کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا، شاعیری نەتەوەیی و ئەدەبی بەرگریی کورد

04:31 - 11 خەزەڵوەر 2720

جەلال مەلەکشا، شاعیری ناودار و یەکێک لە ئاڵاهەڵگرانی شێعری بەرگریی کورد کۆچی دوایی کرد. ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٠ی خەزەڵوەر لە تەمەنی ٦٩ساڵیدا دڵە پڕ سۆز و ئەوینەکەی جەلال مەلەکشا بەهۆی جەڵتەی دڵ ڕاوەستا و کوردستانی نوقمی ماتەم کرد. جەلال مەلەکشا ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی لە گوندی مەلەکشای سەر بە شاری سنە لە دایک بووە. ھەر لەو شارە خوێندوویەتی پێ‌گەیشتوە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە. مەلەکشا مروڤێکی ئازادیخواز، قەڵەمێکی دەروەست و ئاشتیخوازێکی خەباتکار بوو کە ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە زوڵمدا تاو دەدا. جەلال مەلەکشا پێش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ ئەندامی «کانوونی نووسەرانی ئێران» بوو، دواتر و لە سەردەمی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی حکوومەتی شادا، بە شیعری پڕ لە حەماسە و ورە و وزەی شۆڕشگێڕانە ناوبانگی دەرکرد. جەلال مەلەکشا ماوەی ١٤ ساڵ ئەندامی کارای گۆڤاری "سروە" بوو، و لەو سەنگەرەی خەباتی نەتەوەییدا پەرەی بە زمان و ئەدەبی کوردی دا. ئەو دواتریش بە بیری بوێر و قەڵەمی بەبڕشتی خۆی وەک خاوەنداری لە شێعری بەرگری و خۆڕاگری کرد و لە سۆنگەی بیری ئازادیخوازی و نیشتمانپەروەرییەوە زۆری چاشت. بەڵام ورەی بەر نەدا و بە شێعر و پەیڤەکانی بەردەوام ورەی دەخستە بەر دڵی ڕێبوارانی ڕێی عیشق و ئازادی؛ ئەو عیشقەی لە شیعری مەلەکشادا لە خزمەتی بیری ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوەی نەتەوەیی ‌دابوو. جەلال مەلەکشا هیچ کات شیعر و نووسین و قەڵەمەکەی نەکردە قوربانیی ناو و نیشان و پلە و پایە و توانی پاش خۆی "زڕەی زنجیری وشە دیلەکان (کۆشێعر)" و "کارەسات (کۆمەڵە چیرۆک)" بە یادگار بۆ نەتەوەکەی بەجێ بێڵێ. ئەو شاعیرە مەزنە لە ماوەی ژیانی ئەدەبیی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە ئەدەب و وشەی کوردی کرد و خەرمانێکی گەورەی لە شێعر و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی وەسەر یەک خست و ئەدەبی کوردیی پێ دەوڵەمەندکرد. مەلەکشا تا دواهەناسە پێشمەرگانە ژیا، ئازایانە بوێرانە نووسی و پەیڤ و شێعرەکانی دەبوونە چقڵی چاوی نەیاران. مەرگی جەلال مەلەکشا خەسارێکی گەورەیە بۆ ئەدەبی بەرگریی کورد. جەلال مەلەکشا دوای تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو بەو شێعرە دڵە زامارەکەی نیشتمان دەلاوێنێتەوە: کاتێ زانییان، دڵت پاپۆڕی ئەوینە و بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی ... کاتێ زانیان، دڵت پردێکە پان و پۆڕ بەرەو ناخی مێژووی جیهان دەستی کوێستانت گرتووە و لە قووڵایی مەرگ و خوێنا ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی ... کاتێ زانیان، بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی بوومەلەرزە خنکاوەکان، لەناو خوێنا ئەجوولێنەوە نەخشەی جیهان ئەشێوێنی سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر، لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی ... کاتێ زانیان، ناوت بووه بە جوانترین وشەی ئەوین دڵدارەکان ئەبزوێنی دەنگت بووە بەچەپکە تیشک شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی شانت داوە بەژێر خەمی نیشتمانا و فرمێسک لەچاو هەژار ئەسڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی ... کاتێ زانیان، کوێستانت کردووە هێلانە بەشمشاڵی لوولەی تفەنگ، دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی ... هاتن سینگتیان هەڵدڕی ...