کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: پشت بە ئیرادە و وزەی خەباتگێریمان و پشت‌قایم بە پاڵپشتیی خەڵکی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامین

19:18 - 17 خەرمانان 2720

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دووهەمین ساڵیادی شەهیدانی مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات، لەسەر مەزاری شەهیدان ڕایگەیاند: پشت بە ئیرادە و وزەی خەباتگێریمان و پشت‌قایم بە پاڵپشتیی خەڵکی کوردستان، خەبات و تێکۆشانمان هەتا وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەی کورد کە ئامانجی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و سەرجەم شەهیدانی حیزب و کۆمەڵانی خەڵکە، درێژەی دەبێ. ڕۆژی دووشەممە، 17ی خەرمانان ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی دووهەمین ساڵیادی شەهیدانی مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدان و کادر و پێشمەرگەکانی حیزب بەڕێوە چوو. لەو ڕێوڕەسمەدا تاجەگوڵی وەفا و بەردەوامیی خەبات لەسەر مەزاری شەهیدان داندرا و سکرتێری گشتیی حیزب وتارێکی پێشکێش کرد. کاک خالید عەزیزی وێڕای ناردنی سڵاو بۆ شەهیدانی حیزب ڕایگەیاند خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ماف و داواکانی ڕەوایە و میللەتێک لە پشت ئەم داوا و خەباتەیە، بۆیە ئیرادەی خەباتگێڕانی حیزبی دێموکرات بە مووشەک و کۆمەڵکوژی بەچۆکدا نایە. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان گوتی ئەگەر دوژمن بەو هێرشە تێرۆریستییە سامناک و دوور لە هەموو عورفێکی دێپلۆماتیک و پڕەنسیپێکی بەشەردۆستی توانی پۆلێک تێکۆشەری بەوەج لە نەتەوەی کورد و حیزبی دێموکرات بستێنێ، بەڵام سەنگەری خەبات و تێکۆشانی ئەم شەهیدانە ئاوەدانە و ڕێگای خەباتیان پڕ ڕێبوارە. کاک خالید عەزیزی بە وەبیرهێنانەوەی مانگرتنە بەشکۆکەی ٢١ی خەرمانان، سڵاوی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نارد کە لەو ڕیفڕاندۆمەدا نیشانیان دایە کوردستان پشتی ڕۆڵەکانی خۆی بەرنادا و هەر بەو پاڵپشتی و پشتیوانییەشە خەباتی کورد لە ئێران سەر دەکەوێ. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا ئامادەبووان سەردانی مەزاری شەهیدانیان کرد و بە دانانی چەپکەگوڵ لە سەر مەزاری نەمران و دڵنەوایی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پەیمانی بەڵێن و وەفای بەردەوامی لە ڕێگای خەباتیان لەگەڵ نوێ کردنەوە.