کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەنگێک لە گەرووی ناڵەشکێنەوە

13:57 - 17 سەرماوەز 2720

بەقەرا کورتە خەوێک بۆ مێژوو بگەڕێیتەوە، جەستەی دابەش‌کراوی وڵاتێک لە جوغرافیای ڕۆژهەڵاتی ئەم دنیایەدا دەبینی کە ئارامی بە خۆوە نەبینیوە و دەسەڵاتی زاڵ چاوی لە داهاتی ئەم خاکە بووە و غەدر لەم سەدەی بە ناو پێشکەوتنخوازییەدا هەروا بەردەوامە. ئەگەر بەڵگەمەندانە ئاوڕ لە ڕابردووی نەتەوەی کورد بدرێتەوە بەشی هەرە زۆری تەمەنی بە کارەسات‌دا تێپەڕیوە و هونەر و ئەدەبیاتیشی لەم غەدرەدا پشکی شێری بەر کەوتووە کە حەق وایە خەمخۆری و ڕاوەستاوی هونەرمەندان و نووسەرانی لە بەرچاو و بیرمان ون نەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان گێڕاوە لە پاراستنی شوناسی نەتەوەکەیان. یەک لەم زاتە ناوازانەی دەنگی بوو بە ئاوێنەیەک بۆ هونەر و کولتووری نەتەوەکەی و چەشنی ئەفسانەیەک لە نێویدا مایەوە، مامۆستای گەورە، حەسەن زیرەکی نەمرە. هونەرمەندی ناوداری کورد حەسەن زیرەک ساڵی ١٣٥٠ ی هەتاوی لە  گەڕەکی خانەقای شاری بۆکان چاوی بۆ ژیان کردەوە. دیارە ناوی زیرەک بێ تاریف و پیاهەڵگوتن هەر لە خۆی دەوەشێتەوە کەچی زیرەکی شانس و بەختی دنیای خوێندنی پێ نەبەخشی و بێسەواد مایەوە. بەڵام کورد گوتەنی خەنجەری جەوهەردار خۆی لە کالان‌دا ڕاناگرێ. هەربۆیە ئەم مرۆڤە بلیمەتە نەکەوتە سەر ئەژنۆیان و چۆکی بە بێ‌بەختی دادا. گەرچی لە کاتێکی هەستیاری تەمەنی‌دا گەردوون لە نازی باوکی بێبەش کرد و دایکیشی هەر زوو لە کۆش و باوەشی گەرمی خۆی دووری خستەوە. بەم جۆرە خەمی دووخەمی بە سەر شانان داباری و سەری تەنیایی بە سینگی بێ‌کەسییەوە نا. سەربردەی ئەم شۆڕە پیاوە گەلێک کتێب، نامیلکە و داستان، دەر و ژووری خۆیان پێ ڕازاندەوە و کۆمەڵێک لە دەنگ‌خۆشان و هونەرمەندانیش بەرنامەی ڕادیۆ و میدیاکانیان پێ پڕ کردەوە. بەڵام زیرەکی دەربەدەر و هەگبە لە کۆڵ هەر بە بلیمەتی مایەوە و هەتا ئێستاش وەک چۆڕچۆڕەی ئاوی باران، دیمەنی هەر چوار وەرزی زێد و واری خۆی دەگەڕێ و خەم و شادی لە ڕۆحەوە چاویان لێیە کە بە لاپاڵ و کەوشەنان‌دا دێتەخوار و خەلەی کاکی جووتیاری بیر ناچێ و مەودای دووریی کاکی ڕێبواریش نزیک دەکاتەوە. گەرچی ژیانی بێ‌کەسیی زیرەک لە سەردەمی شلکی‌دا بەرۆکی گرت و لە مەیتەری ئاغاکانی هەرمێلەوە تا دەگا بە قاوەچی و کرێکاری لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و چ دەمان بە حەساوەیی سەری نەکردە سەر گاشە بەردێک کە خەمێ کۆن، خەمی تازەی لەبیر بەرێتەوە. بەڵام کزەی شنە بایەک ڕۆحی پەپوولەی ئەنا بە گوڵی هەردانەوە و ئەو خەمەی لە ناخی‌دا جینگڵی دەدا لە چریکەی ئاوازێک‌دا دەیخوڵقاند و کەنەفتی بە ڕایەڵی میلۆدییەکەوە دەبەستەوە کە ئاستەمە دەوری زەمانیش لەبیری ئەویندارانی بباتەوە. ژیانی پڕ چەرمەسەری ئەم ناوازە ئازارێکی، گەلێ تووشە