کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینی ئەم دیوئەودیوی نەریتی کۆنی بەرخوێن

17:36 - 16 خەرمانان 2720

دارسمەی موخلیستان لە درێژەی سمینی کۆتەرە دارەکانی لێڕەواری ئاوەدان، ئەو لێڕەوار و دارستانانەی مرۆڤەکان ڕۆژانی پشوودان و کاتی سەیران لەژێر سێبەری دارەکانی دەحەسێنەوە، وای لێ کردم ئاگاداری هەموو “سڕوتڕ”ی ئێوە بم. خۆ من ئەوەندە باڵ ناکەم و دوور ناڕۆم. باڵدارێکی کۆچەریش نیم کۆچی وەرزانەم هەبێ و هەر وەرزەی لە دەراوێک و هەر مانگەی لە کەشوهەوای جیاوازی ئەم سەرزەوەییە بم. نەڵێن ئەم باڵندە بچووکە سەر چەکوچە لەکوێ ئەم هەموو زانیارییەی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کۆ کردۆتەوە؟ هەرچی دەیزانم لەسەر ئەم دارانەوە ئەوکاتانەی بۆ حەسانەوەی میشکی ماندووی بە هیچوپووچ ئاخنراوی بەشێکی بەرچاوتان وازم لە دارسمین هێناوە، لە ئێوەی فێربووم. لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا کۆمەڵێک پیاو لەژێر سێبەری داربەڕوویەک دانیشتبوون. دیار بوو دوای خواردن و خواردنەوەیەکی زۆر لەم سەیرانە، سەرخەوێکیان شکاندبوو. یەکێکیان دوای چاو هەڵگڵۆفین و سێ چوار زڕە باوێشکی درێژ بانگی ژنانی بەشداری سەیرانەکەی کرد خێرا چایان بۆبێنن. من کە لەسەر لقێکی ئەستووری سەر سەریان سنگم وە دووڕیانی نێوان لقەکە و کۆتەری سەرەکیی دارەکە دابوو، گوێم بۆ قسەکانیان شل کردبوو. باسەکەیان گەرم بوو. باسی یاسای “بەرخوێن”یان دەکرد. لەبەر ئەوەی جڕوجانەوەرێکی بەزەڕ نەبم و دۆخەکەیان نەشێوێنم و ژیانی ئەم دارستانەش لەنێو فڕکەفڕکی بەردەقانی و پلارتێگرتندا لە خۆم نەشێوێنم، لە بەیانییەوە تەنیا نووکێکیشم لەکۆتەرە دارەکان نەداوە. ئەوان لە باسەکە گەرم داهاتن. مینش نێوەنێوە هەودای خەیاڵم دەپچرا و دەگەڕامەوە نێو قسەکانیان. کەوتمەوە یادی زێنەبێ. زێنەبۆکەی قاسم سولەیمانی دەڵێم. نازداری باوکی، ماوەیەک لەمەوبەر پێش ئەوەی کفنی باوکی کەمێک ڕەنگی بگۆڕێ، هەواڵی شووکردنی بە کوڕە حیزبوڵڵایەکی لوبنانی بڵاوکرایەوە و دوایی بێدەنگەی لێ کرا. ئێستا دەڵێم بڵێی زێنەب خانمیش بەرخوێن نەدرابێ؟ دیارە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا نوێنەرانی هەڵبژێردراوی شۆڕای نیگەبانی ئێران لە مەجیلسی شورای ئیسلامی، باسی بابەتی “خونبس” دەکەن. ئەو خوونبەسەی ئێوە پێی دەڵێن “ بەرخوێن”. بەرخوێن بەو کچانە دەگوترێ کە لە دوژمنایەتیی نێوان دوو تایفە یان دوو خێزاندا پێشکەش بە کەسێک دەکرێن کە لە دوژمنایەتییەکەدا پیاویان لێکوژراوە. بەمجۆرە دوژمنایەتییەکە ڕادەوەستێ و کەسوکاری کوژراوەکە کەسی دیکە لە کەسوکاری بکووژەکە ناکوژنەوە. جا لێرەدا سەیری ژیانی ئەو کچانه خۆشە کە بەرخوێن دەدرێن. کچەکە بە کوڕێک یان پیاویکی خاوەن ژن دەدەن کە لە ژیانیاندا بەیەکەوە نەچوونەتە ژوانگە و نەک هەر چاوبڕکێیان نەکردوە و چاوی خۆشەویستییان لە