کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نۆروێژ

16:33 - 29 جۆزەردان 2721

بە بەشداڕی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەند ڕێکخراو و لایەنێکی دیکەی سیاسیی ئێران و کوردستان، خۆپێشاندانێک لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو. بە مەبەستی زیاتر شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی و لەقاودانی شانۆی هەڵبژاردن و پشتیوانی لە گەلانی وەزاڵەهاتوویی ئێران، رۆژی هەینی رێکەوتی ۲۸ی جۆزەردانی ۱٤۰۰ی هەتاوی،بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردان و ئێرانییەکانی دانیشتوویی وڵاتی نۆڕوێژ، بە دروشمی " نا بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵێ بۆ رووخانی رێژیم"، خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری ئۆسڵۆ بەڕێوە چوو. ئەم خۆپێشاندانە بە ساتێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای ئازادی دەستی پێ کرد. دواتر لە لایەن هەر دوو بەڕێوبەری بەرنامەکە، بەڕێزان "خوسرەو قادری" و "مریەم سوڵتانی" بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی بەخێرهاتنی بەشداران کرا و کورتەیەک لەسەر نمایشی ئەوجارەی هەڵبژاردن و بایکۆتی بەربەرینی خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران پێشکەش کرا. کۆمەڵێک لە حیزب و رێکخراوی کوردستانی، نۆروێژی و ئێرانی بەو بۆنەوە پەیامیان پێشکەش کرد کە بریتی بوون لە : ـ پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی ـ پەیامی حیزبی کاری نۆروێژ ـ پەیامی حیزبی سۆسیالیستی چەپی نۆڕوێژ ـ پەیامی ناوەنی "دەنگی خەڵکانی ئێران" ـ پەیامی حیزبی چەپی ئێران ـ پەیامی حیزبی دێموکرات مەسیحی ئێران ـ پەیامی کۆمیتەی هاوپێوەندی بۆ مافی مرۆڤی ئێران- نۆروێژ ـ پەیامی سازمانی فەدائیانی خەڵق ـ پەیامی رێکخراوی کوردی ـ نۆروێژی هاوپێوەندی لەگەڵ کوردستان ـ پەیامی فێدراسیۆنی زندانیانی سیاسیی کوردستان نێوئاخنی ئەو خۆپێشاندانە، گوتنەوەی دروشمی جۆراجور دژ بە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بایکۆتی هەڵبژاردن بە هەر سێ زمانی کوردی، فارسی و نۆروێژی و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆرشگێری بوو. پێویست بە ئاماژە کردنە کە ئەو خۆپێشاندانە لە لایەن کۆمیتەی نۆروێژی ٩ حیزب و رێکخراو رێک خرابوو.