کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزب بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی

19:02 - 5 بەفرانبار 2720

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەبۆنەی کریسمەس و هاتنی ساڵی نوێی ٢٠٢١ پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و پیرۆزبایی ئەو دوو بۆنەیەی لە مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران و هاونیشتمانییانی دەرەوەی وڵات کردوە.   دەقی پەیامەکە بەم‌جۆرەیە:   بەبۆنەی هاتنی کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە هەموو مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران و هاونیشتمانییەکانم لە دەرەوەی وڵات دەکەم. مەسیحییەکانی کوردستان و ئێران لە کاتێک‌دا کریسمەس و ساڵی نوێی زایینی جێژن دەگرن کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە بارودۆخێکی هەرە سەخت و تاقەت‌پڕووکێن‌دا دەژین. ئابووریی داڕماوی وڵات و لەو سۆنگەیەوە بێکاری و گرانی و هەر وەها پەتای کۆرۆناش ژیانی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران تاڵ کردووە. لەگەڵ ئەوەش‌دا کە سەرکوتی بێ‌بەزییانەی دەزگای داپڵۆسێنەری کۆماری ئیسلامی و بارودۆخی کۆرۆنا بە شێوەی کاتییش بووبێ، پێشی بە بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان گرتووە، بەڵام خەڵکی ئێران سەلماندوویانە کە نەتەوەگەلێکی ماف‌خوازن و بەدڵنیاییەوە لە خەبات و تێکۆشانیان، بۆ دەستەبەری ماف و ئازادییەکانیان بەردەوام دەبن. هیوادارم که‌ ساڵی نوێی زایینی بۆ جیهان به‌گشتی و بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد و ناوچه‌که‌مان به‌تایبه‌تی ساڵێکی ئارام و پڕده‌سکه‌وت بێ و، ئاشتی، ئازادی و دادپه‌روه‌ری زیاتر بەرەو‌ پێش هەنگاو بنێ. هەروەها هیوادارم کە کۆمەڵگەی نێودوڵەتی لەپێناو سەقامگیریی ئازادی و دێموکراسی‌دا زۆرتر سەرنج بە مافە ئینسانی و دێموکراتیکەکانی خەڵکی ئێران بدا. بێگومان خەڵکی ئێران لە ساڵی نوێ‌دا بە هەموو جۆراوجۆرییە ئایینی و نەتەوەییەکان لە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بۆ دەستەبەری مافەکانیان بەردەوام دەبن و ئەمن هیوادارم کە لایەنە سیاسییەکانیش بە یەکیەتیی و یەکڕیزیی خۆیان پاڵپشت و هاندەرێکی باش دەبن بۆ جووڵانەوەی دێموکراتیک و مافخوازانەی خەڵکی ئێران. بە هیوای ساڵێکی خۆش بۆ هەموو لایەک.  

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢٥ی دێسامبری ٢٠٢٠