کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: بەڵێ بۆ چێ‌کردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەبێ هیچ چەشنە هەڵاواردن و توندوتیژییەک

18:30 - 6 سەرماوەز 2720

خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پەیامێک‌دا بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، تیشکی خستووەتە سەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و قانوونە پڕ هەڵاواردنەکانی ئەم ڕێژیمە کۆسپی سەرەکیی بەردەم بزووتنەوەی مافخوازیی ژنانن لە ئێران‌دا.   دەقی پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی نۆڤامبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان:   بزووتنەوەی مافخوازیی ژنان لە ئێران و ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە و بە زۆر قۆناغ و وێستگەدا تێ‌پەڕیوە، بەڵام سەرباری زۆر دەسکەوت و هاوکات نسکۆ، ئێستاش ژنان لە ئێران قوربانیی ڕیزی پێشەوەی پێشێل‌کرانی مافەکانی مرۆڤن، و لەو نێوەدا توندوتیژی، چ حکوومەتی و سیستماتیک، یان توندوتیژی لە کۆمەڵگە و کەشی خێزانی‌دا، پانتاییەکی بەرفراوان لە ژیانی ژنانی داگیر کردووە. ٤٢ ساڵ لەوە پێش و لەو مانگ و ڕۆژانەدا کە خەبات و خۆپیشاندانەکان بەدژی دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا گوڕوتینێکی زۆری گرتبوو، ژنان نەک هەر شان‌بەشانی پیاوان، بەڵکوو لە هەندێک بواردا لە ڕیزەکانی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان‌دا بوون. ژنان لەپێناو بنیاتنانی حکوومەتێکی نوێ‌دا کە کە مافە مرۆییەکانیان بەڕەسمی بناسێ، سێبەری نگریسی هەڵاواردن و وەلانانیان لەسەر لابەرێ و لە کۆمەڵگەیەکی یەکسان‌دا بەشداری کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بن؛ بەشداریی هەراویان لە شۆڕش‌دا کرد. بەڵام دوای سەرکەوتنی شۆڕش و هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی یەکەم چین و توێژەکانی کۆمەڵ بوون کە کەوتنە بەر تیغی سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی ڕێژیمی نوێ. ژنان لە ئێران بەپێی قانوونەکانی کۆماری ئیسلامی سیستماتیک مافە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان پێشێل دەکرێ. پەروەردەی ئایدۆلۆژیکی ڕێژیم بە مەبەستی هەڵاواردنی ژنان و پەستاوتنیان لە سووچی ماڵ بۆ ئامانجی ڕێگری لە بەشدارییان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ئەگەرچی تەنگی بە ژنان هەڵچنیوە، بەڵام کۆڵی پێ نەداون و؛ دوای چوار دەیە هەمدیسان دەبینین ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان لەدژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیین. بەدەر لە هەڵاواردن و توندوتیژیی سیستماتیکی حکوومەتی لە دژی ژنان، ژنان ئێستاش بەهۆی نۆڕمەکانی کۆمەڵگەی نەریتی ئازار دەچێژن. نەهیشتنی ئەم دۆخەش پەرورەدە و هەڵمەتێکی گشتی و بەردەوامی هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی گەرەکە و، قورسایی ئەو ئەرکەش پتر دەکەوێتە سەر کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان، توێژی ڕووناکبیر و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کۆمەڵگە. حیزبی دێموکراتی کوردستان کە باوەڕی بە یەکسانیی مافی ژنان و پیاوان هەیە، وەک لە بەرنامەکەی‌دا هاتووە: "به ‌له‌به‌ر‌چاوگرتنی به‌نده‌کانی په‌یمانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌هێشتنی هه‌ر جۆره هه‌ڵاواردنێک به‌دژی ژنان، دابین‌کردنی یه‌کسانیی نێوان ژن‌ و پیاو له‌‌نێو خێزان ‌و له کۆمه‌ڵ‌دا و، له‌ مه‌یدانی کار ‌و ده‌سه‌ڵات ‌و به‌گشتی له هه‌موو بواره‌کانی ژیانی سیاسی ‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ‌و فه‌رهه‌نگی ‌و ئابووری‌دا، به‌ ئه‌رکێکی گرینگی خۆی داده‌نێ ‌و به‌رنامه‌ی چڕ‌وپڕ له‌و پێوه‌ندی‌یه‌دا داده‌ڕێژێ‌ و به‌ڕێوه‌ی ده‌با. لە کۆتایی‌دا وێڕای هان‌دانی کچان و ژنانی نیشتمانەکەم بۆ خەباتی مافخوازی و وێڕای پێداگری لەسەر پشتیوانیی حیزبەکەم، حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو خەباتە بەرحەق و ڕەوایە؛ دەڵێم: بەڵێ بۆ چێ‌کردنی کۆمەڵگەیەکی یەکسان بەبێ هیچ چەشنە هەڵاواردن و توندوتیژییەک.  

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

خالید عەزیزی

٢٥/١١/٢٠٢٠