کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین بەرهەمی پێشمەرگەیەکی لاو چاپ و بڵاو کرایەوە

12:41 - 24 بانەمەڕ 2724

چیرۆکی "ز" لە نووسینی پێشمەرگەی لاوی حیزبی دێموکرات، سینا خەلیلی، چاپ و بڵاو کرایەوە.

ئەم چیرۆکە باس لە ژیانی دانیشتووانی شارێک دەکات کە توانای مانەوە و دروستکردنی ژینگە و ژیانی خۆیان نییە. چیرۆکەکە لە زمانی کچێکەوە نووسراوە و نووسەر هەوڵی داوە بابەتەکانی کۆچ و دیلبوون لەم چیرۆکەدا بەرجستە بکاتەوە.

بابەتی سەرنجڕاکێشی ئەم چیرۆکە ئەوەیە کە شوێن و ساڵ و هیچ ناوونیشانێکی ڕوون نییە و تەنانەت ناوی کاراکتەرەکانیش لە پیتەکاندا کورت بووەتەوە.

چیرۆکێکی تەم و مژاوی و ئاڵۆزە کە باس لە دەروونی نائارامی کاراکتەری سەرەکیی چیرۆکەکە دەکات و دیزانی بەرگەکەی لەلایەن شاهۆ ئەحمەدییەوە کراوە.

سینا خەلیلی لاوی تەمەن ٢٣ ساڵی خەڵکی مەهابادە کە لە ساڵی ٩٩ی هەتاوییەوە تێکەڵ بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران بووە.

سینا خەلیلی لەمبارەوە بە کوردستان میدیای وت: "ئەم کارە یەکەم بەرهەمی منە، بە واتایەکی تر بەرهەمی ئەم دۆخە قورس و گرانەیە کە تێیداین. ئەوەی بۆ من گرینگ بوو و ببووە کێشەیەکی فکری لام، مامەڵەی تاکی خۆرهەڵات لەگەڵ خاک و نیشتمانی خۆی و جیهانی دەرەوەی خۆیەتی، واتا نیشتمانی خۆی بە دۆزەخ و وڵاتە ئورووپاییەکانیش وەک بەهەشت سەیر دەکات و هەموو ڕێگەکان دەبڕێ و دەست بۆ هەموو شتێک دەبات بۆ گەیشتن بە وڵاتە ئورووپاییەکان. لێرەوە من بەپێی بۆچوون و دونیابینیی خۆم تیشکم خستووەتە سەر هۆکارەکانی ئەم نەفرەتەی تاکی خۆرهەڵات لە خاکی خۆی و خۆشەویستیی بۆ وڵاتانی بێگانە. لەم چیرۆکەدا کۆمەڵێک بابەتی تریشم باس کردووە و هەوڵم داوە ئەم جیهانە لە چاوی کچێکی ٣٦ ساڵەی بەندکراوەوە ببینم."