کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادێک لە دایکی ئاڵا و عەبدول کەرباسی

21:47 - 1 بەفرانبار 2720

پاشی نزیک بە چوار ساڵ لە داگیرکردنی باکووری ئێران لە لایەن هێزەکانی سۆڤییەتەوە کە ئازەربایجان و بەشێکی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیشی دەگرتەوە، لەو ماوەیەدا کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (ژ ک) توانی ببێتە هێزێک و ئارامی و ئەمنیەتی زۆربەی ناوچەکانی موکریان بپارێزی. دەسەڵاتی پاشایەتی ڕەزاخانی میر پەنج لە زۆر جێگا هەڵ وەشاوە و لە شاری مەهاباد تەنیا بنکەیەکی شارەبانی کە چەند پۆلیسێکی لێ مابوو کە ئاڵایەکی ئێران لە سەربانی ئەو ئیدارەیە هەڵدرابوو. ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤ کۆمەڵەی ژ ک دوای سێ ساڵ لە دامەزرانی بەڕەسمی لە کۆبوونەوەیەک‌دا ناوی خۆی گۆڕی بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان. ئەندامانی حیزبی زۆر چالاکانە و ئازایانە توانییان هەموو کاوباری ئیداری  نێو شاری مەهاباد بە دەستەوە بگرن و لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٦ ی سەرماوەزدا بە چەکەوە هێرش بکەنە سەر بنکەی شارەبانی و پاشی تەقەیەکی کەم، دەستی بە سەر دابگرن و ئاڵای کوردستان لە سەر بانی ئەو ئیدارەیە بەرز کەنەوە. لەو تەقە و لێکدانەدا بەداخەوە لاوێک شەهید دەبێ، بەڵام لە نێو شەقام‌دا چەند هەزار کەس بە چەپلەڕێزان و درۆشمی بژی پێشەوا و بژی کورد وکوردستان پێشوازییان لەو لاوە تێکۆشەر و قارەمانانە کرد کە بۆ یەکەم جار ئاڵای کوردیان لەو شارە هەڵ‌دا. لە درێژەی بابەتەکانی مێتینگی ٢٠ هەزار کەسی لە ٢ی ڕێبەندان‌دا ڕۆژنامەی کوردستان پاش ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان یادی "عەبدول کەرباسی" دەکا. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی لە ژمارە ١١ی ڕۆژنامەی کوردستان ٤شەممە، ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٢٤دا هاتووە ، ئەو گەنجە تێکۆشەرە لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ کاتێک پێشەوا قازی دەچێتە سەر سەکۆ و ئێعلانی جمهوورییەت دەکا و پاش تەواو بوونی نوتقی جەنابی پێشەوا کە لە تریبوون دەیەوێ بێتە خوارێ؛ عەبدول کەرباسی -کە ڕۆژی هەڵ‌کردنی ئاڵادا گایەکی بە سەد تمەن کڕیبوو و لە بەرامبەر ئاڵادا کردبوویە قوربانی- کە بە چەکەوە لە پشت تریبوون ڕاوەستابوو، شانی دانەواند کە جەنابی پێشەوا  پێی لەسەر شانی دانێ و بێتە خوار. عەبدول کەرباسی، ئەو گەنجە نیشتیمان‌پەروەرە لەنێو ئاپۆرای چەند هەزار کەسی‌دا و بە قوربانی‌کردنی گایەک لە ڕێی بەرزکردنەوە و شەکاوەڕاگرتنی ئاڵای پیرۆزدا نیشانی دا سەر و ماڵی دەکاتە بەردەبازی ڕێگای ئاڵا و کۆماری کوردستان. عەبدول کەرباسی کوڕی بابا عەلی، کوری خەلیل‌بەگ خانی دەرویش ناسراو بە خەندەڕیشە کە بە ڕەچەڵەک لە تایەفەی باریکە و دەگەڕێتەوە بۆ سەر بنەماڵەی ناسراوی موکریان بداق سوڵتان. عەبدول ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بووە و هەر لەو سەروبەندەدا شەوانە لاوانی مەهابادی ئەمنیەتی شەوانەی نێوشاریان بەعۆدە گرتووە کە ئەو یەک لەوان بووە. هەستی نیشتیمان‌پەروەری و خۆشەویستی بەرانبەر هەڵ‌کردنی ئاڵای کوردستان ئەو تازەلاوە بەو قەناعەتە دەگەیەنێ بۆ ئاڵا دەبێ سەدەقە بدا و قوربانیی بۆ بکا، هەر بۆیەشە گایەک دەکرێ و بەرانبەر ئەو عیمارەتەی ئاڵای لەسەر هەڵ کراوە؛ وێرای چەپڵە ڕێزان و بژی کورد و کوردستان گایەکە دەکاتە قوربانی . عەبدول کاڕێژدار بووە، تەنانەت تێئاتری دایکی نیشتیمان لە حەساری کارێژەکەی‌دا پێشان دەدرێ. ئەو لە بنەماڵەیەکی خۆشناو و خاوەن ڕابردوویەکی دوور بووە، خۆشەویستیی بۆ جەنابی پێشەوا قازی لە دووی ڕێبەندان‌دا بە باشی دەر دەکەوێ. لەو کاتەی جەنابی پێشەوا دەیەوێ لە سەکۆ بێتە خوارێ ، کوڕ دەبێتەوە تا جەنابی پێشەوا لاقی لەسەر پشتی دابنێ، کە هەڵبەت پێشەوا ئەم ئیزنە بە خۆی نادا. هەر بەو بۆنەوە جێگای خۆیەتی یادێک لە دایکی ئاڵای کودستان ، دایە فاتمەی مەناف حوسێنی، خێزانی مەرحووم ئاغای کەریم ئەحمەدەین، وەزیری پۆست و تێلگرافی کۆماری کوردستان بکەینەوە کە ئەمساڵ کۆچی دوایی کرد. خاتوونێک کە بە دایکی ئاڵای کوردستان ناسراوە و بە دەست و پەنجە زێرینەکانی ئەو ئاڵایەی چنیوە . ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژێکی پرشنگدار و لەبیرنەکراوە، هەر بۆیە پاش ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و خەباتی شێلگیرانەی حیزبی دێموکرات و قارەمانەتیی هێزی پێشمەرگە، لە ساڵی ١٣٦٣ کۆمیتەی ناوەندی حیزب بریاری دا ئەو ڕۆژە بە ناوی ڕۆژی پێشمەرگە ناو بنرێ. هەر بەو بۆنەوە لە سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٣دا یەکەم ئۆرگانی ٢٦ی سەرماوەز چاپ و بڵاو کراوە . بێ‌شک هێزی لە شکان‌نەهاتووی پێشمەرگە شایەنی زۆر ڕێزگرتنە و ئەو شانازییەش هەر بۆ پێشمەرگە دەگەڕێتەوە کە پارێزەری ئاڵای کوردستان، وەک شکۆ و سیمبولی خەباتی شوناس‌خوازیی کوردە. سڵاو لە پێشمەرگە سڵاو لە شەهیدانی حیزب و گەل دایکی ئاڵا و عەبدول کەرباسی ڕوحیان شاد و یادیان بەخێر بێ.