کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەو کەندەی بەردەوام دەسمێ سەری کۆماری ئیسلامیی بێ‌کڵاو هێشتەوە

17:19 - 16 سەرماوەز 2720

گەلی بێ‌دەوڵەت وەک سەری تاسی تاوبردووی بێ‌کڵاوە. سەرێک تاس بێ، تاو بیبا، کڵاوی دەست نەکەوێ و لەناکاو هەڵی‌بکاتە با و باسریشک و کڕێوە و سەرما هێرشی بۆ بهێنێ، چۆن بەرگە دەگرێ. بەڵام نەتەوە و وڵاتی خاوەن دەوڵەت وەک ئەو سەرە بەکڵاوەیە، نە تاو دەیسووتێنێ و نە سەرما هەڵی‌دەتەکێنێ. سەری بە کڵاو ئەگەر کەچەڵیش بێ و خوێناو و زنچکاوی لێ بتکێتەوە، بە لەفافە و لۆکە و پێچان پێش بە ڕژانی خوێناو و زنچکاوەکەی دەگیرێ و لە ژێر کڵاودا هەموو عەیب و عار و نەخۆشی و پەتاکانی دەشاردرێنەوە. کڵاویش، بە درێژایی مێژووی گێڕانەوەی مرۆڤ زۆر کەوتووەتە سەر کەڵپان و کەسانی قسەخۆش و زمانزان و زیاتر ئەوانەی دەستیان بە کڵاوی خۆیان نەگرتووە با بیبا، بەردەوام بە زمان خەریکی کڵاو بازین. هێندێک‌جار دەڵێن فڵان کەس کڵاوی چووەتە سەر. جاری واشە دەڵێن دوای کڵاوی لار کەوتووە. هێندێک جاریش دەڵێن فیسار کەس سەری بێ‌کڵاو ماوەتەوە. کڵاو دروست‌کردن یان کڵاو چاک‌کردنیش هەیە و ئەویان لە ڕواڵەتدا بە دوو کەس کڵاو بۆ کەس یان کەسانێکی دیکە دروست دەکەن و ناهێڵن ئاگاداری وردەکارییەکانی بن. جاری واشە کڵاو بەناو گچکە و لە ڕاستیش‌دا گەورە و مەترسیدارە. وەک "کڵاوەی ئەتۆمی". دیارە کڵاوە هەمان مانای "کڵاڤۆکە" یان " کڵاڤۆچکە" دەداتەوە کە بە مانای کڵاوی بچووکە، بەڵام ئەمەیان کڵاوی سەری مرۆڤ نییە و بەو بەشەی مووشکی دوورهاوێژ دەگوترێ کە لە بۆمبی ئەتۆم دروست دەکرێ و دەنرێتە سەری مووشەکەکە و لە هەموو کڵاوێک مەترسیدارترە. لێرەدا بۆ ئەوەی ئەم هەموو ڕۆڵە جودا و تەنانەت دژ بە یەکانەی كڵاو بۆ خوێنەر شی بکەینەوە ئەم ئێدیۆمانەی لەم نووسراوەیەدا بە کڵاوەوە بەندن، هەرکامیان بە مەبەستی زیاتر تێگەیشتن دەخرێنە ڕستەیەکی دیکەوە. ١-‌ بەوە نییە خەریکی درێژدادڕیم، بەڵام بڕوا بفەرموون، دەستم بە کڵاوی خۆم گرتووە، "با" نەیبا. ٢-‌ میرزا ڕەسووڵ کە خۆی تەنانەت کۆلکە خوێندەوارییەکیشی نییە، کڵاوی خستۆتە سەری زۆر کەسەوە. ٣-‌ میرزا عەبە دوای کڵاوی لار کەوت و وەک پشیلەی ڕەجەبە شێت گەڕەکە ماڵێکی بەخۆیەوە سووتاند. ٤-‌ بە ئیسرائیل و ئەمریکا و ڕووسیە و وڵاتانی ئورووپایی سەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بێ‌کڵاو هێشتەوە. ڕاستە منیش وەک زۆر کەسی ئەم وڵاتە پان و بەرینە، دەستم بە کڵاوی خۆم گرتووە "با‌" نەیبا، بەڵام کاتێک ناوی ئیسرائیل و ئەمریکا و رووسیە و ئورووپا و ئەم شتانە هات، منیش ناچارم هێندێک لەسەری بڕۆم. بەرلەوەی درێژە بە درێژدادڕییەکەم بدەم، ببوورن باسی" وڵات"م کرد. دیارە داوای لێبووردنەکە بۆ وڵاتانی کەڵەگای دراوسێ نییە، بەڵکوو مەبەستم هاوڕێ چەپەکانی کوردستان و لایەنگرانی شەڕەگەڕەک و شارشارێن و ئەم شتانەیە و قسەی خۆمان بێت و نەگاتە گوێی چەپ و مەپەکانی خۆمان و ئەوانەی ئەوەندە "فشە"ن خەباتی نەتەوایەتی و مافی نەتەوەییان پێ "فشە"یە. بە هێنانی ناوی ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕووسیە و ئورووپا، پامان بەرەو سیاسەت دەخزێ و ناچارین کڵاو و سیاسەت تێکەڵ بکەین. وەک لە سەرەتادا گوتم، گەلی بێ دەوڵەت وەک سەری تاسی تاوبردووی بێ‌کڵاوە. بەم جۆرە ئەو سەرانەی کڵاویان لەسەرە هەموو عەیب و کەم‌وکورتی و کەچەڵی و مەچەڵییەکەیان پێوە دیارە. دوای ئەوەی گەورە بەرپرسێکی کاروباری مووشەکی و ئەتۆمیی ئێران بە ناوی میرزا "موحسین فەخری‌زادە" لە باکووری پڕ لە پاسداری تاران کوژرا و چاوی سەرسوڕمانی بە هەموو لایەک زەق کردنەوە و هەموو کۆلکە ئاخوند و مەرجەعه گەورەکانیان گوێیان دەمووچەوە برد، هەموویان بە چاودێرانی سیاسیی دەرەوەش باسیان لە هەبوونی "حفره" یان "کەندەڵان"ی ئەمنییەتی کرد. دیارە کەندەڵانە ئەمنیەتییەکە لە کاتێکدا لە تاران دەرکەوتووە کە لە لایەک سوپای پاسداران و لایەنگرانی نەخشە پشیلەئاساکەی ئێران هەروا لەسەر لەیەکتر دروونەوەی زۆرەملیی جەندەکی ئەم پشیلەیە بەردەوامن و لە لایەکی دیکەوە کەندەڵانه قووڵه ئەمنیەتییەکە هەروا زیاتر دەسمێ و قووڵ و بەرین دەبێتەوە و سەرەڕای هەمووی ئەوانە وڵاتانی زلهێز و دەسەڵاتداری جیهان سەری ئێرانیان بێ‌کڵاو هێشتووەتەوە و داوای لێ دەکەن ددانیش بە خۆی‌دا بگرێ.