کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامەیەکی بڵاونەکراوەی هێمن موكریانی بۆ د. شوکریە ڕەسووڵ

00:30 - 2 رەزبەر 2720

مامۆستا هێمن موكریانی (1921- 1986) یەکێکە لەو نووسەر و شاعیرە دیارانەی کورد کە سەرەڕای جوانیی شیعرەکانی، دەستێکی باڵای لە نووسینی پەخشان و نامەنووسین دا هەبووە. ئەوەی تەنیا یەکجار، هەواری خاڵی مامۆستا هێمنی خوێندبێتەوە و گوێی لە گۆرانییەکەی ماملێ گرتبێ، هەرگیز ئەو بەسەرهاتەی لەیاد ناچێتەوە. مامۆستا هێمن هەستێکی زۆر تایبەتی هەبووە بۆ ژن، هەربۆیە هەندێکجار هەستەکانی بە ئاشکرا دەربڕیوە، لە خۆڕا نەبووە کە لە دێرە شیعرێکدا دەڵێت: جیلوەیی جوانی لە هەرچیدا هەبێت خۆشم دەوێ رۆژێ کوشتەی مینی ژۆپ و رۆژێ گیرۆدەی شەدەم باسکردن لە جوانناسی هێمن هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشت، بۆیە لێرەدا دەمەوێت بە کورتی باسی بەسەرهاتی ئەم نامەیە بکەم. لەم رۆژانەدا سەردانێکی پرۆفیسۆر شوکریە رەسوڵم کرد، چاوێکم بە کتێبخانە نایابەکەیدا گێڕا، ژمارەیەک دەستنووس و نامە و وێنەی تایبەتی خۆی خستە بەردەستم کە دوو نامەی مامۆستا هێمنیشی تێدابوون کە بۆ خاتوو شوکریەی نووسیون. دیاریشە پرۆفیسۆر د. شوكریە خۆی پێیخۆشە بە (شەکراو) بانگ بكرێت. نامەیەکیان ٢٠/٩/١٩٧٤ نووسراوە بە ناوی "شەکراوە شیرینەکەم". مامۆستا هێمن باسی دەربەدەری و گەرمای بەغدا و داد و بێدادی بێ وڵاتی و هیوادان بەبێ هیوایان دەکات. دوای ئەوەی مۆڵەتم لە شەکراو خان وەرگرت بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە، بە خۆشحاڵییەوە وەک خۆی، پێشکەشی خوێنەرانی (رووداو)ی دەکەین: شەکراوە شیرینەکەم بەخوای چاکت کرد شەکراو ناوێکی شیرین و خۆشە. بەڵام هێ هوو. شیرینیایەتی شەکراو لەکوێ و شیرینیایەتی کچێک، کچە کوردێکی جوان و دڵگر، کچە کوردێکی رەزا سووک و چەلەنگ لە کوێ؟ نا، نا، شەکراویش بۆ تۆ ناوێکی تەواو نییە، بەڵام لەوی پێشوو باشترە. تەنیا منداڵێکی بچووکە کە شەکراو بە ماچێکی لێوی جوانان دەگۆڕێتەوە، ئەویش پاش ئەوەی پەڕەوازە بوو تێ دەگا چەند تێ شکاوە. کچی خۆم، نازانم بۆ کەمێکم بۆنی ناهومێدی و بەزیوی لە نامەکەت کرد، تۆ لە تەمەنێک دای کە نابێ خەم بخۆی، وەرەزبی، هەست بە غەریبی و دوورە وڵاتی بکەی. ئەویش لە مەسکۆ لە مەسکۆی جوان ئەگەر لە باتی باوکی خۆت بای چت دەکرد. ئەوە پێنج ساڵی تەواوە و پێ ی ناوەتە شەش ساڵ دوور لە خۆشەویستان بە پیری و فەقیری و بێ بەش و چارە رەش رای دەبوێرم. شەوانە وەکو مانگی یەکشەوە باوەشم ئاواڵایە لە بۆ خۆشەویستەکەم. بۆ ئەو خۆشەویستەی کە ساڵانی ساڵ لە باوەشمدا ئارامی دەگرت. بەرۆژ بۆ بەڕێ چوون، بۆ ژیان کاردەکەم ئەویش کارێک کە لەگەڵ زەوقی شاعیرانەم یەک ناگرێتەوە. ئێواران کە دەگەڕێمەوە کەس چاوە نوورم نییە، بەڵام بەو حاڵەوە دەردی دڵ ناکەم و قسەکانم بۆنی ناهومێدی لێ نایە و تەنانەت پێم وانییە زیانم کردووە. چونکە دەزانم لەو حاڵەدا پتر دەتوانم خزمەتی نەتەوەکەم، نەتەوە بەش خوراوەکەم، نەتەوە لێ قەوماوەکەم بکەم. کچەکەم. بۆ ئێمە بۆ هەموو کچ و کوڕ و ژن و پیاو و لاو و پیرێکی کورد ناهومێدی یانی مردن، یانی بەزین، یانی سەنگەربەردان، کە چاوەنۆڕ نیم کچێکی وەکو تۆ تێگەیشتوو و پێگەیشتوو ناهومێد بێ. هیوادارم گوڵی هیوات سیس نەبێ و بڵێسەی هومێد لە دڵە ناسکەکەت دا نەمرکێ. خۆشەویستەکەم. زۆر خەریکی خوێندن بە، زانین بۆ خۆی خۆشترین شتە لەم دنیایە دا. بەڵام زانایەکی وشک و بەرزە دەماخ مەبە، پاش گەڕانەوەش لە نەتەوەکەت جوێ مەبەوە پیاو هەرچی زانابێ و لە ئاپۆڕەی خەڵک زاناتر نییە دڵ نایبە هەرچی پتر بزانی هێشتا موحتاجی ئەو ژنە قەرەجە دەبی کە پار شتی لێ فێر بووی. ئینسانێک ئەودەمی چارە رەشەو دەبێ بەزەییت پێ دابێ و زگت پێ بسووتێ کە وەک هێندێک لە نەزانەکانی خۆمان لای وابێ پڕ بووە و لە خەڵک بێ نیازە. شەکراو گیان. سڵاوی تۆم بە مامۆستا هەژار و کاکە حەمە راگەیاند ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان سڵاوت لێ دەکەن. کۆڕی زانیاری کارێکی باشی کرد هەژاری ناردە پاریس تا کورد و زمانی کوردی بە رۆژهەڵات ناسەکان بناسێنێ. کاک دکتۆر کەمال مەزهەر و دکتۆرە نەسرین فەخری چوون، سەرکەوتووبن. من بەتەنێ لە بەغدا ماومەوە و ئارەق دەڕێژم. بەراستی گەرماش بەڵایەکی گەورەیە رۆژێ تا ئێوارە دەهاژم و بە لووزە ئارەق دەڕێژم. ناتوانم بیر بکەمەوە تەنیا شەوانەیە بە تاقی تەنیێ لەسەربانە بەرزەکەم رادەکشێم و چاو لە مانگ و ئەستێران دەبڕم. ئەویش تەنیایی و بێ جووتی رەنجم دەدا. ئەوە ماوەیە کە خەریکی هێندێک کاری زانستی و فەرهەنگیم و شیعری تازەم نییە. دیوانەکەم خراوەتە ژێر چاپ. بەڵام کەی تەواو دەبێ؟ نازانم. لە عیراق کتێبی بڕێک گەورە چاپ کردنی گرانە منیش لە کتێبی بچووک چاپ کردن بێزارم دەمەوێ هیچ نەبێ بەشێکی گەورەی دیوانەکەم چاپ بکەم. بەشەکەی تری با بمێنێتەوە بۆ پاش مردنم، تا منیش وەک قانع پاشمەرگەم هەبێ. خۆشەویستەکەم. هەتاو هەڵات و ئارەقم بە ناو چاوان دا هاتە خوار و نووسین دژوار بوو. جارێ ماڵ ئاوا. باوکت هێمن ٢٠/٩/٧٤ نامەم هەر بۆ بنووسە سەرچاوە: "ڕووداو"