازمان دا کە هەموو چین و توێژەکان خۆی تێدا بخوێننەوە. هەر ئەو وەختە حیزبی دێموکراتی کردە حیزبێکی جەماوەری، هەتا ئێستاش ئەو فەلسەفەیە یا جەماوەربوونی حیزبی دێموکرات هەر پێوەی دیار ماوە، بە دوای ئەودا تێ‌کۆشا دامەزراوە دروست بکا، مەسەلەی کورد لە ئێران بێنێتە گۆڕێ و حیزبی دێموکرات بوو بە پارتنێری حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان لە چەند و چۆنیی چارەسەری کێشەکانی نێوان ئازەربایجان و کوردستان و دروست‌کردنی مێکانیزمێک بۆ لێک تێگەیشتن و هەروەها چۆنیەتیی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ تاران. حیزبی دێموکرات هەوڵی دا لەنێو کۆمەڵانی خەڵک لە ڕاستییدا ئەقڵییەتی دێموکراسی، بەرابەریی ژن و پیاو، بەشداریی هەموو چین و توێژەکان لە ژیانی حیزبایەتییدا ببا‌تە پێشێ، بەڵام هەموو ئەوانە ماوەیەکی کەم بوو. بە داخەوە حکوومەتی تاران لە جیاتی ئەوەی کە پەیامی ئاشتیخوازی، پەیامی دێموکراتیک و پەیامی بە یەکەوە ژیان لە ئێراندا لە لایەن حیزبی دێموکرات کە هات‌بووە گۆڕێ و شەخسی پێشەوا ڕێبەریی دەکرد، وەر بگرێ؛ هێرشی کردە سەر کوردستان. لە ئاکامدا بە داخەوە کۆماری کوردستان ڕووخا و پێشەوا لە سێدارە درا. تەنانەت ئەو کات کە بڕیاریان دا پێشەوا قازی محەممەد لە سێدارە بدرێ، خۆشەویستیی پێشەوا قازی محەممەد لە نێو خەڵکی کوردستاندا و تا ڕادەیەک خەڵکی ئێران کە دەیانناسی ئەوەندە بوو، کە لای ئەمریکاییەکانیش وەک پرسێک چاو لێ دەکرا. ئارسی ڕۆزوێڵت، سیاسەت‌مەدار و کادری لێهاتووی ئەمریکا کە لە سەفارەتی ئەمریکا لە تاران کاری دەکرد، سەردانی پێشەوا قازی محەممەد دەکا ئەو وەختە لەو مەنتەقانە گوزارشی خۆی داوەتەوە و زۆر بە ڕێزەوە باسی قازی محەممەد دەکا. بۆیە تەنانەت ئەمریکاییەکان پێشنیاریان بە حکوومەتی شا کرد بوو پێشەوا قازی محەممەد، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان کەسایەتییەکی جێکەوتوو و جێی ڕێزە نابێ ئاوای لەگەڵ بجووڵێنەوە. بەڵام حکوومەتی تاران بە داخەوە هیچی ئەوانەی لە بەرچاو نەگرت و کۆمار ڕووخا و پێشەوا قازی محەممەد لە سێدارە درا، بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد لەدایک بوو، بیری کوردایەتی لەدایک بوو، هیوا و ئومێد لەدایک بوو، هەر ئەوە بوو بە هۆی ئەوە کە ئەندامان و کادرەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە دوای ڕووخانی کۆماریشدا چالاکیی خۆیان درێژە پێ بدەن، بەشێک لە کادرەکانی ئەم حیزبە لە زەمانی حکوومەتی شادا کەوتنە زیندانەکان، بەشێکیان تووشی دەربەدەری بوون، بەشێکیشیان لە نێو خەڵکی کوردستان و لە نێو دڵی خەڵکی کوردستاندا بە شێوەی نهێنی چالاکیی خۆیان درێژە دەدا. ئەگەر وایە بە لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد ڕاستە پێشەوایەکی گەورەمان لە دەست دا، بەڵام دەکرێ بڵێم ناسیۆنالیزمی کورد و ئەقڵیەتی کورد و شعووری نەتەوایەتیی کورد زیاتر بە دوای ئەوەدا دەڕۆی کە چۆن خەباتەکەی خۆی درێژە پێ بدا، حیزبی ئێمە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی خۆیدا هەوڵی داوە تێ‌‌بکۆشێ لەسەر بایەخ دان بە بنەماکان چالاکیی سیاسیی خۆی درێژە بدا. دەورانێک لە ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێبەرانی ئەو حیزبە و کادرەکانی لە باشووری کوردستان