کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ دەوڵەتی ئوتریش

19:12 - 13 خەزەڵوەر 2720

بەڕێز سێباستییان کورز، سەدری ئەعزەمی ئوتریش!   ڕووداوی تێرۆریستی و کوژران و برینداربوونی هاووڵاتیانی ئوتریش زۆر خەمبار و ناڕەحەتی کردین. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە خۆی قوربانیی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە و ڕێبەری ئێمە، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ١٣ی جولای ساڵی ١٩٨٩ی زایینی لە وییەنی پێتەختی وڵاتەکەی ئێوە و لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کرا، دەزانێ دەرد و ئازاری تێرۆر چییە. بۆیە وێڕای هاودەردی لە گەڵ ئێوە و خەڵکی ئوتریش، هیوادارین کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی دێموکراسی بەتایبەتی ئێوە تەسلیمی تێرۆریزم نەبێ.   جەنابی سەدری ئەعزەم! هەروەک لە نامەیەک‌دا کە ساڵی ١٩٨٩ی زایینی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی ئێمە بۆ سەدری ئەعزەمی ئەوکاتی دەوڵەتی ئوتریش، جەنابی “فرانتس فرانیتسکی”ی نارد، بۆ جارێکی دیکە و ڕاست لە کاتێک‌دا کە وڵاتی ئوتریش کەوتۆتە بەر هەڕەشەی تێرۆریزم، داواتان لێ‌دەکەین شەخسەن بۆ وەگەرخستنەوەی پەروەندەی تێرۆری (دوکتور قاسملوو) هەوڵ بدەن کە دەزگای قەزایی وڵاتەکەتان ئاکامی لێکۆڵینەوەی ئەو تێرۆرە ڕابگەیەنن و تاوانبارانی ئەو جینایەتە دژی ئینسانییە بە بیروڕای گشتیی جیهانی بناسێنن و لەوە زیاتر لایەنگرانی ئاشتی و ئازادی و عەداڵەت لە چاوەڕوانی‌دا ڕانەگرن.

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

١٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٩

٣ی نۆڤامبێری ٢٠٢٠