کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیکەی ٤٠ لەسەدی بێکارانی کرماشان لە دەرچووانی زانکۆکانن

11:58 - 24 بانەمەڕ 2724

بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان، بە ئاماژەدان بە بەرزیی ڕێژەی بێکاری لەنێو دەرچووانی زانکۆ، وتوویەتی، ٨٠ لەسەدی  دەرچووانی زانکۆ لێهاتووییان نییە.

موختار ئەحمەدی بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی پارێزگای کرماشان ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕ ڕایگەیاند کە بەپێی دوایین داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران بە پشتبەستن بە گەڵاڵەی هێزی کار، ٢٨٢ هەزار و ٧٢ کرێکاری بێکار لەو پارێزگایە بوونیان هەیە.

ئەحمەدی باسی لەوە کردووە ٢٠ لەسەدی دەرچووانی خاوەن بڕاونامەی کاردانی بێکارن، کە بە ڕێژەی  ٢.٢ لەسەد لە نێونجی ئێرانە و هەروەها ڕایگەیاند کە نزیکەی ٤٠ لەسەدی بێکارانی کرماشان لە دەرچووانی زانکۆ پێک دێت.

ناوبراو وتوویەتی لە ساڵی ١٤٠١دا ڕێژەی بێکاری لە ئێراندا ١٢.٩ لەسەد بووە، لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاریی کرماشان ١٤.٢ لەسەد بووە، هەروەها ژمارەی دەرچووانی زانکۆش ٢٣.١ لەسەد بووە، کە ئەمە کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی ئەو پارێزگایە نیشان دەدات.

بەپێی نوێترین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، لە پاییزی ئەمساڵدا ٤٢.٨ لەسەدی بێکاران لە ئاستی ئێران، لە دەرچووانی زانکۆکان پێک هاتووە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارە و بەڵگەکان ئاشکرایە کە بێکاربوونی حەشیمەتێک کە ئامادەی کارن، بووەتە قەیران، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆر لە خوێندکاران و دەرچووانی زانکۆ ناچار بوونە ئێران بەجێ بهێڵن.