کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نامە و وەڵامێکی ئەدەبی

14:54 - 3 خەزەڵوەر 2720

بووکی سڵاو (نامەیەک بۆ مامۆستا ڕەشید فەیزی نەژاد)       مامۆستا گیان! چەند گەڵای ئەرخەوانیی بەڵاڵووکەکانی «میراوا» و  پەلکی گوڵاڵە زەرد و سوورەکانی دەڤەری «فەیزوڵڵابەگی» و چەپکێ گوڵە وەنەشەی بەر کانیاوەکەی «سڵێمان‌کەندی» و بەیبوونی چاوئەستێرەیی دێبەرە سەرسەوزەکەی «مۆکە» و خاشخاشکە گەش و تەرچک و ناسکەکانی «قۆڵەبڵاخی» و مێلاقە کوڵمە سوورەکانی «ئارەبوغڵوو» لە کانییە چاوقژاڵییەکەی «سەرچاوە»  هەڵ‌دەکێشم و بە لقێ گیاخاوی چیای «وەنەشە» دەیبەستم و دەینێمە باخەڵی سڵاوێکی سروەئاسا و داوای لێ دەکەم بەرەو دەڤەر و دیاری غەریبان و دڵە پڕکوڵەکانی تاراوگە بیهێنێ و لە شنەی هەناسە و ناڵەی کەمانەکەت و خەرمانی پڕ گوڵ و هەستی هەمیشە سەوزی تۆی ئازیزی بپڕژێنێ. بەو سڵاوە چاوفرمێسکاوییەم دەڵێم چاوی بە پەلکە گوڵی دەنگت بسڕێ و زەدەخەنەیەکی شیرین بە لێویەوە بنەخشێنێ و ببێتە بووکێکی ڕەزا شیرین، ببێتە شیرین گیانی ساڵانی گەنجیت، ئاڵای کوردستان بکاتە بەرگی بووکێنی و دەستت بگرێ و بۆ «کەرکووک»ت بهێنێتەوە. لەوێش بە باڵی ئاگرینی «بابەگوڕگوڕ» بدەن لە شەقەی شاباڵ و بگەڕێنەوە بۆ باوەشە وەنەوشەییەکەی «وەنەوشە». ئەویش تێرتێر بە سینگی ئاشق و تامەزرۆی خۆیەوە بتان‌گوشێ و بە خشڵ و ئاڵتوونەکانی «زێویە» زێڕوەشانتان بکات و  بتانخاتە سەر شاباڵی هەڵۆیەکی خۆی و لەگەڵ نەرمەسەمایەکی ئێوارانە بتانهێنێ و لە سەر چیمەنی سەوز و گەشاوە و شێداری  مەیدانە چاوەڕوانەکەی «هەڵۆ» داتان‌بنێ. کیژان و کوڕانی سەقز لە شاییتاندا هەڵپەڕن و «برایانی زێ‌زێ» ئەو داوەتە پڕ ئەوینە بگێڕن و دەنگی قاقا و گۆرانی و چەپڵە و مۆسیقا ژیان و ئاوات و جوانی وەبیر خەڵکی دڵ‌مردوو بهێننەوە. شار و خەڵک و شەقام و کۆڵان دیسان ئاشق ببنەوە و لاوان و کیژان شان و پەنجە لە یەکتر هەڵپێکنەوە و بە ئەشقەوە  بەرەو ژوان بچنەوە. مامۆستا گیان هیوادارم لە ژیانتدا هەمیشە هەروا سەربەرز و سەرکەوتوو بیت و خۆشەویستی خەڵک و وڵاتەکەمان بی. زۆر خۆشحاڵم کە دەتوانم لەگەڵ هونەرمەندێکی گەورە و خۆشەویستی  وەک جەنابت پێوەندیم هەبێ چونکە من فرچک گرتووی هونەرە جوانەکەتم و هەمیشە لە دڵمدا ژیاوی. بچووکت: ئەمین گەردیگلانی     وەڵامی مامۆستا ڕەشید فەیزی نەژاد هۆنەری هۆنەر پێگەیێنی هۆنراوە جوان، هونەرمەندی هونەر پەروەر و  هونەر پەرەپێدەری دەست و قەڵەم ڕەنگینی زێد و نیشتمانەکەم، شاعیری  سەراپا  شعووری تێکست و شێعری جوان، ئەدیبی خاوەن ئەدەب و حوجب و حەیا کە وتار و کردەوە و  بیرکردنەوەت هەموو پڕ لە  هەستی خۆشەویستی دایکی نیشتمان و گەل و سروشتی نیشتمانن. هەزاران درود و ڕێز و خۆشەویسی بۆ جەنابت و بۆ هەموو ئاسارە پڕ بەهاکانت   جەنابی مامۆستا ئەمین گەردیگلانیی ئازیز! ئای کە چەندە  پێی شادمان بووم و  چەندە شانازی ئەکەم بە خۆمەوە کەوا  ئەمڕۆ لە گەورەترین مامۆستای  بواری شێعر و شعوور و زانین و زانستەوە ئەم پەیامەم بۆ هات. بەڕاستی کەیف خۆشم، بەڕاستی سەرخۆشم، بەهیوای  بەردەوامی پەیوەندییەکان! هەر شاد و دڵخۆش بیت. قوربانت و برای بچووکت: ڕەشید فەیزی نەژاد، لە تەبعید و لە تاراوگەوە.