کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"گەورەدێ"

00:44 - 2 رەشەمه 2720

فیلمی دیجیتاڵیی "گەورەدێ" بەرھەمی فیلمساز و سیناریۆ نووس خاتوو بێری شەڵماشی کە براوەی خەڵاتی زێوینی وڵاتی ھولەندە.  ئەم فیلمە لە سەر بەشێک لە دیرۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان دروست کراوە . خاتوو بێری شەڵماشی ساڵانێکی دوورو و درێژە لەم بوارەدا کار دەکا و ھەوێنی زۆرترین بەرھەمەکانی وەکوو کچێکی بلیمەتی کورد ئەو شوێنە بووە کە لە تەمەنی منداڵی‌ تێیدا گەورە بووە و، ئێستا خاتوو بێری لە ڕێی سێکانسەکانی فیلمەکانی دەیەوێ بگەڕێتەوە ئەو سەردەم و ئەمە باگڕاوندی کارە کەم وێنەکانیەتی. ئەو دەیەوێ ھەستی کوردبوونی خۆی وەکو لاوێک لە ڕێگای فیلم و زوومی کامێرا بە کۆمەڵگەی ئەورووپی نیشان بدا و بڵێ کە شۆڕش بۆ گەیشتن بە ئامانجێکە، بۆیە بەرگرییان لە خۆیان کردووە. شوێنی لەدایک بوونی بیرۆکەی فیلمی "گەورەدێ" ژینگەیەکی تەواو پێشمەرگانەیە. پەروەردەبوونی خاتوو بێری لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگەدا کاریگەریی بەهای لەسەر شێوەی بیرکردنەوەی ھەبووە کە لە تاراوگەش‌دا نەیتوانیوە واز لەو سەردەم بێنێ و خۆشی و تایبەتمەندییەکانی وڵاتی ھولەند نەیتوانیوە لەنێو خۆی‌دا ونی بکا. بۆیە وەک کچە کوردێکی هونەرمەند لەم بوارەدا قۆڵی لێ ھەڵدەماڵێ و ماندووبوونەکانی ئاکامێکی باشی داوە بە دەستەوە . وەک باس کرا پەروەردەبوونی خاتوو بێری لەنێو ئامێزی بنەماڵەیەکی شۆڕشگێڕی وەکو بنەمەڵەی شەڵماشی بە تایبەت کە باوکی -مستەفا شەڵماشی- بۆ خۆی کاراکتەرێکی دیاری نێو بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە، ھەروەھا بیر و ھزرەکانی مامۆستا مەلا ئاوارە -مامی خاتوو بێری- ش بێگومان کاریگەری ھەبووە لە سەر پەروەردەبوونی کە پێدەچێ لە ڕێی خوێندنەوەی مێژووی جووڵانەوەکانی ڕۆژھەڵات ئەم زانیارییانەی وەدەست ھێنابێ یاخود لە ڕێ باوکی بەرێزیەوە کە لەم بوارەدا ڕۆڵی کاک مستەفا بەرز بنرخێندرێ. ئەوەی کە لێرەدا گرینگە و جێی ئاماژە پێکردنەوە لە تاراوگەدا ھەست‌کردن بەو بەرپرسیاریەتییە لە لایەن لاوێکی کورد و گەورەبووی وڵاتێکی وەکو ھولەند کە لە بیری ئەو جووڵانەوەیەدا بووە و ویستوویەتی لە ڕێگای فیلمەوە دیرۆکی جووڵانەوەیەک بە باشی نیشانی گەلانی دیکە بدا و لەم بوارەدا بە ھەوڵ و تێکۆشانەکانی خۆی بتوانێ براوەی خەڵاتێکی گەورە و گرانبەھا بێ وەکو خەڵاتی زێوین. ھەر چەندە لەم ڕێیەدا تووشی زۆر سەختی بووە و نەبوونی ئارشیوێکی دەوڵەمەند ئاستەنگی ھێناوەتە سەر ڕێگای کارەکانی، ھەروەھا مێتۆدی گێڕاونەوەی ڕووداوەکان کە خاتوو بێری دەبوو بە هەستیارییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکات . بێری شەڵماشی[/caption]

ئەو کارەی کە خاتوو بێری وەکوو لاوێک دەستی داوەتێ جگە لەوەی شانازییەکی گەورەیە بۆ خۆی و بنەماڵە بەڕێزەکەی، لە ھەمان کاتیش‌دا شانازییەکی گەورەیە بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان کە مێژوو و پەروەردەکەی لاوێکی وەک خاتوو بێریی هان داوە هەتا بە پێشاندانی بەشێکی گرینگ لە مێژووی حیزبەکەی بە وڵاتانی دەرەوە سەرنجی ئەوان بۆ لای پرسی ڕەوای گەلەکەی ڕابکێشێ. هاوکات ئەم کارەش ئەوەندە هونەری و زانستی بکا کە براوەی خەڵاتی زێوینی ھولەندیش بێت. هەڵبەت خاتوو بێری جگە لە ئەرکی مامۆستایەتی لە زانکۆ لە بەشی سینەمادا بە تەمای بەردەوامی لە کاری بەرهەمهێنانی فیلمە و دەیەوێ فیلمێکی درێژی سینەمایی لەسەر پرسی کورد لە باشووری کوردستان بەرهەم بهێنێ. دەستخۆشی بۆ خاتوو بێری شەڵماشی و ھەمووی ئەوانەی لە ھەر بوارێک‌دا کار دەکەن بۆوەی بتوانن مێژووی پڕ لە شانازیی حیزب و جووڵانەوەکەیان بە شێوەیەکی جوان نیشانی گەلانی جیهان بدەن و ببنە جێی شانازیی گەل و نیشتیمان .