کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پزیشکێکی گەلدۆست و دڵسۆز لە شاری مەهاباد

04:41 - 20 جۆزەردان 2721

دوکتور سەلاحەدین ئیسلامی، پزیشکی گەڵدۆست و دڵسۆزی شاری مەهاباد ماڵاوایی لە ژیان کرد. بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ۱۸ی جۆزەردانی ۱٤۰۰ی هەتاوی، دوکتور سەلاحەدین ئیسلامی پزیشکی خەمخۆر و جێگای متمانەکەی خەڵکی شاری مەهاباد و دەوروبەری بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد. دوکتور سەلاحەدین ئیسلامی یەکێک لە پزیشکە خاوەن بڕواکانی گەلەکەمان بوو کە هەتا دوایین هەناسەی ژیانی، وەفادار بەو سوێندە مایەوە کە لە کاتی وەرگرتنی بڕوانامەی پزیشکی خواردبووی. هەر لەو سۆنگەیەوە، وەک پزیشکێک هەوڵیداوە لە تەواوی ماوەی کارکردنیدا، لەوپەڕی خاکەڕایی و گەلدۆستیدا بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بەتایبەتی تۆێژی کەم داهات و بێدەرەتانی کوردستاندا بکا. ناوبراو وێڕای بەربەرەکانی لەگەڵ گوشار و بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ خوێندنی پزیشکی، لێبڕاوانە قۆڵی هیممەتی هەڵماڵی و بوو بە پزیشکێکی گەڵیی و بێوچان خزمەتی نیشتمان و گەلە چەوساوەکەی کردووە. جێی ئاماژەیە کە دوکتور سەلاح برا بچووکی کاک سوورە( محەممەد) ئیسلامی، یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێی شاری مەهاباد بوو . ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی بەرێزی دوکتور سەلاحەدین ئیسلامی و کەسوکارییان و سەرجەم خەڵکی شاری مەهاباد و دەوروبەری دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.