بە قۆزاخەی زەمانەوە و نەهۆ، ژانێک هەر لە ئەزەلدا لە دایک نەبووبێ جا بڵێین جەستەی زیرەک نەی‌چێشتووە. ئەم ڕۆژگارەی دەستی خەمەکانی لە ئەژنۆ دەگرت و ئەم شەوگارەی خەیاڵی هونەر بەرەو لووتکەی هەرمانی دەبرد. وا ئەمڕۆکە گومانی لە هەمبەر وەستای وەستایانی زیرەک نەهێشتۆتەوە و هەر ئەوەندە ماوە زانستی موزیک وەک سەرچاوەی هونەری ڕەسەنی کورد  لێی بڕوانێ و سەدان بەڵگەی زانستی لەم قوتابخانە وەرگرێ.  ئەوانەش زۆرن بە شوێن بەسەرهاتی ژیانی هونەری و ڕۆژانەی زیرەک‌دا دەگەڕێن کە چی هەر کەس و جۆرێک لە بەسەرهاتەکانی دەدوێ. بەو حاڵەش تا ئێستا بەشێکی گۆرانییەکانی ونن کەچی هونەری زیرەک لە ڕابردوو و ئێستاشدا بە دەرفەت بۆ دنیای هونەر دادەندرێ. مەبەستی ڕوونتر لە نێوەرۆکی گۆرانییەکانی زیرەک‌دا کە حاشای لێ ناکری جوانیی ژنە. بەجۆرێک لەنجەولاری دەڕەنگێنێ کە دڵێک و هەزار دڵ شەیدای دەبێ. لەم وێنایەوە هەستی دڵداران گڕ دەدا و دەچێتە ناخی خۆشەویستییەوە، تۆ بڵێی چ خۆزگەیەک لە ئەوینی ئەم هاوارە بێ‌پەردەیەدا بێ کە هەستی هۆشی لێ دەبڕێ و سەراپای جەستەی دەبێتە ئاواز و شاکاری زەمان دەخوڵقێنێ، ئینجا لەم حەزەوە شەقامی شار و کۆڵانی لادێ بە کورتە هەنگاوێ دەبڕێ و تووران چاوڕەشی موکریان و سەیزادەی بازیان دەخاتە قامووسی زمانەوە و بەردان دەکێشێ بە کۆڵێ و بەگیان منەت دەبا بەشکە ئامین لە سەنگەسەر و مریم بۆکانی سیلە چاوێ ببنە میوانی گۆرانی. ڕەنگە دەگمەن بن ئەو کەسانەی نەزانن زیرەک کێیە و بە گۆرانییەکانی دڵدانەوەی خۆیان نەدابێتەوە، چونکە دەنگی خۆش و گشتگیری باری هونەریی زیرەک وای کردوە ڕەنگی بە دیمەنی وڵاتیەوە نووساوە کە بەشێک لە هۆنراوە و ئاوازەکانی فولکلۆرین کە ڕۆحێکی تازەی بەبەردا کردوون. گەر لە ئاوازەکانی خۆشی ورد دەبینەوە دەربەدەری زیرەکیان پێوە دیارە. وەک شارەزایانی هونەر باسی لێوە دەکەن چەرمەسەرییەکان ئەوەندەی ئازاریان پێ چێشتووە هێندەش ڕوانینی دنیای هونەریان دەوڵەمەند کردوە. لێکۆڵەران ئەم گەڕانە بەدەرفەت وەسف دەکەن لە هەمبەر تۆکمە کردنی ئاوازەکانی. ڕەنگە ئەم سەربردەیە بەشێکی دەوڵەمەندی زمانی وشەکان پێک بێنێ و ئەم بۆچوونانە پشتڕاست کاتەوە. هەر بۆیەشە کاتێک گوێ لە گۆرانییەکانی دەگری ئەم شوبهاندنەی تێدا بەدی دەکرێ و کۆمەڵێک لە ئاوازەکانی نموونەیەکی دیارن بە شاکارەکانیەوە. هەستێکی تری زیرەک کە لەو سەردەمەدا بە کردەیەکی دەگمەن دادەندرێ خۆشەویستیی گەلەکەی بووە. دوای دەربەدەریی زۆر و گەڕان بە وڵاتانی ئێران و عێراقدا غوربەتی هێندەی تری لە بیری نیشتمانپەروەری‌دا کوڵاندوو ئەم واقعەی لە دوژمنانیش نەشاردەوە، دیارە ئەو سەردەمە کەرەسەی تۆماری هونەرێکی باش لە دەستی نەیارانی زمان و هونەری گەلەکەی دابووە و ئیزگەی ڕادیۆ تەنیا شوێنێک بوو هونەرئارایی لێ بکرێ و دەنگی زمانی نەتەوە ژێردەستەکان بە وڵات‌دا بڵاو بکاتەوە، لەم هەل و