یەکتر دانەگرتوە، بەڵکوو بەژن و باڵای یەکتریشیان نەدیوە. جا ئەگەر حەزت لە ئەشکەنجە و دیتنی ئەو جۆرە دیمەنانە بێ، لەپەنایەکەوە ئاگات لە دۆخی ڕواڵەتی و دەروونیی ئەمجۆرە کچانە بێت. ئەم خۆرهەڵاتی ناوینە خەڵکێکی سەیر و سەمەرەی لێ دەژیێت. لە لایەک نەتەوەیەکی وەک کوردی لێیە و ژنانی سنگیان ڕەپێش خستوە و چەک بەدەست بە ناوی پێشمەرگە و گریلا خەریکن بۆ گەیشتن به یەکسانی خەبات دەکەن. لەلایەکی دیکەوە ژنانی واش هەن سەرەڕای خوێندەوارییەکی زۆر، دەبنە نوێنەری مەجلیس و خەریکن بەرخوێندانی کچان بکەنە یاسا و ئەگەر کێشەیەک لە نێوان دوو یان چەند پیاو ساز بوو، بە گۆڕێنەوەی کچێک یان چەند کچ لەم نێوەدا کێشەکەیان چارەسەر بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەم ناوچەیە پڕە لە کێشەی سەیروسەمەرە. کێشە لەسەر ئەوەی کوڕی جیرانێك چاوی لە کچی دراوسێیەکیان داگرتووە، ژنی پیاوێک کە بەرخوێن بووە بە پیاوێکی خوێنشیرین پێکەنیەوە، خەڵکی گوندێک ئاوی کشتوکاڵی گوندی دراوشێیان گرتووەتەوە، پیاوێک بە ماشێن پێش پیاوێکی دیکە کەوتووەتەوە و بەشێک لەو کێشانە “پیاو”کوشتنیان لێ کەوتووەتەوە. دیسان پێکەنینم دێت. ئەوانەی خەریکی نوێکردنەوەی ئەم نەریتەن خۆ تازە ناتوانن ئەم ژن و کچە چەکبەدەستانە بکەنە بەرخوێن. خۆ ئەوان وەک زێنەبۆکە نین. دیارە ئەم بەرخوێنە کێشەی زۆر گەورەی پێ چارەسەر نابێ. کێشەی وەک ئەو خوێنە زۆرەی کەوتووەتە نێوان کوردان و دەسەڵاتی ئێران. لێرەدا خەتای کوردان زەق دەبێتەوە و دەبێ سەرکۆنە بکرێن. ئەوان لە خۆشیان تێک داوە و لە دەستەڵاتیش. سەریان لە هەموولایەک شێواندوە. بە ژن و پیاوەوە شان بەشانی یەکتر داوای یەکسانی دەکەن و دژی ئەم جۆرە یاسایانەن. خۆ ئەگەر ئەوان وایان نەکردبایە بە سوڵحی عەشایەری و ڕەنگبوو به بەرخوێندان شەڕی دەسەڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ کوردانی هەموو پارچەکان وەستابا. دەزانم ئێستا هێندیکتان بۆتان بووەتە پرسیار بۆ وێنە دەڵێن لە ئێران چۆن ئەوندە کچە ڕازی دەبن وەک بەرخوێن بدرێن بە کوردان. وڵامەکەی زۆر ئاسانە: لە ئێران زیاتر لە ٣ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کەس دەنگیان بە ١٦ ئەندامی ژنی خولی ١١ی مەجلیس داوە. زیاتر لە نیوەی ئەو دەنگانەی بە پیاوانیش دراون هەر دەنگی ژنانن. ئێمە ئەگەر تەنیا ئەو ٣ میلیون و ٧٠٠ ژنه حیساب بکەین و زیاتر لە نیوەیان وەک ژنی خاوەن هاوسەر دابنێین، تەنیا یەک میلیۆن و نیوان کچ بن، دەسەڵاتی ئێران ئیستا یەک میلیۆن و نێو بەرخوێنی بۆ سوڵحی عەشایەری لەگەڵ کوردان ئامادەن. لە کۆتاییدا ژنانی تێگەیشتوو خەباتگیڕ نەڵێن ئەم چۆلەکە بچووکەش فشە بەژنان دەکا. ئەمن بە نوێنەرایەتیی هەموو دارسمەی جیهان ڕێزم بۆ ژنان هەیە. ڕێزان لە سەر سەر و سەرچاوم، بەڵام ئەوژنانەی دەنگیان بەم جۆرە نوێنەرانە داوە، بێگومان ئامادەشن وەک بەرخوێن بدرێن؟