کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆزی لە بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب

14:29 - 2 خاکەلێوه 2721

حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و هاتنەوەی نەورۆز ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی پێک هێنا. لەو ڕێوڕەسمە بەشکۆیەدا کە بەبەشداریی سەدان کەس لە کادر و پێشمەرگەکان و ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزب لە یەکێک لە بنکەکانی دەفتەری سیاسیدا بەڕێوەچوو، سکرتێری گشتیی حیزب وتارێکی پێشکێش کرد. سکرتێری گشتیی حیزب بە ئاماژە بە تێکۆشان و خەباتی خەڵک و حیزبی دێموکرات لە ساڵێکدا کە هەم کۆرۆنا خەڵکی خستووەتە تەنگانەوە و هەم کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی سەرکوتی خۆی بەردەوام بووە، گوتی: "ئێوە و ئێمەش لە دژی کۆماری ئیسلامی کۆڵمان نەداوە و خەبات و تێکۆشانمان درێژەی بووە. ئێوە بەشێوەی خۆتان و ئێمە بەشێوە خۆمان، بەڵام خەبات و تێکۆشانمان لە پێناو مافە نەتەوایەتییەکانمان‌ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و شێوەی تێکۆشانی هەر دوو لامان لە ساڵی ڕابردوودا تەواوکەری یەکتر بووە." کاک خالید عەزیزی هەر لەو بەشە لە قسەکانیدا پێی لەسەر ئەوە داگرتەوە کە: "حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بە لایەنەکانی دیکەی ئێران دەڵێین، پێمان خۆشە بەیەکەوە ئێران ئێدارە بکەین و پێویستە مەسەلەی کورد لە ئێران وەک دەرفەت ببیندرێ، بەڵام دەبێ بە تەوافوق و ڕێککەوتن لەگەڵ یەکتر ئێران ئیدارە بکەین و بەمجۆرە ئێرانی داهاتوو بکەین بە هی هەموو لایەکمان. لە ئێرانی ئێستا و داهاتوودا ئەگەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێ، ئەم وڵاتە ناتوانێ ئارامی و سەقامگیریی هەبێ." سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دی پرسی یەکڕیزیی پتری هێزە سیاسییەکانی بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوە بە گرینگ زانی و ڕایگەیاند: "ئێمە لە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان تەنەخیمان نەکردووە، بەڵام ئەوە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئێمە لە نێوخۆی وڵات و، یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ یەکترە کە دەتوانێ دەستەبەری سەرەکیی سەرکەوتنی خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافەکانمان بێ. بۆیە بۆ جارێکی دیکە داوام ئەوەیە هەموو ئێوە، جیاواز لە هەر ئایین و مەزهەب و زاراوە و ناوچەیەک  کە هەمانە، ساڵی داهاتوو بکەین بە ساڵی یەکڕیزی و یەکیەتی و هاوکاری و هەماهەنگی و هەرەوەزی کوردانە". دوابەشی وتاری نەورۆزیی سکرتێری گشتیی حیزب تەرخان کرابوو بۆ بابەتی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان کە لەو بەشەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاماژەی بە پێشڤەچوون و بەردەوامیی وتووێژەکانی دوو لایەن بۆ ئەو مەبەستە کرد. لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا چەند سروودێک پێشکێش کران و بەشداران بە شایی و شادی و پیرۆزبایی کردن لەگەڵ یەکتر، ساڵی نوێیان دەست پێکرد.