بووە، ئەو دەورانەش هەمووی هەوڵ و هیممەتی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات و کادرەکانی ئەوە بووە کە چۆن لە نێوخۆی وڵات کار بکەن، چۆن ڕایەڵە و پێوەندیی خۆیان لە نێوخۆی وڵات کە بە دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان مابۆوە، بەهێزتر بکەن. لە دەورانی ساواکدا کە گرتن و کوشتن لە گۆڕێدا بوو، بەڵام دیسان کۆڵیان نەدا و لە ساڵەکانی 46 و 47 -هەرچەند حیزبی دێموکرات هەمیشە لەو باوەڕەدا بووە تێ بکۆشێ لە ڕێگای وتووێژەوە کێشەی خۆی لەگەڵ تاران جێ‌بەجێ بکا، بەڵام مادام ڕەفتاری حکوومەتی شا لەگەڵ حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی کورد ڕەفتارێکی نامەسئوولانە بوو تەنیا زمانی کوشتن و ئێعدامی دەزانی، بەشێک لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، جووڵانەوەیەکی چەکدارییان وەڕێ خست، ئەو جووڵانەوە چەکدارییەش بە حوکمی نفووزی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا ڕێزێکی زۆری لێ گیرا، تا ڕادەیەکی زۆر خەڵک پشتیوانییان لێ کرد. یانی دەمهەوێ ئەوە بڵێم لە بیری فرە ڕەهەندیی حیزبی دێموکراتدا هەوڵ دراوە بە هەموو جۆرێک لە خەبات تێ‌بکۆشین، حزوورمان لە نێوخۆی وڵات بێ و تێ‌بکۆشین هەمووی ئەو مەیدانانە تاقی بکەینەوە. بەشێکی سەرەکیی ژیانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئیدامەی ئەو هەوراز و نشێوانەدا دوای ئینقلابی ئێران و ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی لە ئێراندا دەست پێ دەکا. ئەگەر سەردەمی کۆماری کوردستان ماوە و مەودای دەسەڵاتی حیزبی دێموکرات و نفووز و شوێنی کاری هەر ناوچەی موکریان بوو، دوای ئینقلابی ئێران، تا لای خوارووی کوردستان ڕۆییشت، یەعنی ئەو خەونەی حکوومەتی پێشووی تاران پێی‌‌وابوو بە لە سێدارە دانی قازی محەممەد مەسەلەی کورد تەواو یان بەرتەسک دەبێ، بە پێچەوانە مەودای جوغرافیایی و نفووزی زۆرتر بوو و دەستەیەکی زۆرتر لە خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بە ژن و پیاوەوە لە بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویان لە حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد. هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ئینقلاب حیزبی دێموکرات لایەنگری ئەوە بوو کە کێشەی کورد لەگەڵ تاران لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکرێ، دوکتور قاسملوو مێعماری ئەو ئیدەیە بوو و تێشیدا زۆر شارەزا و بە توانا بوو، بۆیە هەموو هەوڵەکانی خۆی بەکار بەست بە گەلانی ئێران، بە حیزب و لایەنە سیاسییەکان و بە کەسایەتییەکانی ئێران بڵێ ئێمە ئینقلابمان کرد، بە یەکەوە ئیدارەی ئێران بکەین و ئێمەی  کوردیش بۆیە لەو ئینقلابەدا بەشدار بووین، کە بە مافە نەتەوەیی و دێموکراتییەکانی خۆمان بگەین، بەڵام بە داخەوە حکوومەتی تاران و شەخسی ئایەتوڵڵا خومەینی ئەو پەیامە واتادارەی ڕێبەری کاریزما، دوکتور قاسملوو کە هەم بۆ کورد و هەم بۆ ئێران بەرژەوەندییەکی زۆری تێدا بوو بە جددیی وەر نەگرت؛ بۆیە پەیامی ئاشتیی ئێمەی بە شەڕ و هێرش کردن بۆ سەر کوردستان وڵام دایەوە. موقاوەمەتی پێشمەرگەکان بە تایبەت پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، حکوومەتی تارانی هێنا سەر ئەو قەناعەتە کە موزاکرە بکەین. لەو موزاکراتەشدا هەوڵێکی زۆر درا، بەڵام بە داخەوە نێوەرۆک و تەبیعەت و ماهییەتی کۆماری ئیسلامی ئەوە بوو کە مەسەلەی کورد لە ڕێگای گفتوگۆوە چارسەر نەکا، دوکتور قاسملوو دڵنیام زیاتر و باش‌تر لە هەموو کەس ئەوەی دەزانی بەڵام دەیویست بە کۆمەڵانی خەڵک و بە لایەنەکان بڵێ کە ئێمە ئینقلابمان کردوە بۆ ئەو مافانە بەڵام حکوومەتی تاران ڕێگرە لە گەیشتنی ئێمە بەو مافانە. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا کۆماری ئیسلامی شەڕی بەسەر ئێمەدا سەپاندوە و حیزبی دێموکرات و پێشمەرگەکانی کوردستان و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دیفاعیان لە خۆیان کردوە، لە تەواوی ئەو ماوەدا حیزبی ئێمە هەوڵی داوە لەسەر چەند ئەساس تێ بکۆشێ، بە بنەماکانی خۆی وەفادار بێ، یەکەم لەو پێوەندییەدا هەوڵی ئێمە ئەوە بووە بە جەماوەری بوونی حیزبی دێموکرات هەمیشە لای ئێمە گرینگیی خۆی هەبێ، ئەویش پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک لە نێوخۆی وڵات، هەوڵ دان بۆ ئەوەی کە خەڵک لە نێوخۆی وڵات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێکاری جۆراوجۆر و سیاسەتی فرە ڕەهەندی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لە زەمانی پێشەوا قازی محەممەدەوە دان درابوو و شەخسی دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندیش درێژەیان پێ دا، بەردەوام بچێتە پێشێ. هۆیەکەشی ئەوەیە جێگای حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، بیر و هۆشی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش هەر لە نێوخۆی کوردستانە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو لە سێدارە دانی پێشەوا قازی محەممەد، تێرۆری دوکتور قاسملوو، لەسەر مێزی وتووێژ و تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی لە شوێنێک کە دیویست مێکانیزمێک بۆ نزیکیی هێزە ئێرانییەکان بدۆزێتەوە و، لەم دواییانەدا تێرۆری دەیان کادری ئێمە، مووشەک‌بارانی قەڵا و تەنانەت ڕووداوەکەی شەوی یەلدا، زۆرێک لەو ڕووداوانە هەموو یەک شتی دەر خستوە ئەویش ئەوەیە نفووزی جەماوەریی حیزبی دێموکرات، گارانتی مانەوەی حیزبی دێموکراتە. جا ئەگەر وایە ئێوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری، حزوور و لە مەیداندا بوونی خۆتان هەوڵتان داوە، حیزبەکەی خۆتان ڕا بگرن. حیزبێک کە تەحەمولی ئەو هەموو هەوراز و نشێوانەی کردوە، ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەر هاتوە و خۆ ڕا دەگرێ، ئەوە ئێوەش خۆ ڕا دەگرن. چوار ڕۆژ دوای مووشەک‌بارانەکە ئێمەتان بە تەنیا نەهێشتەوە و بە ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانتان ڕاگەیاند؛ ڕاستە بە مووشەک لە ئێوە دەدەن، بەڵام ئێمە لێرەوە لەگەڵتان‌داین و سابیتیشتان کرد. ئەم هەڵوێستەی ئێوە بوو بە بەڵگە لەو بەڵگە مێژووییانەی حیزبی دێموکرات کە دەچێتە سەر کارنامەی ئەم حیزبە و بە دڵنیاییەوە هەتا کۆمەڵانی خەڵکی لەگەڵدا بێ بە چۆک دانایە. ڕێبەرانی ئێمە لە تەواوی ئەو ماوەیەدا هەوڵیان داوە لە مەیداندا بن و بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە و بە هەستێکی نەتەوایەتی لە پێناو مافەکانی خۆماندا کار بکەین و کاریان بۆ کردوە. لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش بێ‌تەفاوەت نەبوون. هەر ئەو وەختە پێشەوا قازی محەممەد هەوڵی داوە لەگەڵ ئینگلیسییەکان پێوەندی بگرێ و، لەگەڵ مۆسکۆش پێوەندییەکی باشی پێک هێنا، هەوڵی داوە لەگەڵ ئە لایەنانەی کە وەختی شەڕی جیهانیی دووەم بە جۆرێک پێوەندییان بە ئێران و کوردستانەوە بووە لە پێوەندییدا بێ، هەروەها لەگەڵ ئازەرییەکانیش. چون ئەو دەیزانی دەبێ پێ‌ بە پێی خەبات و تێکۆشان و ئیدارەی وڵات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش لە ئێمە بگا. بە دوای ئەودا دوکتور قاسملوو دەکرێ بڵێم مێعماری هێنانە گۆڕی ئەقڵییەتی دیپلۆماسی و ئەوەی کە مەسەلەی خۆمان بە جیهانی بکەین، دوکتور قاسملوو بە حوکمی ئەوەی لە نێوخۆی وڵات لەگەڵ ئێرانییە‌کان و لە دەرەوەی وڵاتیش لەگەڵ بیانییەکان تێکەڵاوییەکی باشی هەبوو، هەر بۆیە کارنامەیەکی بەهێزی لەم بارەیەوە لە خۆی بەجێ هێشتوە. زۆر باش دەرکی مەسەلەکەی دەکرد و لەم دواییانەشدا بەشێک لە سەرنجی ئورووپاییەکان و بە تایبەت فەڕانسەوییەکان کە بە مەسەلەی کورد دراوە، تا ڕادەیەکی زۆر هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە سەر سەرمایەگوزاریی ئەو کاتی دوکتور قاسملوو کردی. ئێمەش لەژێر ڕووناکایی ئەزموون و ڕێنوێنیی ڕێبەرانمان بەردەوام لەو ئاستەشدا هەر دەچینە پێشێ. لەسەر ئەساسی ئەوەی کە ئێمە پێمان‌‌وایە کێشەی ئێران لە ئاستی گشتی و بەبەشداریی هەموو پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە چارسەر دەکرێ، هەوڵمان داوە لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی نەتەوایەتیی خۆمان پێوەندییمان باش کەین و، هەر لەو بوارەدا هەوڵمان داوە لەگەڵ سازمان و حیزبەکان بە پێوەندی دروست‌کردن بە هەموو لایەک بڵێین کە ئێمە دەبێ بە یەکەوە لە بیری ئیدارەی داهاتووی ئێران بین. ڕامان گەیاندوە و جارێکی دیکەش ڕا دەگەیەنین ئەگەر قەرار بێ ئێران لە داهاتوودا ئیدارە بکرێ، دەبێ تەوافوقێک بکرێ لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان، هەموو لایەنە قەومییەکان و هەموو لایەنەکانی دیکە و چەندوچۆنیی ئیدارەی ئێران لەو بوارەدا سیاسەتی دروستی خۆمان هەیە. پەیامێکی دیکەمان لێرە بۆ ئێرانییەکان هەیە کە ڕەنگە بەشێک لەوان ئاگاداری کێشە و پرسی ئێمە نەبن، ئەویش ئەوەیە کە ئەم وڵاتە کاتێک ئەمنیەت و ئاسایش بە خۆیەوە دەبینێ، زەمانێک ئاشتی و دێموکراسیی تێدا سەقام‌گیر دەبێ کە هەموو لایەنەکان بەو جۆرەی کە هەن تێدا بەشداری ئەو پرۆسەیە بن و هەڵاواردنێک لە گۆڕێدا نەبێ. بە بەشداریی هەموو لایەک لە ئێران ئەمنیەت و ئارامشێکی میللی، قەومی، مەزهەبی، سیاسی و قانوونی دێتە ئاراوە و ئەو وەختە دەکرێ بڵێین ئیدارەی ئێران، ئیدارەیەکە کە لەسەر ئەساسی ئەو جۆراوجۆرییە دامەزراوە. ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان کورد لە پرۆسەی بەڕێوەبەریی ئێراندا بەشدار نەبێ و لەگەڵدا نەبێ، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان سیاسەتەکانی ئێمە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە سەرنجی نەدرێتێ، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان بیر لەوە بکرێتەوە کە ئێرانێک دروست دەکرێتەوە لەسەر تەمەرکوزگەرایی هەر بەو فەرهەنگەی کە لە حکوومەتی پێشوو و لە کۆماری ئیسلامییدا هەبوو دڵنیاتان دەکەینەوە