کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تابڵۆ

23:25 - 2 بەفرانبار 2720

سینگی شەقارشەقاری عەرد

دەلاڵێ بۆ نمەی باران

لە باڵای لەباری هێرۆ

دەهاڵێ هوڕ؛ هوڕی ئاران

ئاسمان تەم و هەوا تۆز و

گێژەڵووکەش تەنوورەی دێو

دار و چێو تینوونە، وشکن

لقی گوڵ و گەڵاش دزێو

بولبول ونە، قەل دەقرێ

داڵ و کەرگەز دەخولێنەوە

چیا ڕووتەن، ڕەوەز وەڕەز

کۆچ‌ماڵە و دڵ دەکولێنەوە

ژەرەژ قاسپەی لێ بڕاوە

سەقڕ وڕە، پەرکوور دینە

شریخەی کاتیۆشا و گرمەی

تۆپ و تەقینەوەی مینە

کۆتر مات و لانەوازن

ڕێوی سازن، قومری قڕن

مامز تەرە، چەقەڵ غولوور

دنیا لێڵە و دڵیش پڕن

کانی کۆرن، کێڵگە ڕەقن

مرۆڤ کوێڵەی درۆ و گزنی

سوژدە دەبا بۆ دەرگانەی

گەڵی، ورگی، مەڕی، بزنی

قەڵا بەندە و شار خامۆشە

سڕن، مڕ و نەزان کە چن

ڕەوە ئاسکێک نادەستەمۆ

بە پێدزە بۆی دەردەچن

ئەنگۆرەیە: مەستین، تاساو

گەشکەین بە بۆنی گڵ و گیا

بەردەم دەشتە تا چاو بڕکا

پاڵپشتمان دوندی چیا

لەبەرقەدی "ڕەندۆڵە"دا

ترووسکەی ئاگرێ دەگڕێ

شنەی گێوژ و داربەڕوو

دڵی بێدەنگی شەو دەبڕێ

لەنێو کۆڕی حەپەساودا

فڕی دەنگی "ب..بابە..با..ب بە"

خنکا دەنگی "حەمە"ی دیسان

بەچاو دەیگوت هەستە، ڕا بە

بە دڵی شکاو، چاو نەترساو

سرک و بەتاو، هەستا سەر پێ

دەستێ بەڕێز لەسەر سینگ و

دەستەکەی‌تر مستی گرێ

دەیگوڕڕاند پڕ بە گەروو

کەچی نەگوێ نە زمانی بوو

کوتکی تانەی دا لە کەللەن

بەزمی لەبۆ خزمانی بوو!

دڵ دارماڵ لە تاسە و هومێد،

هەست، هەستی ئینسانی و نەجیب

بەسۆزەوە دەیخوێندەوە

بۆ گەل سروودی "ئەی رەقیب"!

کپ بوو گەرووی، چاویش پڕ ئاو

غڵدە غڵدی هۆش داگرە

کەبوونە یەک کینە و ئەوین

بە سووتمانە ئەو ئاگرە

من بیلبیلان ئەو لاڵ و کەڕ

جومگەی دەستانی وا گرتم

تەزوو نا، لەرزی شوورەیی

سەراتاپای لەشی داگرتم

شنۆ گەلاوێژی ١٣٨٥