بردانە کەڵکی وەرگرت و دەنگ‌خۆشی گەیاندیە تاران و بەغدا و سۆزی زمان و خۆشەویستیی نیشتمان بوونە دوانەیەک و لە ڕۆحی هونەریی زیرەک جیا نەبوونەوە. لەم سۆنگەوە ئاوازی بۆ خوێند و سروودی نەورۆز بوو بە ناسنامەی سەری ساڵی کوردی و لە کوردستانی گەورەدا دەنگی دایەوە. گەرچی لەو زەمان‌دا دەسەڵاتی پاشایەتی زۆرترین هەوڵی ئەوە بوو شتێک بە ناوی نەتەوەی کورد بوونی دەرەکی و نێوخۆیی نەبێ و بەهایەکیش لە کولتوور و ڕێڕەوی فەرهەنگی فارس بەرچاو نەدەکەوت، بە ئاوڕدانەوەیەکی بچووک ناوزەدی کەی کە تۆزێک مەیلی خزمەتی هونەر و زمانی گەلە بندەستەکانی تێدابێ بە تایبەیی کورد و لەوەش پتر ناوچەی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (لوڕستان، ئیلام و کرماشان) بەڵام لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول‌دا مەیلێکی فێڵبازانەی سیاسی وڵاتی ئێران و ئێراق قەڵەمبازەیەکی کرد بە مەبەستێکی تایبەت کە لەودا دەرفەتێک بۆ هونەری کوردی هاتە پێش و هونەرمەندانی باشوور و ڕۆژهەڵات لە پێتەختی ئێران و عێراق یەکیان گرتەوە و چوونە ئیزگەی ڕادیۆکان و بە مووسیقایەکی پڕی ئورکێسترایی بەرهەم گەلێکی ناوازەیان تۆمار کرد و ئارشیڤێکی دەوڵەمەندی هونەرییان بۆ شانازی ئەمڕۆ و داهاتوو بەجێ هێشت. خاوەن ڕایانی هونەری کوردی دەڵێن جوانترین گۆرانییەکانی زیرەک ئەمانەن ئورکێسترای ڕادیۆ کرماشان تۆماری کردوون و میرزادە، سەمەدی، یووسف زەمانی و کۆمەڵێک هونەرمەندیتر میوزیکیان بۆ ژەنیوە کە بە لووتکەی هونەری زیرەکی دادەنێن. سیماکانی دەنگی زیرەک پڕن لە ڕۆحی هونەری و لێکدانەوە زانستییەکان وەک ئیلهامێکی گەردوونی ناوی دەبەن. وا نیو سەدە لە کۆچی دوایی تێپەڕی کەچی چێژی ئەم نەوایە لە ڕۆحی خۆشەویستی‌دا ماوەتەوە، ڕەنگە زۆر سەرچاوە و کەسایەتیی هونەری دڵمەندبن لە کۆمەڵی کوردەواری کە بۆچی تا ماون ڕێزی خەم‌خۆرانی خۆیان ناگرن کە ئەم دڵمەندییە لە تۆمارە دەنگییەکانی زیرەکیش‌دا دەبیسترێ، هەر بۆیە ژیانی هونەریی زیرەک لەگەڵ ئازارەکانی بە پەیکەری هونەرەکەیەوە دیارە. بەڵام چەندە خەمەکانی باڵای کرد هونەری زیرەکیش پتر هەڵکشا، دەبێ مرۆڤێک چلۆن گیان سەخت بێ کە شەڕی ئەم هەموو نەدامەتییە بکا و هاوکاتیش بە خەیاڵی هۆنراوەدا بڕوا و دەست لە کارێک هەڵنەگرێ کە نە نانی تێدایە و نە ئاو. لەم هەموو دەردانەوە شوێنێک نەما پیای هەڵنەڵێ و ئازارەکانی بۆ باس نەکا. کەچی کەسێ نەبوو بە فریادڕەسی. سەرئەنجام دەردی دڵی بەرە و تەکیە و بارەگاکانیش ڕاکێشا بەشکە زەنبیل تۆزێ لە مەراقی دوور خاتەوە کە دەڵێ:   "نوورانی گیان سوێندت دەدەم تو محەممەدەل موستەفا تو عەلی شاهی نەجەف  ڕووی خۆتم لێ وەرمەگێڕە مورشیدم، نەمکەی خەلەف."   ئەم هەموو خۆزگە و ئارەزووانەی لە خەیاڵی هونەرمەندی ئوستوورەی کورددا وەخڕ بوون تاقە ساتێک لە بەریان نەحەساوە. تۆ بڵێی گەوهەرێ ئەوەندەی دڵ دابێتەوە کە سینگی بە ئاوی کەوسەر دەشوبهێنێ. بڵێی ئامینێ چەند برینی دڵی تیمار کردبێ. ئاخۆ مریەم بۆکانی تروسکەی کام ئەستێرەی بە نیگای زیرەکەوە نابێ کە بە باڵی هێمای هونەر بۆ شەڕی جوانییەکانی گەردوونی دەبا. یان فاتم و ئەسمەرێ ڕێگای مەڕدۆشینێ بە نارەی یادی بەرنە سەرێ. ئەرێ هۆ لەیلی، مەیلی جارانت بە کێ داوە و وەنەوشەی مێرگۆڵان دەچنی بۆ کێ؟ زمزیران ڕازێکی قووڵت لە لایە دەبڵێ با دەردی بێدەرمان نەم‌کوژێ و خاڵەکەی ئامینێ بە گەرمای پووشپەڕی لەبەر ئەوێ هەتاوێ هەڵنەقرچێ. ئەی توبا چاوی ڕەشی کاڵ نەبوونەوە و چۆن بەرایی دەدا چاوی جێژوانی جاران بە چۆڵی ببینی. دیسانەوە شەدەلار دەکاتەوە حوکمێ و بەزەیی دێتەوە بەوان یەخسیران لە وێ غوربەتێ. هۆ براینە برادەرینە چ قەوماوە لە کوێستان و لە گەرمێنم کە پۆلی چاوبازان ڕەشپۆش، وێکڕا دەڵێن دەوارت لە بەر بێ سەڵا قەت کەسم نەمێنی کاکی ڕێبوار شەکەت لە لەندی شێخان دێتە خوار و دەچێتە سەفەرێ، وەی لە وێ  ڕۆڕۆیە لە وێ هەرایە لە هەر چوار لاوە لاڵ بم شینی ئازیزە، مخابن ئەم دڵە ئاشقەی سنووری دەسکردی بڕی و سەدان ئاوات و ئامانج چاو لەڕێی بوون باوەشی هیوایان بۆ بکاتەوە، دەستی خەمیان لە ئەژنۆ گرت و خەیاڵی کەسکیان لە بەربەیانێکی هاوینی موکریان هەڵقرچا و لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٥١ ی هەتاوی چریکەی زێڕینی هونەرمەندی گەورەی کورد لە چڕین کەوت و بۆ دواجار ماڵاوایی لە هۆگرانی هونەری ڕەسەنی گەلەکەی کرد و لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاکی نیشتمان ئەسپاردە کرا و بوو بە میوانی تا هەتایەی شەو و ڕۆژانی ناڵەشکێنە.   پەلکە زێڕینە دەڵێی ئاسمان ڕقی هەڵگرتوە بەربەیانی دەرکی ڕووناکی لە من داخستوە   نیشتمانم بۆ بەهاری دیمەنی زەرد هەڵگەڕا دەشتی بۆکان گەرمەشینی کۆچی کێی دابەستوە   گوێگرە دڵ، ئەو هەسارەی تۆ لە ناخیدا وونی زۆر لە مێژە دووندی ئاسۆی شەو رووناکایی چنی   وەک خەزان پاییزە بەرگی لێڕەواری هەڵوەراند خەم بە کۆ هاتو ئەویش خونچەی دەمی شادی ڕنی   تا لەبیرم دێ وتەی زارت بە دیلی هاتە گۆ شەونمی ئەشقت لە سیخواری بەیانا کەوتە خۆ   ئەم وزانەی پەی بزە نیشتن بە لێوی سوورتەوە هەڵپڕووزان تا لە مابەینی گڕا گەیشتن بە تۆ   ئێستە دڵداری ئەوینی دڵ بە سۆی چوار وەرزی ساڵ مانگی پووشپەڕ هەڵدەڕێژن ڕوندەکی خوێنین و ئاڵ   شیوەنی ڕەنگی سروشتە و کۆچی کانیا و بنار ژین دەنۆشێ شەربەتی مەرگێکی بێ دەرمان و تاڵ   تۆ بڵێی تازە هەوار بارگەی بەرەو کوێستان بەرێ کاکی ڕێبوارم لە هەرد و ڕەژدەڵان بێتە سەرێ   دەستە چنکا کیژی وریامان وەنەوشەی مێرگۆڵان گوڵبزەی خۆریش لە پشت هەور و تەمان بێتە دەرێ   من لە کسپەی زامی جەرگی قووڵی هەڵقرچاوی خۆم وانەیەک دەمبا بەرە و لووتکەی کەلی هیوام دەڕۆم   لۆچێ ئاوی حەوزەگەورە بۆ دڵی باران دەبەم ژەنگی سەرتاپای وڵاتی کوردەواری پێ دەشۆم