و ئەو ئێرانە هەرگیز ئەمنیەت و ئاشتی و ئارامش بە خۆوە نابینێ و، خەڵکەکەی لە دێموکراسی و ئازادی و مافەکان بەهرەمەند نابێ. بۆیە ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بەرامبەر بە هیج هاوکێشەیەک و بە هیچ سێناریۆیەک نیسبەت بە داهاتووی ئێران کەمتەرخەم نابین و هەوڵ دەدەین هەموو شوێنێک بە پێی بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەکانی خۆمان وەک کوردی کوردستانی ئێران، دەورمان هەبێ و سیاسەتی خۆمان بێنینە گۆڕێ. حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان هەمیشە بە هەستی بەرپرسایەتییەوە جووڵاوەتەوە، ئێمە هەوڵمان داوە لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا بین و، لە ڕۆژە خۆشەکانیشدا دیسان پیرۆزباییان لێ بکەین. تێ بکۆشین لە ئەزموونی ئەوان کەلک وەر بگرین، سیاسەتی گشتیی ئێمە ئەوە بووە بە هیچ جۆرێک دەستێ‌وەردان لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نەکەین، بەڵام دۆستایەتیی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەو بەشانەدا بکەین و هەمیشە ئارەزوومان ئەوە بووە کێشەی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە ڕێگای وتووێژ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێ. بەڵام پێوەندیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خەڵکی باشووری کوردستان شتێکی دیکەیە. مێژووی پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ خەڵکی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە سەردەمی کۆماری کوردستان، ئەو وەخت کە بارزانییەکان هاتن بەشداری کۆماری کوردستان بوون، لە کۆماری کوردستان لە حکوومەتی کوردیی ئەو کاتدا میوان نەبوون خاوەن ماڵ بوون، بە یەکەوە لە سەر سفرەی سیاسەتدا بوون. ئەوە یەکێک لە سانازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆماری کوردستانە. لە تەواوی مێژووی حیزبی دێموکراتدا زۆر جار ڕێبەرایەتی، پێشمەرگە و کادرەکانی حیزبی دێموکرات، بنکە و بارەگاکانیان کەوتوەتە باشووری کوردستان. لە ڕۆژە ناخۆشەکاندا خەڵکی باشووری کوردستان زۆریان پشتیوانیی ئێمە کردوە، زۆر لەگەڵماندا بوون، زۆر بەهانای دەرد و کێشەکانمانەوە هاتوون، بۆیە ئێمە لەو ڕۆژەدا جێگای خۆیەتی وێڕای سپاس بۆ هەموو لایەک بۆ دۆزی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان زەحمەتیان کێشاوە، سپاس و ڕێزێکی تایبەتییمان هەبێ بۆ خەڵکی باشووری کوردستان و لایەنەکان کە لەو ڕۆژە ناخۆشانەدا تەنیایان نەهێشتووینەتەوە. لە کارنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا کە حیزبێکی جەماوەرییە و 75 ساڵ لە مەیدانی خەبات و تێکۆشانیدا لە بواری جۆراجۆردا بووە و قوربانییەکی زۆری داوە، نەقڵێکی خۆش هەیە لە کوردییدا دەڵێن: "بانی گەورە و بەفری زۆر" مادام حیزبی دێموکراتی کوردستان حیزبێکی جەماوەری و پڕ نفووزە 75 ساڵ خەبات و تێکۆشانی کردوە لە بواری جۆراجۆری دیپلۆماسی، تەشکیلاتی، ڕێکخراوەیی، سیاسی، خەباتی جەماوەری، خەباتی پێشمەرگانە، خەباتی قانوونی و هەتا بگرە وتووێژ لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکان لە مەیداندا بووە و بێ‌تەفاوەت نەبووە، هیچ گومانی تێدا نییە بێ‌کێشەش نەبووە. هەڵەش لە گۆڕێدا بووە، بەڵام پەڵەمان لەسەر نییە، هەڵە