کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان

17:07 - 24 رێبەندان 2720

حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە پرسی سیاسیی کورد و کوردستان و ناوچە گفتوگۆیان کرد. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ی هەتاوی، بەرامبەری ١١ی فێبریوێری ٢٠٢١ی زایینی، هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەڕێز "بەڵێن عەبدوڵڵا" سکرتێری گشتیی حیزبی زەحمەتکێشان، سەردانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی ڕێبەری حیزب بە سەرۆکایەتیی بەڕێز "خالید عەزیزی" سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێ کرا. لەو دیدارەدا بەڵێن عەبدوڵا سکرتێری گشتی حیزبی زەحمەتکێشان وێڕای بەرز نرخاندنی مێژووی پێوەندییەکانی هەردوو حیزب بە ئاماژەکردن و هەڵسەنگاندنی پرسە سیاسییەکانی ناوچە و هەرێم، مەترسییەکانی سەر ڕێگای بزوتنەوەی کوردستان و هەرێمی کوردستان، خوازیاری ئەوە بوو کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە گشتی و حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تایبەتی بۆ ڕێکخستن و تەبایی نێو ماڵی کوردیی ڕۆڵ و بەرپرسایەتیی نەتەوەیی خۆیان چڕوپڕتر بکەنەوە و بە هەماهەنگی زۆتر کاریگەریی خۆیان بە دیپڵۆماسی لە ئاستی سیاسی و نەتەوەیی دا زیاتر بکەنەوە. دواتر خالید عەزیزی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات وێڕای بەخێرهێنانی هەیئەتی میوان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە تایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان بە بەردەوامی هەم لە هەڵوێست و ڕوانیندا و هەمیش بە کردەوە لەپێناوی یەکڕێزی سیاسیی لەنێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان تێکۆشاون و لەو پێوەندییەدا چالاکتر دەبێ. شایانی باسە شەپۆلی دەسبەسەرکردن و ڕەشبگیرییەکانی چالاکانی مەدەنیی لەو دواییانەدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مژارێکی تری باسەکانی ئەو دیدارە بوو و هەردوو لایەن ڕا و بۆچوونەکانیان هێنایە بەرباس و پێداگرییان کردەوە کە درێژە بە ئەو دیدارانە بدەن. سکرتاریای حیزبی دێموکراتی کوردستان