کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پستە و تۆم‌گوڵەبەڕۆژە و کوولەکەی بەکرێ

06:13 - 30 رەشەمه 2720

پستە و تۆم گوڵەبەڕۆژ و کوولەکە و نۆک و باوی بە‌کرێ دەدەین. سەرەتا واباشترە لەجیاتی پستە و سوێرەمەنی، بە کورتی لە هیپنۆتیزم بدوێین و پاشان بە هەوڵ و قووەتی خوای مەزن و مێهرەبان یان من ئێوە هیپنۆتیزم دەکەم و یان ئێوە یەکتر هیپنۆتیزم دەکەن، یان هەرکەس خۆمان هیپنۆتیزم دەکەین. چ من ئێوە بهیپنۆتیزمێنم و چ ئێوە من بهیپنۆتیزمێنن و چ هەرکەس خۆی بهیپنۆزمێنێ و چ هەر کەسە و ئەوی تەنیشت خۆی بهیپنۆتیزمێنێ، بە هەموو لایەکدا کاری ئێمە جێبەجێ دەبێ. توێژەرانی دەروون‌ناسی لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی زانستیانە فێری هیپنۆتیزم بوونە. ئەو کەسەی کەسی هیپنۆتیزم‌کراو دەڵاوێنێتەوە یان وەک دەڵێن هیپنۆتیزمی دەکا، وای لێ‌دەکا پەیوەندیی لەگەڵ ئەم جیهانە بەرهەستەی ئێستادا ببڕێ و جڵەوی بە تەواوی بکەوێتە دەست ئەو کەسەی دەیلاوێنێتەوە. لە کاتێکدا وا دەردەکەوێ لە ڕواڵەتدا خەوی لێ‌کەوتووە، لە ڕاستیدا لەم جیهانە بەرهەستەی سەردەمی خۆی دابڕاوە. نازانم ئەم چەند دێڕەی لەسەرەوە نووسیومن ڕەشیان بکەمەوە یان هەر ئەوا وازیان لێ ‌بهێنم و بە نێوچەوانی ئەم بابەتەوە بمێنن. بۆیە بەتەما بووم ڕەشی بکەمەوە، بیرم لەوە کردەوە ئێمە یانی ئەو کۆمەڵە نەتەوانەی شتێکی سەیروسەمەرەی بە ناوی ئێرانمان پێک‌هێناوە، لەمێژساڵە هیپنۆتیزم کراوین و بە هیپنۆتیزم‌کراوی ماوینەتەوە و بە قەرایی توورێکی قانگ ئاگامان لە سەردەم و دەوروبەری خۆمان نەماوە. ڕەنگە بڵێن کەسێک شێت نەبێ و عەقڵی نەگۆڕابێ، لە سەدەی بیست‌‌ویەکەم و له سەردەمی ئینترنێت و سەتەلایت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بچووک‌بوونەوەی جیهان و ئەم هەموو زانیارییە، چۆن دەڵێ کۆمەڵێک خەڵک کە ژمارەیان پاڵ وە نزیکەی هەشتا ملیۆن کەس دەدا، بە یەکەوە هیپنۆتیزم کراون؟ بەڵام هیچ بە دووری نازانم کەسێک یان دوو سێ ‌کەس هەموومانیان بە یەکەوە هیپنۆتیزماندبێ. پێم‌خۆشە بە مەیلی من نەبێ و نەهیپنۆتیزمێندرابین، بەڵام: -‌ بەردەوام چاومان لە شاشەی موبایلە و وەک دیلەواران بە زمانی خۆمان و چەندین زمانی دیکە بابەتی سەیر و سەمەرە و گرنگ دەخوێنێنەوە. لەبەر وێنە و ڤیدیۆ و نووسراوی جوراوجۆر دەگرینەوە و دەیانخەینە بەردەقانیی "کلیک" و "سێند" و ڕێتۆڕی کۆمەڵایەتیی دیکە و دوست و هاوڕێ و خزم و کەس و کاریان دەهاڵێنن. لەخۆمان دەفشین و هەمووی وەک زانیاری و کۆکراوەی ڕەنجی ماندووبوونی خۆمان دەناسێنین. بەڵام ئەگەر بێینەوە هۆش و بکەوینەوە سەر حاڵەتی ئاسایی ئەوەی تێیدا بڕ ناکەین زانین و مانینە. - هەر بە "کلیک" و "سێند"ێک دتوانین داوا بکەین گیپە و مریشک و خوراکی سەیر و سەمەرەی و وەک "بیف" و "فینگەر" و "لابستێر" بە "دلیڤەری" بگاتە