و کێشەش دێتە سەر ڕێی کەسێک کە کار دەکا، بۆ حیزبێکی گەورەی وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانیش زۆر بە ئاسایی و سروشتیی دەزانین، بەڵام بە شانازییەوە دەڵێین حێزبێکین پەڵەمان لەسەر نییە. لە داهاتووشدا ئێمە حیزبێکی بێ‌کێشە و بێ‌هەڵە نابین، بەڵام ڕۆحمان ئاواڵە دەبێ بۆ وەرگرتنی تێبینی و ڕەخنە و پێشنیارەکان هەتا چارەسەریان بکەین. بێ‌گومان لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا لێک‌دابڕان بووە، ئینشعاب ڕووی داوە، جاری وا بووە کە ئێمە پێکەوە نەحاواوینەتەوە و ئەو لێک‌دابڕانانە خۆش نەبووە بۆ ئێمە، بەڵام با شتێکتان پێ بڵیم لە زۆربەی زۆریاندا ئەگەر لایەنەکان پێکەوە نەحاواونەوتەوە هەرگیز لەسەر بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی گومانیان نەبووە، جا ئەگەر وایە بنەماڵەی حیزبی دێموکرات وا پەروەردە کراوە ئەگەر لەگەڵ یەکیش کێشەی هەبێ بەڵام تا ئەو جێیەی پێوەندیی بە خەبات و تێکۆشانەوە هەیە دژی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەرگز گومانی نەبووە. ئەوە خاڵێکی بەهێزە کە ئێمە لەسەر ئەساسی ئەوە و بە پێی زەروورەتێکی مێژوویی کە لە داهاتوودا بووە قەزییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دێتە گۆڕێ، بە هەستی بەرپرسیارەتییەوە چاو لە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بکەین. لەم پێوەندییەدا تا ئەو جێیەی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و سیاسەتەکانی ئێمەوە بووە و تا ئێستا بە شاهیدیی مێژوو، بە شاهیدیی تەواوی ئەو بەڵگانە کە لە گۆڕێدا هەن، ئێمە کۆتاییمان نەکردوە و لەمەو بەداوش ئێمە هەوڵ دەدین ئەوەندەی لە تواناماندا بێ وەک حیزبێکی بەرپرسیار کە هەستی بەرپرسیارییەتیی هەیە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەو پرسە ئەرکی خۆمان بەجێ بێنین.   هاونیشتمانانی تێکۆشەر! خەڵکی تێکۆشەر و هەمیشە لە مەیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان! بۆ جارێکی دیکەش بە بۆنەی یادی 75 ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان پیرۆزباییتان پێ دەڵێم و، ئێمە لەم ڕۆژەدا پەیمان نوێ دەکەینەوە، لەگەڵ پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان، لەگەڵ دوکتور قاسملوو‌، لەگەڵ دوکتور سادق شەرەفکەندی، لەگەڵ هەموو شەهیدان و لەگەڵ هەمووی ئێوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەسەر خەبات و تێکۆشانی خۆمان سوور بین و، تێ دەکۆشین ئەزموونی ژیانی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هیممەت و پشتیوانیی ئێوە لە داهاتوودا بە کار بێنین و، تێ دەکۆشین بە پشتیوانیی ئێوە ئەو خەباتە بەربەرین‌تر بکەین و دڵنیام خەباتی ئێمە لەگەڵ ئێوە و لەگەڵ هەموو دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتمان چ لە نێوخۆی ئێران و چ لە دەرەوە خەباتێک دەبێ و لە درێژەی خۆیدا لە سەرکەوتن نزیک دەبێتەوە. لە کۆتاییدا ئێوە هەر ساغ و سڵامەت بن و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش هەر پایەدار بێ و، ئەگەر ئێمە لە پشتی یەک بین داهاتوو ئیی ئێمەیە، مێژووی خەبات و تێکۆشان نیشانی داوە داهاتوو ئیی ئێمەیە. هەموو لایەکمان بە یەکەوە هەر ساغ و سڵامەت بن، بژی حیزبی دێموکراتی کوردستان.