کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی خێرای هەشتی مارس لە ئێرانەوە

02:33 - 16 رەشەمه 2720

ئێران زۆر سەیرە. پیاو ناوێرێ ڕستەیەکی لە دەمی دەربچێ، ئەم دادە ئێرانەی دراوسێمان لە خۆی دەکەوێتە گومان و وادەزانێ هەرچی تەپ و توانجە بۆ سەری ئەو کۆ‌کراوەتەوە. ئێمەی ئێرانی تۆزقاڵێکیش حەزمان لە تەپ و توانج نییە و بەردەوام بە ڕستەی ڕاست و ڕەوان هەست و بۆچوونمان دەدەبڕین. لێرەوە پڕ بە دەم هاوار دەکەم ئەی خەڵکینە بڕوا بکەن لەم قسانەم هیچ مەبەستم دادە ئێرانی دراوسێمان نەبوو. زمانم بە بڕین بچێت، خۆ هەر ئەم "دادە ئێرانە" تووشی کێشەیەکی گەورەم دەکا. ئێستا کە لە دەمم دەرچوو و گوتم "دادە"، وا دەزانێ عەرز و عاسمان بەسەر یەکدا ڕووخاوە و من پێم‌وایە ئەو لە خۆم بە تەمەنترە. بڕوا بکەن ئەمەیانم بەئەنقەست نەگوت و تازە لە دەمم دەرپەڕی، دەنا ئێران خانمی دراوسێمان ئەوەندە جوان و ڕێکوپیکە، هەر مەپرسە. خۆ ئەگەر سەیری ئەو ڕوومەت و دەم و لێوەی دەکەی، وادەزانی یەک دنیا تەزریقی لێو و گۆنای کردووە. باسی لووتی هەر مەکە. دەڵێی سەرکەوتووترین پزیشکی جوانکاری بۆی ڕێک‌خستووە. هەموو کچۆڵەی گەڕەکێ و ئەوانەی لە ئارایشگا و دووکانی کوتاڵ‌فرۆشان و پارکەکەی بەرماڵیان دەیبینن، هەزار سوێندیشیان بۆ بخۆی وادەزانن خۆی خستووەتە بەر دەستی پزیشکانی جوانکاری. ئەوە دەمویست باسی شتێکی دیکە بکەم، ئێران خانم ئەویشی لەبری بردمەوە. ئەرێ بۆچی باسی ئێران خانمم کرد؟.... ئەها!  ئەوە باسی "ئێران"م دەکرد. لەبەرخۆمەوە دەمگوت ئەم ئێرانە پان و بەرینە خەڵکێکی سەیر و سەمەرەی ‌تێدایە. زۆر جار لەبەر خۆمەوە بە دەستەواژەی گەلانی ئێران پێدەکەنم. ئەوەندە پێدەکەنم چاوم گوڕ گوڕ ئاویان پێدا دێتە خوار و سک‌ئێشە دەگرم و چرکەمیزەش لەوێ ڕاوەستێ. ئەو ئێرانەی دانیشتووانەکەی پاڵ وە ٩٠ میلیۆن کەس دەدەن، لە ڕوانگەیەکەوە زۆر باشن. ئەویش ئەمەیە لەم هەشتا بۆ نەود میلیۆن کەسە کەسیان بۆ خۆی ناژی. بۆ یەکتریش ناژین. یانی چۆن بڵێـم؟ ئاها دەمهەوێ بڵێم هەرکەس بۆ ئەوەی دیکە دەژی و وا نییە بە هەموویانەوە بۆ یەکتر بژین. ئەم ڕازەیە کردوونی بە گەلانی ئێران. هەڵپەڕکێشیان هەر ئاوایە. کەمتر هەڵدەکەوێ بە ڕێکوپێکی بە یەکەوە هەڵپەڕن. دەسەڵاتداران هەر دژی هەڵپەڕینن و قینیان لە وشەکەش دەبێتەوە و لە جیاتی "هەڵپەڕین" پێی دەڵێن "حرکت موزون". "ئێرانیانی ڕەسەن" ئەم ڕەسەنایەتییەیان لە یەک شتدا کۆبۆتەوە، ئەویش درۆیە. بە درۆش دەژین. بەیانییش یەکەم دەستەواژەی دەبیستن درۆیە. هەر ئێرانییەک کاتێک بۆ لەخەو هەستان بانگ دەکرێ، پێی دەگوترێ "هەستە ئەوە نوێژی