دەستمان. بەڵام کاتێک خەریکی خواردنین زیاتر حەزمان لە ڕشانەوەیە. -  ئەو کاتەی دەچینە قوتابخانە یان لە زانکۆ بەتەمای نووسینی وتار و بابەتی زانستین یان بەتەماین بەرگری لە زانیارییەکانی چەند ساڵ خوێندنمان بکەین، کۆمەڵێک دەقی ئامادە لە ئینترنێت ڕا دەدزین و بە لیکاوی نەزانی بەیەکتریانەوە دەنووسێنین. بەڵگەی خوێندمانی پێ وەردەگرین، بەڵام لەکاتی دەردانەوەی زانست لە مێشکمانەوە، وەک ئەوە وایە ئەسکوێ لە مەنجەڵی بەتاڵ وەربدەین. -‌ خەباتگێڕی هەر باسی مەکە. ئەویان زۆر سەیر و سەمەرەیە. بۆ وێنە ساڵڕۆژی کۆچی دوایی سەرکردەیەکی سیاسی، هەموومان وێنەی خۆمان بە هێمای یادی ئەو دادەپۆشین و تەنانەت ئەگەر هاوچاخی ئێمە بووبێ و وێنەمان لەگەڵ نەگرتبێ و بۆمان بڵوێ بە فۆتۆشاپ و مۆتۆشاپ شتێکی هەر جێبەجێ دەکەین و بڵاوی دەکەینەوە. بەڵام لە کاتی کردەوەدا وەک کیسەڵ و سەدەفی دەریایی و شەیتانۆکەمان بەسەر دێت. هەتا قەپێلک قایم‌تر بێت، ئاسوودەترین. -‌ زانایەک ناوێرێ لە ترسی ئێمە بمرێ، ئەوەندە پێی هەڵدەڵێن هەر مەپرسە. بەڵام کاتێک ناوی کتێب و نووسراو و بەرهەمەکانی دەبرێت، لەرز و تامان دێتێ نەکا سەبارەت بە دەقەکانی پرسیارمان لێ‌بکرێ. ئەمەیان دنیای نێت و تۆڕ و مۆڕی کۆمەڵایەتی بوو. جا ئەمجارە وەرنە سەیری جیهانی دەرهەست و ڕاستەقینە: -‌ گۆشتی نەرمە هیچ، لە دەستمان نایەت کیلۆ گۆشتێک بە هێسکەوە بکڕێن. بە ڕاوەستان لە نۆرەی کڕینی ئەو هێسکانەی گۆشت‌فرۆش بەکێردی تیژ لستوونیەوە، وەک بزنی بزۆز دە یەکدی هەڵدەقۆچین. - یەک کلیۆ لیمۆی ترش بە ١٩٠ هەزار تمەنە. بۆ ئەوەی ترشایی ئاو نەزێنێتە دەممانە، بیر لەوە دەکەینەوە لیمۆ خڕە یان هێلەکەییە. - کاتێک نەورۆز دێ، گەلی عاباشۆڕ و کۆڕی ئاخوندان دەڵێن نەورۆز جەژنی ئاژەڵە و سەوزبوونی دنیا بە دڵی ئاژەڵی خۆش‌لەوەرە و هی مرۆڤ نییە،  ئێمەش خێرا خێرا تەقتۆقیلە بە خۆماندا دەتەقێنینەوە. بۆ دەرچوون لە هەموو ئەم گێرە کێشەیە و هەڵکێشانی هەناسەیەکی قووڵ و سازگار مزگێنیم پێیە. مزگێنییەکی خۆش کە هەرگیز بیری لێ‌ناکەنەوە. ئەویش ئەمەیە: دوکاندارە سوێرەمەنی فرۆشەکەی سەرشەقامی سەرەکیی دووسێ کوتە کاغەزی جوانی بە جامخانەوە داون و لێی نووسیون: "بە بۆنەی سەری ساڵ و جەژنی نەوروز و بۆ سەر سفرەی حەوسین پستە و سوێرەمەنیی کرێمان هەیە". هەی خەنی لە خۆمان، دەتوانین پستە و تۆم کوولەکە و باوی و سۆیرەمەنییەکانی دیکە هەر کاتژمێریک بە ٥ هەزار تومەن بەکرێ بهێننە ماڵەوە و سفرەی حەوسینی پێ بڕازێنینەوە. ئەگەر میوان زۆر لە ماڵ نەمێننەوە و منداڵان دەست بۆ سوێرەمەنییەکانی سەر سفرە نەبن، وابزانم بە هەرزانی لەسەرمان دەوەستێ. ئەو کوردانەی هیپنۆتیزمی چل ساڵەش نەیگرتوون، بیر لە حەوسینەکەی هێمنی شاعیر دەکەنەوە کە دەڵێ: سەقز و سەردەشت و سنە و سابڵاغی کرد غەرقی خوێن سێی‌تری ویستن، گوتی بۆ سفرە حەوسینم دەوێ