کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داوای بەرپرسانی ئەمریکایی لە جۆ بایدێن بۆ پشتیوانی کردن لە کوردەکانی سووریە لە بەرامبەر تورکیەدا

16:20 - 28 بانەمەڕ 2721

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێک لە کەسایەتیی سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا سەر بە هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکرات لەو وڵاتە، داوایان لە جۆ بایدێن سەرۆککۆماریی ئەمریکا کردوە کە پشتیوانی لە کوردەکانی سووریە بکا و گوشار بخاتە سەر تورکیە و لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریەیان دەربکات. بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار ناوەندێکی ئەمریکایی بە ناوی کۆمیسیۆنی ئازادیی مەزهەبی ئەمریکا کە سەر بە هەر دوو حیزبی کۆماریخواز و دێموکراتە، داواکاری ئەوە بووە کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریە لەلایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە بە فەرمی بناسرێ و ڕێگریی لە کاریگەریی گەمارۆکانی ئەمریکا لە سووریە بۆ سەر کوردەکان بکرێ، و ئەمریکا، تورکیە بخاتە ژێڕ گوشارەوە تا ناوچە ئاڵۆزەکانی باکووری سووریە بەجێ بهێڵن. هەر لەو چوارچێوەیەدا جۆزێف وەتل، بەڕێوەبەری پێشووی فەرماندەیی ناوەندی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە وتوێژێک لەگەل تەلەڤزیۆنێکی کوریدا، جەختی لەسەر پشتیوانی ئەمریکا لە کوردەکانی سووریە کردەوە و وتی: دەوڵەتی ئەمریکا لە شەڕ لەگەڵ داعش خۆی بە قەرزداری کوردەکان دەزانێ و دەڵێ کوردەکان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش و زیاتر لە ١٠هەزار کەس لە هێزەکانی کوردی سووریە لە شەڕ لەگەڵ داعشدا گیانی خۆیان لەدەستدا. جێی ئاماژەیە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا باسی لە سەفەری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانی سووریە کردووە و چاوەڕێ دەکرێ، لەسەر پرسی کورد لەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسانی کورد لە سووریە چاوپێکەوتنیان هەبێ.