کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە چراخانەکەی بورجی ئیڤێلەوە بۆ شەوانی ئەنگوستەچاوی کوردستان

23:32 - 2 بەفرانبار 2720

کە شۆڕش لە جەنگەی گەرمی خەباتی شاخ‌دا بوو، حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک قەڵایەکی پتەو بەرامبەر بە ھێزی زۆر و بۆری کۆماری ئیسلامی ڕاوەستابوو. چیا و دۆڵەکانی کوردستان جمەی دەھات لە پێشمەرگە و، پێشمەرگە گەورەترین سەروەریی بۆ نیشتمان لە دیرۆکی خەبات و تێکۆشان‌دا تۆمار دەکرد، ئا لەو سەردەمە دژوارەدا پێوەندییە دیپڵۆماسیەکانی ڕێبەری شەھید دوکتۆر قاسملوو لەگەڵ ڕێکخراوە بەشەردۆستەکانی جیهان بە تایبەتی پزیشکانی بێ‌سنوور لە وڵاتی فەرانسە بەرگێکی زێڕینی لەو مێژوویە هەڵدایەوە. ئێستا ئیدی ناوەکانی د.کوشنێر، د. گرانژۆن، د. فرێدریک تیسۆ بۆ گەلی کورد ناوێکی تەواو ئاشنایە. ناوھێنانی ئەو گەورە پزیشکانە دەمان‌خاتەوە بیری ئەو کاتانەی کە ئەوان لە دژوارترین ھەلومەرجی جیهانی و ناوچەیی‌دا لە بواری پزیشکییەوە پشت و پەنای جووڵانەوەی گەلی کورد بوون. بۆیە ھەر کاتێک ناویان دێت زنجیرە ئەڵقەی ئەوە پێوەندییە گەرم‌وگوڕەمان بیر دێتەوە کە کاتی خۆی ڕێبەری شەھیدمان دوکتۆر قاسملوو دروستی کردبوو. بۆ ئەوەی زۆر پزیشک و کادری دەرمانی بێنە کوردستان و لەو ناوچانەی کە شۆڕش نەخۆشخانەی ھەبوو مژووڵی کاری پزیشکی بن، یاخود کۆڵەپشتیی تەژی لە دەرمان بکەنە شان و، شان‌بەشانی پێشمەرگە ژیانی شەوان و ڕۆژانیان چیا و کۆسارەکانی کوردستان بێ . لەو نێوەدا ناوی دوکتۆر "فرێدریک تیسۆ" بەتایبەت ناوێکی ئاشنا و خۆشە لەسەر زاران، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی ئەوکات لە جەنگەی خەباتی شۆڕشگێڕی و شاخ‌دا بوون. پزیشکێکی باریکەڵەی گورج‌وگۆڵ تێکەڵ لەگەڵ بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی شەخسی دکتۆر قاسملووی شەھید. دوکتۆر فرێدریک تیسۆ ئەمەگناسی ڕێبەری شەھیدمان بوو، دوای شەھیدبوونی ڕێبەر د. قاسملووش کەم وا ھەیە لە ساڵڕۆژەکانی شەھیدبوونی‌دا، سەرەڕای وەنێو کەوتنی تەمەن و لە پێ کەوتنی خۆی نەگەیەنێتە پێرلاشێز یان لە کۆڕ و کۆبوونەوە تایبەتییەکانی ئەم بۆنەیەدا بەشدار نەبێ. ئەمەگ و وەفاداریی ئەم کەسایەتییە بیانییە دەخوازێ ھەمیشە بە چاوی گەورەیی و ڕێزەوە لە دکتۆر فرێدریک تیسۆ بڕوانین و خۆشەویستیی سەردەمی شاخمان بۆی ھەبێ.