کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنوەر ئەمینی پڵنگەکەی هەورامان

15:11 - 17 سەرماوەز 2720

هەورامان پێگەیەکی تایبەتیی لە مێژووی کورددا هەیە و ئەو ناوچەیە بە درێژایی مێژوو هەتا سەردەمی کۆماری ئیسلامی شوێنی ململانێ و بەربەرەکانییەکان بووە. لە «هەگبەی شاخ و شۆڕش»ی ئەم ژمارەیەدا یادێک شەهید ئەنوەر ئەمینی یەک لە فەرماندە قارەمانەکانی هێزی شاهۆ دەکەینەوە. هاوینی ساڵی 1333 منداڵێک لە نێو بنەماڵەییەکی هەژار و کەم دەرامەت لە دایکێک بەناوی کافیە و باوکێک بەناوی ئەحمەد لە ئاوای دەرەوەیانی) هەورامان لە دایک دەبێ. ئەو بنەماڵەیە ناوی ئەنوەریان لە سەر منداڵەکەیان دانا. ئەنوەر ئەمینی لە باوەشی دایک و باوکێکی دڵسۆزدا گەورە بوو، بە هۆی هەژاری و هەلومەرجی ژیانی ئەودەم و نەبوونی قوتابخانە لە گوندەکەیان لە خوێندن بێ‌بەش بوو. ئەو لە تەمەنی هەشت ساڵی‌دا دەبێتە یاریدەری بنەماڵەکەی لە ئەرکی باخەوانی و دروێنە و کشتوکاڵ و ئاژەڵداری‌دا. ئەنوەر لە ڕەوتی ژیانی پڕ کوێرەوەری و بەش‌مەینەتی‌دا بە کردەوە هەستی بە ژێردەستی و بێ‌مافی کردبوو ، هەر بۆیە پاش ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی سەرەڕۆی پاشایەتی ڕووی لە کاری سیاسی کرد، پاش دامەزرانی تەشکیلاتی حیزبی دیموکرات لە هەورامان بۆ چڕکردنەوەی کار و تێکۆشانی دژی زۆرداری و بێ‌مافی پێوەندیی کرد بە تەشکیلاتی حیزبەوە، لە کاتی داسەپاندنی شەڕی پاوە و فەرمانی خومەینی بۆ سەر کوردستان دەستی دایە چەك و لە ڕیزی تێکۆشەرانی دیموکرات لە هەورامان سازمان درا. ئەنوەری لاو و کەم ئەزموونی فەن و فنونی شەڕ، زۆر زوو لەژێر دەستی شەهید محەممەدئەمین نادری (حەملەڕوش)دا خۆی پێگەیاند و بووە یەکێک لە باشترین پێشمەرگە و پارتیزانەکانی بە هەڵمەت و دوژمن تۆقێن. لە شەڕی سێ مانگەدا لە مەفرەزەیەکی بچووکی چەند کەسی‌دا لەژێر فەرماندەری حەملەڕوش‌دا ناوچەی نەوسوود و دووئاو و مەلاندەریان کردە گۆڕستانی داگیرکەران و خۆفرۆشان. بە گرتنی پاسگای دووئاو دوژمن وەها تاسا بوو کە لە ناوچە دوورەکانی وەک باینگان و جوانڕۆ خۆیان پێ ڕانەگیرا و بە گشتی خۆیان لە شاری پاوە و جوانڕۆ خزاند. ئەم سەرکەوتنانە بوو بەهۆی بەرز بوونەوەی ورەی خەڵک و پێشمەرگە. ئەنوەر ئەمینی لەم سەرکەوتنانەدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو. پاش شەهید بوونی حەملەروش، ڕوخسار و توانای ئەنوەر زیاتر دەرکەوت و دواتر جێگای بەتاڵی شەهید محەممەدئەمینی پڕ کردەوە و بوو بە فەرماندەی لکی شەهید محەممەدئەمین نادری (حەملە ڕوش). بەبێ زیادەڕەوی و پێداهەڵگوتن ئەنوەر شایستەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە بوو. کاک ئەنوەر کەسێکی خۆنەویست، بە ورە، هەڵمەتبەر و دڵپاک، خۆشەویستی خەڵک و پێشمەرگە بوو کە لەبەشی هەرەزۆری چالاکییەکانی هێزی شاهۆدا ماندوونەناسانە دەور و نەقشی تایبەتی خۆی گێڕا. ئەو چەندین ساڵ و لە دەیان و بگرە سەدان