کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەرمانان مانگی خەم و خوێن و زامان

19:37 - 18 خەرمانان 2720

خەرمانان مانگێکی پڕ لە خەمە بۆ گەلی کورد، مانگی خوێن و ماتەمە و، برینی بەسۆیە لە جەستە و ڕوحی هۆگرانی ڕزگاریی نیشتمان دەیان دڵی پڕ لە ئەشقی ئازادی دەیان دڵی پڕ لە ئەوینی دڵدار دەیان دڵی پڕ لە ئاواتی ئازادیی نیشتمان و لە ئامێزگرتنەوەی ئازیزان و هەڵمژینی هەوای کوردستان لە لێدان کەوتن… لەخەرمانان مانگی خوێن و زامان دەیان چاوی چاوەنواڕی گەڕانەوەی هاوسەر، باوک، برا، خوشک، مناڵ، هاوڕێ و هاوسەنگەر بوون، بەڵام بوون بە کانیی ئەسرین؛ ڕۆژیان بە جۆباری فرمێسک شۆردەوە و شەو بە ژان و خەمەوە ڕۆژیان کردەوە. لە خەرماناندا ئارام و نەمامەکان بێ نازبوون؛ ژینۆ و ژیوار و ژینا تەنیا مانەوە؛ بانە و ڕۆژە و موژدە چاویان لە چاوەڕوانیدا سپی بوو؛ ناسکە و ئاسکە، ژیوار و ژیلوان، زانا و بیرەوەر، ئارەزوو، گریلا و سنوورەکان بێ باوک کەوتنەوە، بەڵام ڕێگای باوک چراخان و پڕ ڕێبوار… وەنەوشەی ساوا کێلێکی ساردی لە ئامێز گرت و سینگی نا بە سینگی خاکەوە و خەیاڵی دایکێک، کە دەبێ لەگەڵ گەورە کردنی یادگاری خۆشەویستەکەی، لە تاو باڵاکردنی ئەو خەم و برینانەش سەر لە هەش نێ. لە خەرماناندا شەوبۆی لاو، خەدیجەی پەپوولە، سووریی دڵ پڕ لە خۆزیا، کەژاڵی مەند، فەریدەی دڵ پڕ لە تاسە، نەزیرەی نازدار، حەلیمەی بێ ئۆقرە و خونچەی نازشێواو؛ مێژووی ژیانیان بوو بە بیرەوەری و جێژوانیان بوو بە مەزارگەی شەهیدان… بەڵام باوەڕ بەخۆ و سوور و دڵقایم بە بڕوای هاوسەرانیان. لە خەرماناندا گوڵاڵە، ئامین، تامان، شەهلا و دەیان کەسی دیکە برینی جەستەیان لەگەڵ زامی خەرمانان بۆ هەتاهەتایە ئاوێتە بوون و زامی قووڵی جەستەیان پێداگرتر و سوورتری کردن لە مانەوە لەو ڕێگا و ڕێبازەدا. بەڵام دوژمن باش بزانێ، لەخەرمانانی مانگی خەم و زامان ئێمە خەونی شەهیدەکانمان لە قاپ گرت و کردمانە تابڵۆی ژووری ژیان. خەرمانانی ئێمە چنینەوەی خەونی سەردارەکانی سەردارە، لوقمان و ڕامین و زانیار…. خەرمانانی ئێمە شێعری باڵای شەهیدە لە ڕسکانەوەی بەهاری ئازادیدا، خەرمانانی ئێمە چاندنی تۆوی بڕوایە بۆ سەوزبوونەوە، بۆ ڕووانەوە و ژیانەوە….