کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بۆ جۆ بایدەن، سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا

15:51 - 19 خەزەڵوەر 2720

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامی پیرۆزبایی بۆ جۆ بایدەن، سەرۆک‌کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکادا داوای کردوە کێشەی ئێران تەنیا لە ڕێککەوتنی بەرجام‌دا پێناسە نەکرێ و سەرۆک‌کۆماری نوێی ئەمریکا پشتیوانی مافە مرۆیی، مەدەنی و دێموکراتیکەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و کوردستان بێ.   دەقی پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ جۆ بایدەن:   بەڕێز جەنابی جۆزێف بایدن،  سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا!   بەبۆنەی هەڵبژێرانت بۆ پۆستی سەرۆک‌کۆماریی ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پیرۆزباییت لێ‌دەکەم و هیوای سەرکەوتنت بۆ بەئاوات دەخوازم. بەڕیزت لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پێداگریت لەسەر بەها و بنەماکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ و یەکسانی و نەبوونی هەڵاواردن لە ئەمریکا کردوە کە دەمێکە لەو وڵاتەدا جێ کەوتووە و قانوونمەند بووە. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییدا، لە جیاتی ماف و ئازادی و دێموکراسی، ئێعدام و ئەشکەنجە و کوشتن و تۆقاندنە حکوومەت دەکا و، جیاوازیدانان و هەڵاواردن بە پێی ئایین و میللییەت و باوەڕە کە نەهادینە بووە؛ بە تایبەت  ئەو هەڵاواردن و ئاپارتایدە لەسەر کوردی ئێران لەو پەڕی خۆی‌دایە. بەڕێزت هەروەها لە قسەکانتدا پێداگریت لەسەر بەهێز کردنەوەی پێوەندیی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانتان کردەوە، هاوکات بەڕێزتان باش دەزانن کە کورد بە گشتی لە ڕێزی پێشەوەی شەڕی دژی تێرۆریزم‌دایە، و حیزبی ئێمەش ڕێبەرانی بە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کراون (د. قاسملوو لە وییەن ١٩٨٩)، (د. شەرەفکەندی لە برلین ١٩٩٢)، (هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بارەگای ڕێبەریی حیزب ٢٠١٨).   بەڕێز جەنابی بایدن! مامەڵە لەگەڵ ئێران لەسەر پرسی مافی مرۆڤ، دۆسیەی ناوکی و مووشەکی و، بەرجام بێ‌گومان بابەتێکی سەرەکیی دەستوری کاری ئێوە دەبێ. نەتەوەی کورد لە ئێران و حیزبی ئێمە ئێستاش بە جۆرەها چەکی سووک و قورسی کۆماری ئیسلامی سەرکوت دەکرێ و قوربانیی تێرۆریزمی ئەم ڕێژیمەیە. بە باوەڕی ئێمە هەتا نیزامی کۆماری ئیسلامی و خامنەیی لە ئێران لەسەر کار بن، دۆسیەی ناوکی وەک کارتی گوشار بە کار دێنن و دەست لە تێرۆر و ناسەقامگیریی ناوچەش هەڵناگرن و خەڵکی ئێرانیش چارەنووسیان لەوە باشتر نابێ. بۆیە هیوادارین ئێوەی بەڕێز کێشەی ئێران تەنیا لە ڕێککەوتنێکدا بە ناوی بەرجام پێناسە نەکەن و پشتیوانی مافە مرۆیی، مەدەنی و دێموکراتیکەکانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردی ئێران بە تایبەتی بن.   لەگەڵ ڕێزدا  

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٩ی نوامبری ٢٠٢٠