عەمەلیات و شەڕ و گەمارۆ و هێرشی سەختی دوژمن‌دا لە ناوچەی هەورامان حەماسە و شانازیی خوڵقاند و هێزی پۆشتە و پەرداخی سپای داگیرکەر و خۆفرۆشانی جۆراجۆری خۆماڵی، زەلیل و زەبوونی هەڵمەت و پەلامارەکانی ئەنوەر ئەمینی بوون. با لە بیرەوەرییەکی کاک مەنسوور ئیراندووست بڕوانین و بزانین چۆن باسی شەهید ئەنوەر ئەمینی دەکا: «کاتژمێر لای دووی دوانیوەڕۆ دەستەیەکی چەند کەسیی پێشمەرگە لە چەند میترییەوە کەوتبوینە گەمارۆی جاشەکانەوە. تەنیا شارەزای ئەو ناوچەیە من بووم، هەستم دەکرد دەرباز بوون ئاستەمە و هەر ئەوەندەم بۆ هات کە بڵێم هاوڕێیان ئەگەر زەبری گورچوبڕیان لێ نەدەین دەربازبوون مەحاڵە. قرمەی چەک و نەعرەتەی شێرانەی ئەنوەر تیکەڵ بە داوای تەسلیم بوونی جاشەکانی بوو. هەڵمەتەکە هێندە بە زەبر و چاوەڕوان‌نەکراو بوو کە جاشەکان پڕژ و بڵاو بوون و هاواری زەبوونانەیان بەرز بۆوە. بەمجۆرە پێشمەرگەکان هەلیان دەست کەوت بۆ دەرباز بوون. ئەمن و ئەنوەر تاک بووینەوە و داوتر لە یەک دابڕاین. من کە شارەزای ئەو ناوچەیە بووم لەگەڵ تاریک بوونی هەوا خۆم دەرباز کرد بەڵام ئەنوەر مایەوە و تا سەعات دوازدەی شەو لە گەمارۆدا بوو. ئەمن سێ سەعات پێش لە ئەنوەر دەرباز ببووم و لای سەعات ٣ی شەو بە پارێزەوە لە شوێنی دیاری‌کراوی یەک‌گرتنەوە نیزیک بومەوە لە نەکاو کەسێک دەنگی دام و دای لە میلی کڵاشینکۆفەکەی، بەڵێ ئەنوەر بوو کە پێش من خۆی گەیاندبووە شوێنی دیاری‌کراو و لەگەڵ هاوڕییان یەکیان گرتبۆوە. ئەو کە دەبینێ هاوڕییانی بریندار و هیلاک و شەکەت و ماندوون، بۆ خۆی سەرەڕای 10 سەعات شەڕی دەستەویەخە و بڕینی ڕێگایەکی زۆر دەبێتە کێشکی هاوڕییان. مەبەست لە گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە ئەوەیە کە ئەو هەڵمەتە پڵنگ ئاسایە و دەرباز بوون لە توانا و ورەی هەموو کەس‌دا نییە، بۆیە دەکرێ ئەنوەر وەک پڵنگی هەورامان ناو ببەم.» شەهید ئەنوەر لە شەڕەکانی نەوسوود، دووئاو، مەلاندەریان، ئەشکەوتی حاجی ئەوڕەحمان، تونیلی دووئاو، بەرزاییەکانی پەروینی، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی دوژمن بۆ سەر بنکەکانی هێزی شاهۆ لە ئاوەزنێ و دەرەتوو دەوری سەرەکیی گێڕا و فەرماندەیی زۆربەی ئەم شەڕانە کرد.  دام‌ودەزگا و ڕایەڵە جۆراجۆرەکانی کۆماری ئیسلامی کە بۆیان دەرکەوتبوو کە لە میدانی شەڕ و بەربەرەکانی‌دا توانای لە داو خستن و لە نێو بردنی ئەنوەری قارەمانیان نییە، پەنایان بردە بەر دەیان پیلانی ترسنۆکانە و بێ‌ڕەوشتانە، دواجار پاش کارەساتی هەڵەبجە کۆماری ئیسلامی توانی بە هاوکاریی چەند خۆفرۆشێک پیلانە شوومەکەی جێبەجێ بکا و لە دەورووبەری گوندی بۆیەن لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی لە کردەیەکی نهێنی و بێ‌ڕەوشتانەدا لە داوی بخا و بێ سەروشوێنی بکا. بەم جۆرە ڕۆڵەیەکی شۆڕشگێڕ و ماندویی نەناس گیانی شیرینی کردە فیدای ئازادیی نەتەوەیەکی زوڵم‌لێکراو و خاک داگیرکراو.