کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید عەزیزی: مانگرتن و خۆپیشاندان و جموجۆلە مەدەنییەکان بەشێکن لە دەسکەوتی بزووتنەوەی سیاسیی کورد

04:23 - 16 جۆزەردان 2721

دوای ڕاگەیاندنی کۆتایی پلینۆمی ساڵانەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب لە چەند دیمانە و وتووێژێک‌دا لەگەڵ مێدیاکان سیاسەت و خوێندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی بەنیسبەت پرسە سیاسییە ڕۆژەڤەکانی کوردستان شی کردەوە. ئەوەی لێرەدا هاتووە پوختەی دیمانەیەکی بەڕێزیانە لەگەڵ کاناڵی ئاسمانیی NRT. ***   دۆخی سیاسیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخی ئێران بەگشتی باسێکە و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوی ئێراندا بۆخۆی باسێکی دیکەیە. ئەوەی ئێستا لە ئێران پتر سەرنجەکانی لەسەر کۆ بۆتەوە، پرسی هەڵبژاردنەکانە. لە تەنیشت ئەوەش کاریگەریی کۆڕۆنا لەسەر ژیانی خەڵک و هاوکات کۆمەڵێک کێشە و گرفتی ئابووری و کۆمەڵایەتی کە لە سۆنگەی دەسەڵات و مودیرییەتی کۆماری ئیسلامییەوە بەربینگی بە خەڵک گرتووە. بەدەر لەوانە ئەو کێشانەی لەنێو کۆمەڵگەدا هەیە بەجۆرێک هەڵگەڕاونەتەوە و لەنێو دەسەڵاتیشدا کێشەیەکی زۆر لە گۆڕێدا هەیە. هەر لەپێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردن‌دا و ئەوەی کە کۆمەڵە کەسێکی زۆر لە کاربەدەستانی ڕێژیم وەلا دەندرێن و چەند کەسێکی تایبەت پەسند دەکرێن، ئەوەش بۆخۆی کێشەی خستۆتە نێو لایەنەکانی جۆراوجۆری کۆماری ئیسلامی و دامەزراوەکانی کە مێدیای ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتەی بەخۆیەوە خەریک کردووە. لە قووڵایی کۆمەڵگەشدا باسم کرد کە خەڵک و ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکە کە زۆر خەراپ و نالەبارە.   کورد و هەڵبژاردنەکان لە ئێران بە گشتی لە هەڵبژاردنەکانی ئێران‌دا باسێک و وەکوو پرسی کورد بەتایبەتی لە گۆڕێدا نییە. هەڵبژاردنەکانی کۆتایی ئەم مانگە لە ئێران دووانن: یەکیان بۆ سەرکۆمارییە و ئەوی دیکە بۆ شۆڕاکانی شار و گوندە. تا ئەو جێگایەی پێوەندیی بە شۆڕاکانەوە هەیە تەبیعەتەن شتێکی خۆجێییە، خەڵک بە شێوازی جۆڕاوجۆر، بۆچوونی خۆیانیان هەیە، چونکی پێوەندیی هەیە بە شارەکەی خۆیان. بەڵام ئەوەندی پێوەندیی بە سەرۆک‌کۆماریی هەیە، کورد یەکەم بە حوکمی کورد بوون، دووهەم ئەو بەشە لە کورد کە سوونییە لە ڕاستیدا نە دەتوانن خۆیان بەربژێر کەن و نە خۆیان لەوێدا ببیننەوە. بۆیە ئەوە دەکەوێتە خانەی سیاسەتی کەلان. جا بۆیە لە هەر دوو حاڵەتدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد بە گشتی لە ڕەهەندە گشتییە سیاسییەکەدا خۆ لەو باسەدا نابیننەوە. هەڵبەت لە ڕابردووشدا، هەڵبژاردنی جۆراوجۆر لە ئێران بەڕێوە چوون و کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش وەک هێزێکی سیاسیی شوێندانەر، بە تەبیعەتی هەر هەڵبژاردنێک هەڵوێست و بۆچوونی خۆی بووە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا بە لێکدانەوەیەکی بەربەرین و بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونێک کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ ئێمە هاتووە و هەروەها بۆچوونێکی زۆر لە خەڵکی ئێران؛ ئەو هەڵبژاردنە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی جارانی پێشوو زۆر زیاتر موهەندیسی کراوە و زۆر زووتر بڕیار لەسەر ئاکامەکەشی دراوە. بۆیە خەڵک خۆیانی تێدا نابیننەوە و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییە هیچ ڕێگایەکی بۆ نەماوەتەوە جیا لەوەی بە کۆمەڵانی خەڵک بڵێ بەشداری لەو هەڵبژاردنانەدا مەکەن.   حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و شوێندانەرییان لەسەر پرسێکی وەک هەلبژاردنەکان ئەوەی پێوەندیی بە جموجۆڵی سیاسییەوە هەیە دیاردەیەکی مێژوویی و سیاسییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە نیسبەت ئێمەوە، لەو ڕۆژەوە کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزراوە ئەم حیزبە جموجۆڵ و شوێندانەریی خۆی لە کۆمەڵگەدا هەبووە. حیزبی ئێمە کۆماری کوردستانی دامەزراندووە، بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی خەباتی کردووە و بەتایبەت دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و دەست‌پێکردنی قۆناغێکی دیکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی هەمیشە حیزبی ئێمە لە جموجۆڵی سیاسی، تەشکیلاتی، دیپلۆماسی و بۆ جەماوری کردنی خەبات لە مەیداندا بووە. ئەوەی ئێستا بەرهەستە جموجۆڵێکە و هەوڵی هەموو حیزبەکان بەتایبەتی لە ناوەندی هاوکاری -کە حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لەو ناوەندەدا ئەندامە- ئەوەیە کە چۆن تێ بکۆشین بۆ جارێکی دیکە لە پرسی هەڵبژاردنەکاندا یارمەتیدەری تێگەیشتن و هەڵوێستێکی گشتی و تێکڕا بین لە دژی کۆماری ئیسلامی. بۆ ئەو بابەتە تایبەتەش هەوڵەکە ئەوەیە کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەمتر بەشداری هەڵبژاردنەکان بن.   ڕوانگەی حیزبی دێموکرات لەسەر هەڵبژاردنەکانی جۆزەردان حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو هەڵبژاردنە هیچی بۆ کورد و بۆ دێموکراسی و بۆ مافی کۆمەڵانی خەڵک پێ نییە. ئەم هەڵبژاردنانە لەلایەن ڕێبەری ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ مەبەستی تایبەت مودیرییەت و ئەندازیاری کراوە و ئاکامەکشی لە ئیستاوە دیارە و بەرچاوە. چونکی ئەو کەسانەی وەک بەربژێر بە خەڵک ناسێندراون هەتا دەنگیان پێ بدەن، لەپێشدا دەنگی متمانەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامییان پێدراوە. واتە لەسەر بڕیاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کراون بە بەربژێر و چەند کەس لەوانیش بۆیە هێندراون هەتا بە ڕواڵەت کەشێکی ڕەقابەتییان دروست کردبێ. بۆوەی هەرکام لە پاڵێوراوان قسەیەکیان هەبێ و بەجۆرێک ڕەوتەکە بەرنە پێشێ کە ڕۆژی هەڵبژاردن بڕێک گەرموگوڕی بە پڕۆژەکەیانەوە دیار بێ و خەڵکێکی پێ بکێشنە سەر سندووقەکانی دەنگدان. بن. ئاکامی هەڵبژاردنەکان لە ئێستاوە دیارە و هەر کەس لەو کۆمەڵە ٧ کەسییەی بەربژێر کراون ببێتە سەرکۆمار، هەر لە چوارچێوی سیاسەتەکانی عەلی خامنەیی‌دا دەچێتە پێشێ.   