کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێـشمەرگەی کوردستان

16:33 - 26 سەرماوەز 2720

٢٦ی سەرماوەزی هەموو ساڵێک لە ڕۆژژمێری بزووتنەوەی سیاسی و ڕزگاریخوازیی کورد لە ئێران‌دا بە ڕۆژی "پێشمەرگەی کوردستان" دەناسرێ. ٧٥ ساڵ لەوە پێش و لە بارودۆخێک‌دا کە شەڕی دووهەمی جیهانی و داگیرکرانی ئێران لەلایەن دوو زلهێزی جیهانییەوە بۆشایی دەسەڵاتی لە وڵات‌دا دروست کردبوو، کورد لە ئێران بە مشوور و هەست بە بەرپرسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەریی ڕاگەیاند و ئەرکی پاراستنی خەڵک و ئەم دەسەڵاتە خەڵکییە بە هێزێکی پارێزگار و بەرگریکار سپێردرا کە ناوی "پێشمەرگە"ی لەسەر داندرا. پێشمەرگە هێزێکی بەرگریی کوردە لە ڕەوتی خەبات و تێکۆشانی مافخوازانەی‌دا، هێزێکی خۆبەخش کە لە هەناوی کۆمەڵگەی کوردستان و بۆ پارێزگاری لە بوون و کەرامەتی کورد دروست بووە. بیرو باوه‌ڕی شۆڕشگێڕانه‌ و ئامانجی ڕزگاریخوازانه‌، هاندەری سەرەکیی ئەم هێزە خۆبەخشە بووە بۆ پارێزگاری لە نەتەوە و نیشتمان و، گیان‌بەختکردن لەم ڕێگایەدا. پێشمەرگە ئەم هێزە چەکدارە ئاوەزمەندەیە کە لە زۆر بڕگە و قۆناغی مێژوویی کورد لە ئێران، وەک سەردەمی کۆماری کوردستان و بزووتنەوەی چەکداریی ساڵانی ٤٧-٤٦ بە دژی ڕێژیمی سەرکوت‌کەری پاشایەتی خەباتی کردوە و ئاڵاهەڵگری ئازادیخوازی، دێموکراسی و بەها مرۆییەکان بووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلان و سەپاندنی شەڕ لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەسەر کوردستان‌دا، هێزی پێشمەرگە وەک باڵی سەربازیی حیزبی دێموکرات ڕۆڵی گرینگ و بنەڕەتیی هەم لە بەرگری کردن لە شاڵاوی کۆمەڵ‌کوژییەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان هەبوو، هەم لە نیشان‌دانی وێنەیەکی ڕاستی‌نوێن لە جەوهەری خەبات و بزووتنەوەی مافخوازیی کورد لە ئێران. پاش سەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستان، کۆماری ئیسلامی دەیان گرووپ و میلیشیای بۆ سەرکوتی مافەکانی خەڵکی کوردستان ڕێک خست و ئەو هێزانە سەرکوت و جینایەت نەما لە کوردستان نەیکەن، بە جۆرێک کە زۆربەی نیزیک بە تەواوی فەرماندەرانی پایەبەرزی سپای پاسداران کە دەنێردرانە کوردستان، کارنامەی جینایەت و سەرکوت لە کوردستان‌یان بۆ وەرگرتنی پۆست و بەرپرسایەتی پێویست بوو.   لەو بارودۆخەدا و لە کاتێک‌دا ڕۆڵە تێکۆشەر و ئازادیخوازەکانی کورد بە تاوانی! ماف‌ویستی سەرەڕۆیانە دەگیران، ئەشکەنجە دەکران، زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپا و ئێعدام و گوللەباران دەکران؛ بەڵام پێشمەرگە دیلەکانی شەڕی کوردستانی ئازاد دەکرد. هەڵسوکەوتی شارستانییانەی هێزی پێشـمەرگەی حیزبی دێموکرات زۆری دۆست و هۆگری کورد و جووڵانەوە بەرحەقەی لە نێو هێزە بە دیل‌گیراوەکانی کۆماری ئیسلامییدا دروست کرد. کەم نەبوون ئەو کەسانەی بە تێگەیشن لە جەوهەری خەباتی مافخوازانەی کورد ئامادە نەبوون چیدی چەک بۆ ڕێژیم هەڵگرن و بوونە باڵوێزی نیازپاکیی کورد و زۆر لەوان لەو سۆنگەیەوە گیران و لە ڕیزی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دوور خرانەوە. بەڵام لە بەرامبەردا پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە درێژایی دروست‌بوونی ئەم هێزە ئاڵاهەڵگری پاراستنی بەها ئینسانی و مەدەنییەکانی جیهان‌داگر بوون و سیاسەتی سەرکوت و تێرۆری حکوومەتە ناوەندگەراکان -بەتایبەت کۆماری ئیسلامی- ئەوانی لە ڕێبازی ڕاستەقینەی خۆیان دوور نەخستۆتەوە. تەنانەت کاتێک ڕێبەرانیشیان تێرۆر دەکران و بنکەکانیان مووشەک‌باران دەکرا و بە بۆمب و تەقینەوە هێرشیان دەکرایە سەر، بەڵام ئەوان تێرۆریان بە تێرۆر وەڵام نەداوەتەوە. لە ساڵەکانی دوای شۆڕش‌دا و دوای سەرکوتی هێزە سیاسییەکان لە ئێران زۆر لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان کە بەهۆی زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامی‌ دەرفەتێکیان بۆ چالاکیی ئازادانە نەمابوو، وەک سەنگەری ئازادی هاتوونەتە کوردستان و لە نیزیکەوە جەوهەری جووڵانەوەی کورد و کارکردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان‌یان بینیوە و دڵنیام کە هەموویان بیرەوەریی باش و زۆر خۆشیان لە رەفتاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە. پێشمەرگە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییش‌دا ناوێکی ئاشنا و هاوپەیمانێکی دڵنیا و بەپڕستیژ بۆ هێزە دێموکرات و هاوپەیمانەکانە. هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بەشێک بوو لە هاوپەیمانیی دژی داعش، کە شەڕی تێرۆریزمی نێودەوڵەتیی کرد و لەپێناو شکست‌پێهێنان بە داعش‌دا تێچووی مرۆیی و گیانیی زۆری دا. بۆیە لە قوناغی ئێستای خەباتی نەتەوەیی و دێموکراتیی گەلەکەشمان‌دا، پێشمەرگە هەر وا هێما و ڕەمزی خۆڕاگری بەرامبەر زۆرداریی زەوتکەرانی مافەکانی نەتەوەی کوردە و لە ڕوانگەی نێونەتەوەیی و بیروڕای گشتیی جیهانییەشەوە پێشمەرگە وەک هێزێکی ئاشتیخواز و بەرگری‌کاری ئازادی پێناسە دەکرێ. لە ٧٥ ساڵەی دروست‌بوونی ناو و هێزی پێشمەرگەدا سڵاو دەنێرین بۆ شەهیدانی ئەم کاروانە پڕ سەروەرییە. ڕێزگرتنیشمان لە پێشمەرگە هەڵگری ئەو پەیامەیە، کە وەک چۆن لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمنانی ماف و ئازادییەکانمان بۆ سەر نەتەوەکەمان قەرزداری هێزی پێشمەرگەین، لە داهاتووشدا تەنانەت ئەو کاتەی بە مافەکانیشمان دەگەین، بۆ پاراستنیان دەبێ پشت بە هێزی پێشمەرگە ببەستین. ئێمە پێشتریش گوتومانە کە چارەسەری پرسی کورد بۆ داهاتووی ئێران دەرفەتە نەک هەڕەشە، هەر لەم گۆشە نیگایەشەوە ئەزموونی پێشـەرگەی کوردستان دەتوانێ لە دروست‌کردنەوەی جەوهەری هێزی بەرگریی ئێرانی داهاتوودا یارمەتیدەر بێ.   خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٩