کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی مەهابادی لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە

15:19 - 1 جۆزەردان 2721

دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی "سولەیمان کەریم‌پوور و خالید محەممەدزادە" لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. بەپێی هەواڵی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، سولەیمان کەریم پوور و خالید محەمەدزادە، دوو چالاکی خەڵکی شاری مەهاباد، کە کۆتایی هاوینی ساڵی ڕابردوو دەسبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە شاری مەهاباد بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە. بەپێی حوکمی دادگای ئینقلابی ڕێژیم، سولەیمان کەریم پوور سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و دادگای پێداچوونەوە سزاکەی وەک خۆی پشتڕاست کردووەتەوە و ماشێنەکەشی دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها خالید محەممەدزاده سزای یەک ساڵ و ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە کە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکران کەم کراوەتەوە.