پێگە و شوێنی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەسەر ڕووداوەکان یەکەم ئەو حیزبانە جیاوازن و هەرکام ڕابردووی خۆی و، ڕەنگبێ لە زۆر بابەتدا بۆچوونی جیاوازی خۆشیان هەبێ. بەڵام ئەوەندەی پێوەندیی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە هەیە، لە ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا زۆر کاری گەورەی کردووە. ئەم حیزبە یارمەتیی بە زۆر فەرهەنگ‌سازی کردووە، یارمەتیی بەوە کردووە خەباتی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گەشەدا بێ، یارمەتی بەوە داوە خەڵک لە بواری سیاسی، لە بواری جۆراوجۆری مەدەنی و جەماوەریدا بێ‌تەفاوەت نەبەن و بۆ پرسە سیاسی و نەتەوەیی و مەدەنییەکانی کۆمەڵگە لەسەر خەت بن و کۆڕوکۆمەڵ دروست کەن. لە هەمان کاتیشدا حیزبی دێموکرات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەوڵێ داوە پرسی کورد لە بواری جۆراوجۆردا بێنێتە گۆڕی. دەکرێ بڵێین بە گشتی ئێمە لە پێوەندییەکانمان لەگەڵ ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامیدا کە پێوەندیی باشیشمان لەگەڵ هەموویان هەیە، هەوڵ دەدەین لەگەڵیان ڕێک کەوین و لەو ڕێککەوتنەدا، بە یەکەوە بتوانین کار بۆ داهاتووی ئێران بکەین. بگەین بە سازانێک کە ئێران بەجۆرێک، ئیدارە بکرێ و دێموکراسیی بەجۆرێک تێدا نەهادینە بکرێ کە کوردیش وەکو هەموو نەتەوەکان لەو چوارچیوەیەدا بە مافەکانی خۆی بگا. حیزبی دێموکرات بە درێژایی ژیانی سیاسیی خۆی، هەوڵی داوە لە دەرفەتەکان کەڵک وەرگرێ، هەوڵی داوە لەسەر خەت بێ، هەوڵی داوە پێوەندیی جەماوەریی خۆی کە لەسەر ئەساسی ئەوە دامەزراوە، بەهێزتر بکا. ئەگەر بە ڕاشکاوی بڵێم لە ڕووداوی مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات‌دا دوای چوار ڕۆژ لەسەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە بۆ مانگرتن و مانەوە لە ماڵەوەدا، بینیمان خەڵک لە ماڵەکانیان مانەوە و ئەو ڕووداوە بوو بە ئیعتڕازێکی جیدی لەسەر کۆماری ئیسلامی. بۆیە پێوەندیی حیزبە کوردییەکان بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵانی خەک بەربەینە و حیزبی دێموکرات ڕیشەی قووڵی لەو کۆمەڵگەیەدا هەیە و خەڵک بە سامانی مەعنەویی خۆیانی دەزانن.   دەسکەوتی ناڕەزایەتی و مانگرتن و بایکۆتەکان لە کوردستان ئێمە دەبێ زۆر بەبایەخەوە بۆ مانگرتن، ناڕەزایەتی‌دەربرین و خۆپیشاندانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕوانین. ئەو جموجۆڵ و کردەوە و دژکردەوانە ئەوە دەگەیەنێ کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای دەسەڵاتی میلیتاریستیی موتڵەقی کۆماری ئیسلامی، بەڵام خەبات و تێکۆشان و هەوڵدان بۆ دەستەبەری ماف لە گۆڕیدا هەیە. دەسکەوتەکان دەبێ لەو خانەیەدا ببیندرێ کە سەرەڕای سەرکوت و زەبروزەنگ بەڵام ئەو میللەتە کۆڵ نادا. دەسکەوتی دووهەمی مانگرتن و بایکۆت و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان ئەوە بووە کە خەڵک و حیزب و کۆمەڵگ لەهەوڵ‌دایە بە شێوازی جۆراوجۆر خۆی ڕێک بخا و لە هەل و بەستێنە