کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگەیاندنی ویست و داخوازییەکانی پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ٩ خاڵ‌دا

15:37 - 1 جۆزەردان 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، پەنابەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی UN لە شاری هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانیان بوون. خۆپیشاندانی ئەو پەنابەرانە، پاش خۆسووتاندنی پەنابەرێكی سیاسی كورد بە ناوی "بێهزاد (محەممەد) مەحموودی"، خەڵکی بۆکان لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتتەکان لە هەولێردا بەڕێوە چووە. پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ویست و داخوازییەکانیان لە ٩خاڵدا پۆلێنبەندی کردووە: ١_یەکلاکردنەوەی کەیسی پەناخوازانی سیاسی کە بەپێی یاسایUNHCR دەبێ لە ماوەی نێوان سێ بۆ شەش مانگدا چارەنووسیان یەکلا بکرێت. هەروەها بەڕێکردنی پەنابەرانی سیاسی بۆ وڵاتی سێیەم. ٢_لە یەک جیاکردنەوەی کەیسی پەناخوازان و پەنابەرانی سیاسی لەگەڵ پەناخوازانی کۆمەڵایەتی کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و هاتوچۆی ئێران دەکەن. ٣_درووستکردنی کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەر و پەناخوازانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئەو کاتەی کە دەگوازرێنەوە بۆ وڵاتی سێیەم. ٤_پێداچوونەوە بە میکانیزمی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان و ڕێکخستنی سیستەمێکی دادپەروەرانە بەبێ جیاوازی کە پێوەری دیاریکراوی هەبێت. ٥_چارەسەرکردنی کێشەی فۆرمی خۆراک بۆ ئەو پەنابەرانەی کە ئیقامەی هەرێمی کوردستانیان هەیە، بەڵام لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە بەشە خۆراکیان ڕاگیراوە. ٦_چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەرانی نەخۆش و کەمئەندام ٧_چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیداریی پەنابەران لە دائیرەی نشینگەدا ٨_چارەسەری کێشەی خوێندن بۆ خوێندکاران و قوتابییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دابینکردنی یارمەتی مانگانە بۆیان. ٩_ڕەخساندنی هەلی کار بۆ پەنابەران.