کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"دیپلۆماسیی تێرۆر"

02:09 - 6 خەزەڵوەر 2720

"دیپلۆماسیی تێرۆر، پلانی تێرۆری ڕێبەرانی حیزبی دێموکرات" ناونیشانی تازەترین بەرهەمی چاپکراوی بەڕێز عومەر باڵەکی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانە. ئەم کتێبە وێڕای باسێکی گشتی لە تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تایبەت لەسەر پەروەندەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، و شەهید د. سادق شەڕەفکەندی، دوو سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستان دەوەستێ کە وێڕای چەند کادرێکی دیکەی ڕێبەریی حیزب لە ئوتریش (١٣٦٨) و بڕلین (1371) بە دەستی تێرۆریستە نێردراوەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید بوون. وەک نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ کردوە، بیرۆکەی ئەم نووسینەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوکاتەی کازمی دارابی داڕێژەر و ئامادەکاری کردەوە تێرۆریستییەکەی رێستورانتی میکۆنووس دوای ئازاد بوونی لە زیندان و گەڕانەوەی بۆ ئێران بیرەوەرییەکانی خۆی لە دوو توێی کتێبێکدا لەژێر ناوی «نقاشی قهوه‌خانە» چاپ و بڵاو کردەوە. کاک عومەر باڵەکی دوای چاپ بوونی ئەم کتێبە لە زنجیرە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا بڵاو دەبوونەوە، چەواشەکردنی ڕووداوی مێکونووس لە گێڕانەوەی کازم دارابیی بردە ژێر پرسیار و پارادۆکس و ناتەباییەکانی نێوەرۆکی بیروەرییەکانی ناوبراوی بە بەڵگە و دێکیۆمێنتەوە خستە بەرچاو. بەشێکی دیکەی کتێبەکە بریتییە لە پێناسەیەک بۆ "تێرۆر و تێرۆریزم" و هەروەها خوێندنەوەیەک بۆ تێرۆری ڤییەن (تێرۆری د. قاسملوو و هاوڕێیانی) و باسکردن لە خاڵە وێکچووەکانی ئەو دوو تێرۆرە کە لە دژی حیزبی دێموکراتی کوردستان کران. تاوتوێ و بەدواداچوونی کار و بڕیارەکانی پۆلیس و دەزگای دادی ئەڵمان لە پەروەندەی ناسراو بە "مێکۆنووس"دا و هەڵسەنگاندنی لەگەڵ شێوەی مامەڵەی دەزگای دادوەریی ئوتریش بەشێکی دیکە لە نێوئاخنی ئەم کتێبە پێک دێنن. ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان سەبارەت بەو کارە بەنرخ و نووسینە بەپێزەی هاوڕێ کاک عومەر باڵەکی دەست‌خۆشیی پێ دەڵێ و ئاواتی سەرکەوتنی زیاتری بۆ دەخوازێ.