کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٣٤ کۆڵبەر و بەندکرانی ٩٦ چالاکی سیاسی لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا

16:05 - 1 جۆزەردان 2721

کوژران و برینداربوونی ٣٤ کۆڵبەر و بەندکرانی ٩٦ چالاکی سیاسی لە دوو مانگی سەرەتای ساڵدا   (ڕاپۆرتی بەشێک لە پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی دەزگای قەزایی، هێزە چەکدارەکان و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دوو مانگی سەرەتای بەهاری ١٤٠٠ی هەتاوی‌دا) لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، یان بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی راوەدوونانیان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە کوژراون یان بریندار بوون. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لەو ٣٤ کۆڵبەرە ٨ کەسیان کوژراون و ٢٦ کۆڵبەریش بریندار بوون. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پەلاماری گوندی "مولیک"ی ماکۆیان دا  و دەستڕێژیان لە کەسێک بە ناوی "ئەحمەد ئارسەن" کرد و کوشتیان. هەروەها ڕۆژی هەینی ٢٧ی خاکەلێوە هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم لە گەڕەکێکی شارۆچکەی ڕەبەت چەند کەسیان داوەتە بەر دەستڕێژ کە لە ئاکامدا کەسێک بە ناوی "خالید ڕەسووڵی" کوژراوە و کەسێکیش بە ناوی "ئیبراهیم عەلی" بە توندی بریندار بووە. کوژران و برینداربوونی ٣٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ لە حاڵێک‌دایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردووش‌دا ٢٢٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما کوژرابوون یان بریندار ببوون. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لەو ٢٢٦ قوربانییەی دەستی غەدر و تاوان ٨٠ کەسیان کوژرابوون و ١٤٦ کەسیش بریندار بوون. هەروەها ٧ شوانکارە و چۆداریش لە ناوچە سنوورییەکان بەئانقەست لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە درابوونە بەر دەستڕێژ و گیانیان لێ ئەستێندرابوو. هەر لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا ٩٦ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیراون. ژمارەیەک لەوان دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان تا کاتی دادگاییکرانیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و ٢٠ کەس لەوان حوکمی ساڵێ و دوو مانگ هەتا ٤٠ ساڵ (سەرجەم ٢٠٤٩ مانگ، واتە ١٧٠ ساڵ و ٩ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. هەروەها دوو بەندکراوی کورد لە زیندانەکانی ورمێ و کرماشان یەکیان بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و ئەویتریان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندراوە. شایانی باسە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)شدا هەرنەبێ ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسە لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ تا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ زیندان و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو. هەروەها لەو بەندکراوانە سێ کەسیان بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبە سیاسییەکانی دژبەری ڕێژیم سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو و حوکمی ئێعدامی دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لە دادگای تێهەڵچوونەوەدا پشتڕاست کرابۆوە. هەروەها دوو بەندکراوی سیاسیی کوردیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لێ ئەستێندرابوو. هەر لە ماوەی دوو مانگی بەهاری ئەمساڵدا لانیکەم ١٠ بەندکراوی کورد ئێعدام کراون کە بەشی زۆریان بە تۆمەتی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر گیانیان لێ ئەستێدراوە. ئێعدام‌کرانی ١٠ بەندکراوی کورد لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ لەحاڵێک‌دایە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)‌دا لانیکەم ٤٩ بەندکراوی لەدار دابوو کە چوار کەس لەوان بەندیی سیاسی بوون. لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئه‌مساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە ١٠ قوربانیی وەرگرتوە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٤ کەس لەوانی ئاشکرا کردوە. لەو ٤ قوربانییەی تەقینەوەی مین کە ناویان ئاشکرا کراوە دووکەسیان گیانی لەدەست داوە و دوو کەسەکەی دیکەش بریندار و نقوستان بوون. بەردەوامیی تەقینەوەی مین لە کوردستان لە حاڵێک‌دایە کە ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ١٣٩٩دا لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا ببوو. بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان بوون و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو. هەر لە ماوەی دوو مانگی بەهاری ئەمساڵدا دەیان کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار. ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا ناو و ناسناوی لانیکەم ١٠ کرێکاری کوردی  ئاشکرا کردوە بەهۆی جۆراوجۆری وەک سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق‌ گرتوویی گیانیان لە دەست داوە. ژمارەی قوربانییانی ڕووداوی کار لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩ش‌دا زیاتر لە ١٥٠ کەس بووە کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناو و شوناسی ٧٦ کەس لەوانی تۆمار کردبوو. لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ‌دا هەر نەبێ ٥٥ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتووە کە ناوەندی مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوناسی ٣٤ کەس لەوانی تۆمار کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی چاونیوز لە ساڵی ڕابردووشدا لانیکەم ١٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوژییان دابوو‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو بووە و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنابوو.