کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ماڵاوا دەنگە نەمرەکەی هەڵوێست و ویژدان

21:37 - 1 بەفرانبار 2720

ڕۆژی پێنج‌شەمە (٢٠ی سەرماوەز) کاک "محەممەد نیروومەند" ناسراو بە "حەمە ڵاڵ" خەڵکی شارۆچکەی نەڵۆس (ناوچەی شنۆ)، بەداخەوە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ، گیانی لەدەست دا و، چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە. "حەمە لاڵ"  کە بەداخەوە توانای بیستن و قسەکردنی نەبوو، بە دوای دەست‌پێکردنەوەی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، هەر لە ساڵی ١٣٥٨دا، لە هێزی شەهید سمکۆ بووە پێشمەرگە. نەمر کاک نەبیی قادری کە لە پلەی بەرپرسایەتیی کۆمیتەی شارستانی شنۆ و دواتر ئەندامەتیی ڕێبەری و بەرپرسایەتیی بەرزتریش‌دا، وەک سەردەمی پێش شۆڕشی گەلانی ئێران، هەموو کات مامۆستایەکی دەروونناس و مرۆڤ‌دۆست بوو، حەمەی وەک هاوڕێی هەمیشەیی، وەک گیان‌پارێزی خۆی هەڵبژارد. ڕاستە پاکی، دڵسۆزی، وریایی و ئەرکناسیی لە حەمەدا بەدی دەکرد، بەڵام کاک نەبی، شتێکی دیکەی زیاتر مەبەست بوو. ئەو دەیزانی کەسانی وەک حەمە، لەنێو خەڵک و پێشمەرگە -بە هۆی پەروەردەی هەڵە و دواکەوتوویی کومەڵایەتییان- بەرەوڕووی گاڵتەپێکردن و ئەزیەت و ئازار دەبنەوە و، ئەو نرخ و بایەخەی پێویستە بە توانا و لێوەشاوەیی و خزمەتی دڵسۆزانەیان نادرێ، بۆیە حەمەی هێنایە ژێر سێبەری برایانە و باوکانەی خۆی. کاک نەبی، سەر و گیانی خۆی بە حەمە ئەسپارد و، حەمەش دڵی پڕ لە خۆشەویستی و، متمانەی بێ‌سنووری خۆی دا بە کاک نەبی. "حەمە لاڵ" هەتا کۆتاییەکانی ١٣٦٣ی هەتاوی، پێشمەرگایەتیی کرد. فەرهەنگی قسەکانی ئەو بە هۆی کەڕ و لاڵییەکەی، بە داخەوە زۆر کەم کەرەستە و هەژارانە بوو. مخابن ئەوەندە وشە کەمەشی وەک ئاخێوەرێکی ئاسایی کورد بۆ دەرنەدەبڕا. لە حیزب‌دا، تەنیا دوو کەسی بە "بابە" ناو دەبرد: نەمر کاک نەبیی قادری و ڕێبەری شەهید د.قاسملوو. ئەگەر ناوی "وەشە وەشە"شی هێنابا، دەمانزانی مەبەستی جاشی چەکدار و خۆفرۆشی خۆماڵییە. کاتێک لە بەر باری نالەباری ژیانی بنەماڵەکەی، لەسەر ڕەزامەندیی کۆمیتەی شارستانی شنۆ، چۆوە ژێر دەسەڵاتی ڕێژیم، بە ڕێژنەی فرمێسکەکانی‌ڕا دەتزانی ئەم دابرانە ناچارییە چ ئاگرێکی لە هەناوی حەمەدا هەڵایساندووە. کادرەکان و پێشمەرگەکانی  کۆمیتەی شارستانی شنۆش بۆی خەمبار بوون، بەڵام دڵنیایان کرد هەر وەک "حەمە" حیزبەکەی و پێشمەرگەکان و باب و برا و خوشکەکانی  نێو سەنگەری چیای لەبیر ناکا، ئەوانیش "حەمە"یان لەبیر ناچێ و پێی وەفادار دەمێننەوە. "حەمە" هەر وا لە پێشمەرگایەتی‌دا، نموونەی ئەرکناسی و دڵسۆزی بوو و، نەیهێشت هیچ ڕەخنە و عەیبەیەکی بێتەوە سەر، لە دوای گەڕانەوە بۆ سەر ژیانی ئاساییش، نموونە بوو. بێ‌ ترس لە پاسدار و جاش و بەکرێگیراوە ئاشکرا و نهێنییەکانی ڕێژیم، شانازیی بە ڕابردووی پێشمەرگانەی خۆی دەکرد، حیزبی‌بوون و وەفاداریی خۆی بە بیر و باوەڕی کوردایەتیی نەدەشاردەوە. بۆ چما یەکێک بە بێ‌ڕێزی ناوی حیزبی دێموکرات، هێزی پێشمەرگە یا شەهیدێکی بردبا یا بۆنی خۆفرۆشی و خەیانەت بە نەتەوە و نیشتمانی لێ هاتبا، دەیوێرا تخوون حەمە بکەوێ؟ حەمە جەستەی لە نەڵۆس و شنۆ بوو، بەڵام دڵی لە لای پێشمەرگەکان و ڕێبەرانی شەهید بوو. ڕووگەی "حەمە" ئەو بستوویانە بوو کە پێشمەرگەکان لێیان ئاودیو ببوون و، چاوەڕوان بوو ڕۆژێک هەتاوی ئەو، لە سنووری کێلەشین و سپی ڕێز و سامڕەند هەڵ بێ و دڵی ئەو و دەشتی شنۆ ڕووناک بکاتەوە. "حەمە لاڵ" هەر بەوەندە وشە کەمەی کە فەرهەنگی قسەکانی ئەویان پێک دێنا و، بەو کۆمەڵە ئاماژە دەنگی و جووڵەییە تایبەتەی بە سەرجەم سامانی زمانی بێزمانیی ئەو دەژمێردران، توانیبووی لە نێو خەڵکی شنۆ و تەنانەت ناوچەکانی دیکەش‌دا، ببێتە کەسایەتییەکی دیار. ئەو  ببووە زایەڵەی دەنگی  ویژدانی بە ئاگا، ببووە پڕشنگی هەڵوێستی نەتەوەیی و ئازادیخوازی، ببووە ڕەمزی کۆڵنەدان و وەفاداری و، بەم جۆرە ڕێز و خۆشەویستیی خەڵکی ناوچەی شنۆی بۆلای خۆی ڕاکێشابوو. خۆشەویستییەک کە خەڵک لە کاتی سپاردنی هەتا هەتایی بە ئامیزی دایکی نیشتمان، سەڕەرای زاڵبوونی مەترسییەکانی پەتای کۆڕۆنا و بوونی بەربەستەکان، لە ئاست ئەو مرۆڤە جوامێرەدا، خۆی نواندەوە. "حەمە لاڵ"ی بێ‌زمان، بە ساڵانێک خزمەتی بێ‌خەوشی پێشمەرگانە و، بە تەمەنێک ژیانی پڕ لە ڕەنج و مەینەت بەڵام پڕاوپڕ لە هەڵوێستی بوێرانەی نیشتماپەروەرانە، زۆر لەو خۆ پێ ماقووڵ و خوێندەوارە دەمەوەرانەی مێشکی سەری خەڵکیان بە قسەی بێ‌کردەوە بردوە، شوێنی لەسەر هەست و بیر و ڕوانینی خەڵک  دانا. هەر بۆیە یاد و ناوی و چیڕۆکی ژیانی لە کۆڕی خەباتکاران و هۆگرانی ئامانجی ڕزگاریی کوردستان‌دا بە نەمری دەمێنێتەوە. یادی بەڕێز.