جۆراوجۆرەکان کەڵک وەرگرێ. دەستکەوتی دیکەشی ئەوە بووە کە عەقڵییەتی کۆڕوکۆمەڵ دروست‌کردن کە لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیدا قەدەغەیە، بەڵام دەبینین ئەم دیاردەیە لە کوردستان بە خۆشییەوە لە پەرەئەستاندن‌دایە. ئەمە دەسکەوتە کە هەوڵی کۆڕوکۆمەڵی پێوەندیدار بە پرسەکانی ژینگەپارێزی، ئەدەبی، فەرهەنگی و هەوڵدان لەپێناو بایەخدان بە زمانی کوردی لە هەموو ناوچەکانی کوردستان هەم زیاتر و هەم لێک نیزیکتر دەبێ. ئەمانە کاتێک پتر دەبن بە دەسکەوت کە دەبینین کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی ڕەهای نیزامی و ئەمنیەتیی بەسەر کوردستان‌دا سەپاندووە، بۆیە بەڕێوەبردنی ئەو ئەرک و مەئموورییەتانە کارێکی ئاسان نییە و، بەداخەوە تێچووی قورسیشی بۆ بزووتنەوەی سیاسی و مەدەنیی کورد بووە.   پێگەی پرسی کورد لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان‌دا تا ئێستا بەداخەوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لایەنەکانی ئورووپایی و ئەمریکایی کە ڕەخنە لە ئێران دەگرن، گلەیی و گازندەیان هەر لە سیاسەتەکانی ئێرانە. ئەوان خۆیان زۆر بە کێشەیکێشەی ئەتۆمی بەرجامەوە سەرقاڵ کردووە. ئەوان زۆرتر بە دوای ئەوەدا دەڕۆن کە کۆماری ئیسلامی پتر تێکەڵ بە ڕێوشوێن و پلاتفۆڕمێک بکەن کە ڕێز لە قانوون و یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێ. کەمتر پرسی دێموکراسیی نێوخۆیی و مافی خەڵکی ئێران لە پڕۆژەکانی ئەوان‌دایە. لەگەڵ ئەوەشدا بە لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی تێکۆشانی خەڵک و، خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو دروشم و بۆچوونانەی کە ئێمە هەمانە، هەروەها سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەخۆشییەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تێگەیشتنێک لە حیزبی دێموکرات و خەباتەکەی لای ئەو لایەنانە دروست بووە. ئێمە توانیومانە لەو بوارەدا ڕوخسارێکی جێگای متمانە و بەئیعتیبار لە خۆمان دروست بکەین. بەڵام ئەوەی کە چەندە ببین بە فاکتۆرێک لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان لە دژی کۆماری ئیسلامیدا، ئەوە پێویستیی بە یەکڕیزی هەیە و ڕێککەوتنی هەموومان لەسەر میکانیزمێک هەیە کە پرسی کورد بە یەکگرتوویی لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا بێتە گۆڕێ. ئێمە پێوەندییمان لەگەڵ زۆر لایەن هەیە و هەوڵ دەدەین پێوەندییەکانمان باشتر و بەربڵاوتریش بن. ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو بۆچوونە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا جێ بخەین و لە هەموو دەرفەتێکدا پێیان دەڵێین، کە ئێوە ئەگەر بیر لە داهاتووی ئێران دەکەنەوە بە هەر شێوەیەک ئەگەر مەسەلەی کورد چارەسەر نەبێ، ئارامی، ئەمنییەت و ئاسایش لە ئێراندا جێگیر نابێ. بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە بەرژەوەندیی کورد و پرسی کورد لەو وڵاتە لە پێوەندی و بەرنامەکانی خۆیان لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا لەبەرچاو بگرێ.