کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێرمحەممەد ئەسپەندار: زۆرم پێ سەیرە جل‌وبەرگ و شتوومەکی من لە مۆزەخانە دادەندرێن بەڵام بۆخۆم پشتگوێ دەخەن

02:48 - 9 رەشەمه 2720

شێرمحەممەد ئەسپەندار یەکێک لە موزیک ژەنە باوناودەنگەکانی ناوچەی سیستان و بلوچستانە کە بە ژەنینی دوو ئامێر (دونلی) بەناوبانگە. مامۆستا شێر محەممەد ئەسپەندار لە ساڵی ١٣١٠ی هەتاوی لە شاری بمپور لە سیستان و بلوچستان لە دایک بووە، لە هەڕەتی لاوەتی دا دەچێتە کەراچی پاکستان و تا ساڵی ١٣٣٧ی هەتاوی لە بواری فێربوونی موزیک دا کار دەکا و دواتر دەگەرێتەوە زێدی لە دایکبوونی و تا ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی ژەنیاری نەی و ئامێرەکانی لە چەشنی قامیش و شمشاڵ جووت قامیش (دونلی) بووە. ئەو لە درێژەی کاری ژەنیاری خۆیدا توانیویەتی دوکتورای ئیفتخاری موسیقی سوننەتی لە وڵاتی فەرانسە و هەروەها دیپلۆم ئیفتخاری ژەنیاری لە ئێران وەر بگرێ و جل‌وبەرگ و پەیکەر و دوو ئامێری (دونلی) ناوبراو، لە موزەخانەی تاران دا وەک یادگاری ڕاگیراون. ئامێری دونلی ، سازێکی بایی و دەگمەنە کە پێک هاتووە لە دوو قامیش، لە ناوچەی سیستان و بلوچستان بە زاراوەی خۆیان پێدەڵێن نێر و مێ، قامیشێ لای ڕاست ٧ کونی هەیە و دەنگە ئەسڵی و ڕەسەنەکە لەو دێتە دەر و قامیشی لای چەپ ٨ کونی هەیە و کاری نۆتی بنەڕەتی واتە پایەی هەیە و تەنیا نۆتی پاش دەنگ دەداتە دەر و قامک و پەنجەکانی دەست لە سەر ئەو هەشت کونە داناندرێن. وەک بۆ خۆی ئاماژەی پێداوە و دەڵێ کە لە پاریزگای سیستان و بلوچستان تەنیا یەک کەس دەیزانی کە ئامێر و سازی دونلی بژەنێ، ئەو کەسەش ساڵی ١٣٩٠ ی هەتاوی بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆی گیانی لە دەست داوە و ئێستا تاقە کەسە کە ئامێری دونلی دەژەنێ. شێر محەممەد ئەسپەندار[/caption] مامۆستا شێرمحەممەد دەڵێ: زۆرم حەز دەکرد کە منداڵەکانم فێری ژەنینی ئامێر و سازی دونلی و ئامێرەکانی دیکە بکەم، بەڵام بە هۆی ئەوە کە ناوچەی سیستان و بلوچستان لە باری ئایینی‌یەوە زۆر پابەندن، منداڵەکانم بۆ فێری ئەو ئامێرە نەکران، بەڵام بە خۆشیەوە توانیوومە کە منداڵەکان وەبەر خوێندن بنێنم و مرۆڤی خوێندەواریان لێ دەر بچێ و هەوڵ دەدەم کە نەوەکانم فێری ئەو ئامێرە و سازەکانی دیکە بکەم. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا مامۆستا شێرمحەممەد بە هۆی بەساڵاچوویی و تووشبوون بە نەخۆشی درێژخایەن وەزعییەتی جەستەیی باش نەبووە و بە هۆی باردۆخی پەتای کۆرۆنا و گرانی و وەزعییەتی بێکاری ئێستا لە ماڵێ خۆیدا ژیان بەسەر دەبا. سەبارەت بەوە کە جل‌وبەرگ و پەیکە و دوو قامیشی دونلی کە لە موزەخانەی تاران داندراون دەڵێ: لە وەزعییەتی ئێستا دا زۆرم پێ سەیرە کە جل‌وبەرگ و شتوومەکی من لە مۆزەخانە دادەندرێن بەڵام وەزعییەتی پێراگەیشتن بە نەخۆشی و مانگانەی من لە لای ئیدارەی میراتی فەرهەنگی پشت گوێ دەخسترێ، دواتر بە هەواڵنێری مێهر دەڵێ کە ئەو بژیوی ژیانی خۆی و ساخی و سەلامەتی خۆی تەنیا لە خوای گەورە دەوێ و مانەوە و ناو و ناوبانگی ئێستای خۆشی هەر لە خوای گەورە دەزانێ، دواتر لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێ ڕەنگ بێ حەقی من لەو دونیایە هەر ئەو ١٨٠ هەزار تمەنە بێ و سەیریش نییە چوونکە هونەرمەندان لە لای کاربەدەستان نەناسراون و کاربەدەستان جارجار بۆ ئەوەی ئیدارەکەی خۆیانی پێ بەرز بکەنەوە هەندێک کار دەکەن، بۆ نموونە لە هەموو ئێران دا تەنیا کەسێک کە دونلی دەژەنێ، شێرمحەممەدە و پشت گوێ خراوە، بەڵام ئامیری دوو قامیش (دونلی) و خانووەکەم بە سەبتی میراتی میللی ناوزەد دەکەن.