نیوەڕۆیە" بە زمانی گەڵەگا دەگوترێ: "بلند شو صلات ظهره". دیارە ئەم ڕستەیەی زمانی کەڵەگا نیوەی ڕاستی هی زمانێکی گەڵەگاترە. مەبەستم "صلاة ظهر"ـه‌کەیەتی. دیارە فارسان خۆیان بە "حەزرەتی عەباس" و "ئیمام عەلی" سوێند دەخۆن کە فارسی شەکەرە. دیارە حەزرەت و ئیمامەکانیش هی خۆیان نین و ئەوانیش بە جۆریک شەکەرن. ئەم درۆیە ئەوەندە بەربەرینە پەلی هاویشتۆتە نێو ژیانەوە، خەڵک لەگەڵ خۆشیان درۆ دەکەن. دەبێ چەندە خۆش بێت خۆت درۆ بکەی و هەر خۆت بڕوای پێ‌بکەی؟ ئەمەی باسی دەکەم چوونکە بڕوام پێیەتی، درۆ نییە. ئێرانییە ڕەسەنەکان هەندێک‌جار تووشی هەڵوێستی ناخۆش دەبن و لەوێدا درۆ و ڕاستی وا تێکەڵ دەبن سەگ سێحەبی خۆی ناناسێتەوە. بۆ نموونە ئەگەر ساڵی کۆچیی مانگی وا بکەوێ ئەمڕۆ ساڵڕۆژی چلەی شه‌هیدکردنی ئیمام حوسێن و بۆ سبەی ئاخرین چوارشەمەی ساڵی کۆچیی هەتاوی بێت (تکایە مانگ و هەتاوتان لێ تێکنەچێ)، ئەم دوو ڕۆژە پێشاندەری ڕەسەنایەتییەکی تەواون. یانی تەواو-کەری یەکترین. تەنیا ئەم ڕۆژە دەتوانێ ڕەسەنایەتیی ئێرانیبوون بەیەکەوە کۆ بکاتەوە. دیارە چەند ڕۆژ پێشتر کاردروستایەتیی ئەم دوو بۆنە پیرۆزە دەکرێ و کەرەستەی تایبەت بۆ هەردوو بۆنەکە ئامادە دەکرێ. من ناوی کەرەستەکان بە تێکەڵی دەڵێم، ئێوە ئەگەر ئێوە پێتان خۆشە بە جیای دابنێن. کەرەستەی ئەم دوو ڕۆژە بریتین لە: دەستەچیلەی ئاگر، شەڵواری سترێتی تەسکی کورت بۆ خانمان، بڵووزی ڕەش‌رەش و کراسی سوور و زەرد و ئاڵاوواڵا، مەقنەعە و ڕووسەریی تاریک و قژی لوول و پەخش و پەرێشانی زەرد و نەرم و زنجیری لە خۆدان و ڤیسکی و بیرە و ئەگەر نەبێت ئارەقی دەست‌ساز و گیتاری ڕۆژئاوایی و دەهۆڵ و نەقارەی تازیەداری. لەگەڵ کاسێت، سی دی یان میمۆریی نەوحەخوێنی مەدداحانی ئەهلی بەیت و "جونێ‌جوونەم"ی لەیلا فروهەر و گۆرانیی تێکەڵەی "بەری‌باخ ئەی بەری باخ"ی مەنسوور. ئەم کەرەستانە بە گوێرەی زەوق و سەلیقەی خێزان و گەڕەکی جیاواز گۆڕانیان بەسەر دادێ. دیارە بەشێک لەم کەرەستانە بۆ ڕۆژی چللەی شەهادەتی ئێمامی دووهەمن و بەشێکیشیان بۆ چوارشەممە سوورین. جیاکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەم دوو بۆنەیە بۆ هەر ئێرانییەکی ڕەسەن وەک ئاوخواردنەوەیە، بەڵام کێشەکە لەمەیان‌دایە، بەکاربەرانی کەرەستەکان لە کاتی زنجیرلێدان و بیستنی دەنگی نەوحە سەرخۆش دەبن و هەڵدەپەڕن و لەکاتی خواردنەوە و بیستنی "بەری‌باخ های بەری‌باخ"یشدا هەر وادەکەن. بەڵام لە بۆنەی یەکەمدا ناوێرن پێبکەنن. ئەگەر ئێوەش پێم پێنەکەنن، لەنێو کەرەستەکانی ئەم دوو بۆنە پیرۆزەوە زۆر خێرا دەڵێم جەژنی هەشتی مارستان پێرۆز بێت.