کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی سیاسی ــ تەشکیلاتیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات

19:51 - 9 خەرمانان 2720

سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان کۆبوونەوەیەکی سیاسی ــ تەشکیلاتیی بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب پێک هێنا. ئەم کۆبوونەوەیە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خەرمانانی ٩٩ی هەتاوی، بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و بە ڕەچاو کردنی هەلومەرجی تەندروستی و دۆخی تایبەتیی کۆڕۆنا لە یەکێک لە بنکەکانی سەر بە دەفتەری سیاسیدا بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد و پاشان بەڕێز خالید عەزیزی، باسێکی تێروتەسەلی لەسەر دۆخی ئێستای جیهان و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەت ئێران و بە تایبەتیتر کوردستان و کار و چالاکییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە گشتی و ئەندامانی حیزب لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و لە بازنەی سیاسیی و دۆخی نەخوازراوی کۆڕۆنادا پێشکەش کرد. بەڕێزیان لە باسەکەیدا ئاماژەی بە چەند خاڵی بنەڕەتیی لەسەر چۆنیەتی کارکرد و مامەڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە نیسبەت ئەم دۆخە کە بەرۆکی هەموو جیهانی گرتوە و مودیریەتی دروستی کێشە و بەرنامەکانی حیزب لە لایەن هەموو ئۆرگان و ناوەندەکانی حیزبەوە کرد و بە وردی شیکارییەکی ڕاشکاوانەی لە بارودۆخەکە کرد. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سکرتێری گشتیی حیزب بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان پێش کۆڕۆنا واتە لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێرانەوە بگرە تا خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە و کوژرانی قاسم سلێمانی بە دەستی ئەمریکاییەکان کە بەڕێزیان وەکوو لێدانی غورووری کۆماری ئیسلامیی لە جیهاندا ناوی برد، کە ئەمانە و داڕمانی ئابووری و پێگەی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوچەکە و جیهانیشدا ئەو ڕێژیمەی لە لێواری مەرگ نزیک کردبۆوە، بەڵام کۆرۆنا فریای کۆماری ئیسلامیی ئێران کەوت و ڕێژیم بە قازانجی خۆی قۆستییەوە. بەڕێز عەزیزی لە درێژەدا پێی لەسەر ئەوە داگرت کە سەرەڕای ئەوانەش بە یەکگرتوویی هێزە سیاسییە ئێرانی و کوردستانییەکان کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو بوارەوە پشکی شێری بەردەکەوێ و حیزب لەم بوارەدا هەوڵی جیددی بۆ داوە، لە درێژەدان بە خەبات بەردەوامین و دەتوانین بەسەر ئەو ڕێژیمەدا سەربکەوین. تەوەرێکی دیکەی باسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان چەند باسێکی تەشکیلاتی و یەک لەوان پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و چەندی‌وچۆنیی ئەم بابەتە گرینگ و هەستیارە بوو.