کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە دوو مانگی بەهاری ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەری کورد کوژراون یان بریندار بوون

15:31 - 1 جۆزەردان 2721

لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، یان بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی راوەدوونانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژراون یان بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لەو ٣٤ کۆڵبەرە ٨ کەسیان کوژراون و ٢٦ کۆڵبەریش بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پەلاماری گوندی "مولیک"ی ماکۆیان دا و دەستڕێژیان لە کەسێک بە ناوی "ئەحمەد ئارسەن" کرد و کوشتیان. هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە گەڕەکێکی شارۆچکەی ڕەبەت چەند کەسیان داوەتە بەر دەستڕێژ کە لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی "خالید ڕەسووڵی" کوژراوە و کەسێکیش بە ناوی "ئیبراهیم عەلی" بە توندی بریندار بووە. کوژران و برینداربوونی ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووش‌دا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما کوژرابوون یان بریندار ببوون. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لەو ٢٢٦ قوربانییەی دەستی غەدر و تاوان ٨٠ کەسیان کوژرابوون و ١٤٦ کەسیش بریندار بوون. هەروەها ٧ شوانکارە و چۆداریش لە ناوچە سنوورییەکان بەئانقەست لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندرابوو.