کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەلالی شێعر و جەلالی کورد

14:00 - 17 سەرماوەز 2720

مانگێک بە سەر کۆچی دوایی شاعیر و ئەدیبی ناودار و بەهەڵوێستی کورد جەلال مەلەکشا تێ‌دەپەڕێ، کە هەم ژیانەکەی و هەم کۆچی دواییەکەشی جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ هاوقەتارەکانی خۆی هەبوو. جەلال مەلەکشا بە وشە سادە و ساکار و لە هەمان‌ کات‌دا پڕ نێوەرۆکەکانی خۆی لە ڕاستی‌دا یەکێک لە کۆڵەکە قایمەکانی ئەدەبیاتی بەرگریی کورد بوو کە سەرەڕای کێشە و تەنگ‌وچەڵەمەکانی ژیان، هیچ‌کات لە بەرانبەر داگیرکەردا سەری نەچەماند و بە سەربەرزی سەری نایەوە. جەلالی شێعری کوردی لە ڕیزی ئەو شاعیرانە بوو کە لە بەندی هیچ ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت‌دا نەبوو و ئەوەی ئامانجی بوو تەنیا ڕزگاریی گەلەکەی بوو لە ژێردەستی. ئەو وەک خۆی ئەیوت:   خوا ئەزانێ من حەز ناکەم، وەک ئەشقیا سەرگەردان بم لەم کوێستانە ڕێگام بدەن بێمە خوارێ هیچم نـــاوێ لەم جیهانە جگە نەختێ سەربەستی و بستێ خاک و ئاڵایەک و ڕەشماڵێکی قەرەجانە!   جەلالی بە هەڵوێست لە کاتی تیرۆرکرانی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور قاسملوودا و لەو ڕۆژگارە ئەنگوستەچاوەدا ڕەنگە تەنیا شاعیرێکی نیشتمان بوو کە لە نێو جەرگەی داگیرکەردا وەدەنگ هات و شێعری بەناوبانگی "هاتن سینگتیان هەڵدڕی"ی نووسی. کاتێ زانییان، دڵت پاپۆڕی ئەوینە و بۆ گەیشتن بە بەندەری خۆشەویستی، دەریای شەختە و سەهۆڵ ئەبڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی...   کاتێ زانییان، دڵت پردێکە پان و پۆڕ بەرەو ناخی مێژووی جیهان دەستی کوێستانت گرتووە و لە قووڵایی مەرگ و خوێنا ئەیبەی بەرەو کۆشکی ژیان پەردەی وەرزی زریان ئەدڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی...   کاتێ زانییان، بورکانە دامرکاوەکان ئەخرۆشێنی بوومەلەرزە خنکاوەکان لەناو خوێنتا ئەجووڵێنەوە، نەخشەی جیهان ئەشێوێنی، سنوورەکان لەژێر پێتا ئەتوێنەوە، وەک بڵێسەی کڵپەی ئاگر، لەناو شەوەزەنگا ئەگڕی هاتن سینگتیان هەڵدڕی... کاتێ زانیان، ناوت بووه بە جوانترین وشەی ئەوین. دڵدارەکان ئەبزوێنی، دەنگت بووە بەچەپکە تیشک، شەوی چڵکن ئەشڵەقێنی شانت داوە بەژێر خەمی نیشتمانا و فرمێسک لە چاو هەژار ئەسڕی؛ هاتن سینگتیان هەڵدڕی... کاتێ زانییان، کوێستانت کردووە هێلانە، بە شمشاڵی لوولەی تفەنگ، دڵدارەکان بۆ جێژوانی چیا ئەچڕی؛ هاتن سینگتیان هەڵدڕی... هاتن سینگتیان هەڵدڕی...   ئەو دوو بابەتە وەکوو نموونەیەک لە دەیان شیعری ڕووسوور و بەهەڵوێستی جەلال، وای کردبوو ئەو ببێتە کۆڵەکەیەکی قایم و تەنانەت هێمایەک بۆ شێعری بەرگریی کورد و ئەلحەق بە باشی ئەرکی خۆی بەجێ هێنا و تەنانەت کۆچەکەشی هەر تایبەتی بوو و هەر نەبێ ئەو لە کاتی کۆچەکەی بە هەندێ لە ئاواتەکانی گەیشت. کۆچی دوایی جەلال مەلەکشا لە کاتێک‌دا بوو کە پەتای کرۆنا تەنگی بە ژیان و بە مرۆڤەکان هەڵچنیوە و تەنانەت کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی بۆ ئازیزانی لە دەستچوو زەحمەتە، بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی شاری سنە نەیانهێشت ئەم قەڵەمە بەهەڵوێستە و ئەم سەرمایە نەتەوەییە هەروا بە بێ‌نازی بەجێیان بهێڵێ. ئەو کۆمەڵە کەسە کە جەلالی مەلەکشایان بەرەو هەرمان بەڕێ کرد، بەو کارە بەپێز و گەورەیە کە کردیان هەم بەو شێوازەی کە جەلال ئاوات و ئارمانی بوو ماڵاواییان لێ کرد،هەم بەو شکۆیەی کە نیشتمان دەیهەویست. ئەوان جەلالی شیعری کوردییان بە سروودی نەتەوەیی کوردان بەڕێ کرد و تەنانەت تەڵقینەکەشیان بە کوردی دادا. لەم ڕۆژگارە کە هەر ئان و ساتێک ڕووداوێکی گرینگی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕوو دەدا و زۆر ڕووداوی دیکە دەچنە پەراوێزەوە، ئەم خەڵکە وەفادارەی ڕێگا و ڕێبازەکەی مەلەکشا بەو کارە گرینگە پەیامێکی گەورەشیان بە هەموو لایەک دا: یەکەم ئەوەی کە کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە زیندووەکەی سەرەڕای هەموو تەنگوچەڵەمەکان و بە تایبەتی کێشەکانی سەردەمی کۆڕۆنا، بە کردوە و بە ورەیەکی بەهێزتر لە هەموو کاتێک درێژە بە ئەرکی خۆیان دەدەن و ناهێڵن سەرمایە نەتەوەییەکانیان بە بێ‌نازی و بێ‌دەنگی بە جێیان بهێڵن. دووهەم ئەوەی کە ڕاستە نیشتمانەکەی مەلەکشا بە زەبری چەک داگیر کراوە، بەڵام خۆ ناتوانن زمانەکەیان و جامانەکە و ورە و ئیرادەیان لێ بستێنن. ئەوان بە هەموو لایەکیان گوت، ئەوەی بۆ سەربەرزیی نیشتمانەکەی تێ‌بکۆشێ هەروەکوو جەلالی مەلەکشا جێگای لەسەر سەرانە. ئەو وتەیەی دوکتور قاسملوو کە؛ مرۆڤی شۆڕشگێڕ تەنانەت مردنەکەشی شۆڕشگێڕانەیە ڕاست لە مردنەکەی جەلال‌دا دەبینرا. ئەو شاعیرە شۆڕشگێڕە کۆچەکەشی کارێکی شۆڕشگێڕانەی لێ‌کەوتەوە. جەلالی دڵپڕ لە داگیرکاریی وڵاتەکەی بە تووڕەییەوە ئەیگوت: بە هەر شەقامێکدا تێ‌دەپەڕم، تەپۆڵکەیەک کڵاوێکی سەربازانەی لە سەر ناوە، بەڵگەی خواشم لەگەڵ‌دا بێ ڕێگەم دەگرن. بەڵام وەفاداران و خۆشەویستانی قەدرزانی جەلال لە کاتی ماڵاواییەکەی‌دا بەویان گوت، خەمت نەبێ لە کۆچت‌دا کوێستان دەستی ڕێز بە سینگەوە دەنێ لە بەرانبەر خزمەت و هەڵوێستەکانت، ئەوەش کە هەر دەمێنێتەوە و بەرەو ئامانج ڕێ دەپێوێ هەر ڕێبوارانی ڕێگای ئاڵا و ڕەشماڵەکەی تۆن، ئەوەش کە دەبێ بڕوا و وڵاتەکەت بە جێ بهێڵێ ئەو تەپۆڵکانەی کە کڵاوێکی سەربازانەیان لەسەر ناوە.