کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی سکرتێری گشتیی حیزب بەبۆنەی جێژنی ڕەمەزان

16:19 - 22 بانەمەڕ 2721

کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی ڕەمەزان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی موسوڵمانی کوردستان کردووە. سکرتێری گشتیی حیزب لەو پەیامەدا تیشکی خستووەتە سەر کە ئەوەی قورسایی پێگەی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران‌ لە گرەوی یه‌کڕیزی‌ حیزبە سیاسییەکان و هاوپێوه‌ندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان‌دایە.   دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە:   خەڵکی موسڵمانان و بڕواداری کوردستان! بەبۆنەی هاتنەوەی جێژنی ڕەمەزان لەلایەن خۆم و بە نوێنەرایەتیی سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان جوانترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەم. هەروەها هیوادارم ڕۆژانی جەژنتان بە شادی و خۆشی تێپەڕ بکەن. خەڵکی کوردستان و ئێران لە هەلومەرجێک‌دا بەرەوپیلی جێژنی ڕەمەزان دەچن کە لە سۆنگەی بەردەوامیی قەیرانی کۆرۆنا و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە بارودۆخێکی زۆر سەخت‌دا دەژین. سامان و سەرچاوە زۆروزەوەندەکانی وڵاتی ئێران لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە لەجیاتی ئەوەی بۆ ئاوەدانی و چارەسەری کێشە و گرفتەکانی خەڵك خەرج بکرێ، دەکرێتە بژیوی سیاسەتی زێدەخوازی، شەڕەنگێزی و قەیرانخوڵقێنی لە ناوچەدا. هەربۆیەشە خەڵکی ئێران ئەگەر لەلایەک لە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون، لەلایەکی دیکەش سفرەی هەژارانەیان ڕۆژ بە ڕۆژ بچووکتر دەبێتەوە ، بێکاری، گرانی و بێدەرەتانی بڕستی لێ بڕیون. لەو بارودۆخەدا کە ڕێژیم بە هەموو نرخ و شێوەیەک مانەوەی خۆی لە بەرزیی دەسەڵات‌دا ‌لە پێشەوەی گشت کێشەکانی کۆمەڵگەدا دادەنێ، خەڵکی کوردستان و گەلانی دیکەی ئێرانیش دەتوانن بە ئیرادەیەکی پتەو و یەکگرتووانە لە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو وەدیهێنانی مافەکانیان بەردەوام بن. بێگومان سه‌رکه‌وتنی خەباتی مافخوازانەی کورد و قورسایی پێگەی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستا و داهاتووی ئێران‌ لە گرەوی یه‌کڕیزی‌ حیزبە سیاسییەکان و هاوپێوه‌ندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی هه‌موو چین و توێژه‌کانی کوردستان‌دایە. بەو هیوایە کە جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان هۆی تەبایی و یارمەتیدەری ئەم لێک‌نیزیکی و هاوپێوەندییە بێت. جارێکی دیکەش جێژنتان پیرۆز.  

خالید عەزیزی

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان

٢ی بانەمەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی